”سیستمی نەتەوە-دەوڵەت لە ڕێکخستنی ژنان دەترسێت”

ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤ-دەم دەڵێت: ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەیەکی نوێی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتییان دروستکردووە، هەروەها سیستمی نەتەوە-دەوڵەتی لە ڕێکخستنی ژنان دەترسێت.

نەغم چاچان

قامیشلۆ- لە ناو ئەو شەڕ و سەختی و گۆڕانکارییانەی لە سووریا ڕوودەدەن، ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک یەکێک لە بەرهەمە هەرە دیارەکانی ساڵانی شۆڕش سەریهەڵدا، ژنان توانیان ساڵانی بێبەشبوون بەجێبهێڵن و نموونەیەکی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی یەکگرتوو بونیاد بنێن، جگە لەوەش بوونی ژنان وەک هاوبەشی بنەڕەتی لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا جێگیر بوو، ڕۆڵیان لە پێگەیەکی لاوازەوە گۆڕا بۆ هێزێکی چالاک.

 

ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک ”تەڤ-دەم” لەبارەی نموونەی ڕێکخستنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

ڕەمزیە محەمەد سەرنجی بۆ گرنگی ڕێکخستنی ژنان ڕاکێشا و وتارەکەی بەم شێوەیە دەستپێکرد: لە دامەزراندنی تەڤگەری پەکەکەوە تا ئەمڕۆ، خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بە گشتی بەردەوام بووە، ئەو ژنانەی کە ڕێکخراون دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، پەرە بە کەسایەتییەکانیان بدەن، زانست بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بونیاد بنێن و ئامادەییان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەرببڕن.

 

”ژنان بوونە بڕیاردەر لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا”

ڕەمزیە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار هەنگاوێکی گەورە بووە بۆ هەموو ژنان و وتی: خۆبەڕێوبەری دەرفەتی زۆری بۆ ئەو ژنانە ڕەخساندووە کە دەیانەوێت خۆیان پەرەپێبدەن و بوونییان بسەلمێنن، یەکێک لەو دەرفەتانە ”سیستەمی هاوسەرۆکایەتی” بوو کە تێیدا ژنان بوونە بڕیاردەر و بوونییان بۆ جیهان سەلماند، شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ژنان خۆیان ڕێکبخەن و مافەکانیان دەستەبەر بکەن، کۆنگرەی ستار بوو بە شوێنی هێز و ڕێکخستن و متمانە و هەنگاوی یەکەم بۆ هەموو ژنانی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و سووریا.

 

”ڕژێمی بەعس هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ژنان”

ڕەمزیە محەمەد ڕوونیکردەوە، کە تێچووی ئەم ڕێکخراوە زۆر زۆر بووە و وتی: پێویستی بە ڕێکخستنی ژنان هەبوو، ژنانیش باجێکی زۆر زۆریان بۆ ئەمە دەدا، ڕژێمی بەعسیش هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ئەو ژنانەی کە شەڕیان دەکرد و خۆیان ڕێکدەخست، ڕژێم زیندانی دەکردن، بەڵام هەرگیز نەیدەتوانی دەسەڵاتی ژنانی ڕێکخراو بشکێنێت، تەنانەت دوای ئەوەی ژنان لە زیندان ئازاد بوون، درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانیان دا، سیستمی نەتەوە-دەوڵەت لە ڕێکخستنی ژنان دەترسێت، بۆیە بەردەوام هێرش دەکاتە سەریان.

 

”خەباتی ژنان تا ئەمڕۆش بەردەوامە”

ڕەمزیە محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە نوخبەی دەسەڵاتدار لە هەموو بوارەکاندا ژن قبوڵ ناکات و وتی: خەباتی ئێمە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، سیستمە دەسەڵاتدارەکان ڕەچاوی ژنان ناکەن و نایانەوێت ژنان کار بکەن، هەروەها مافی ژنان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر ناکەن، لەم جۆرە سیستمانەدا ژنان ناتوانن بەشداری بوارەکانی سیاسەت و بڕیاردان بکەن، چونکە سیستەمێکی ئایینی بەڕێوەدەبەن و تەنها ماڵ وەک شوێنێک بۆ ژنان دەبینن.

 

”ژن دەسەڵات و ئامادەبوون و ئیرادەی هەیە”

ڕەمزیە محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو ژنانی سووریا کرد، کە خەباتییان بەهێزتر بکەن و وتی: ئەو ژنانەی لە ماڵەوە بە ڕەوشتی باشەوە منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، بە دڵنیاییەوە لە بوارەکانی سیاسەت و ئیدارەدا کارێکی باشیان دەبێت، سیستەمی دەسەڵات دەیەوێت جارێکی دیکە ژنان لە ناوچوون نەهێڵن، بەڵام ئەو ژنانەی کە دەسەڵاتیان هەیە، بوونیان هەیە و ناتوانن درێژە بە خەباتییان بدەن لە دژی ئەم سیستەمانە، بەهۆی ئەم کردارانە و ئەقڵیەتی ئێستا، مەترسییەکی گەورە لەسەر ڕێکخستنی ژنان هەیە، هەموو ژنانی جیهان پێویستیان بە دەربڕینی ئیرادەییان هەیە بە هەڵوێست وەرگرتن لە دژی ئەم سیاسەتە