سیاسەتی پەراوێزخستن لە بەلوچستان مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست کردووە

دۆخی ناوچەی ڕاسک ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی سیستماتیکی پەراوێزخستن و بێبەشکردنە کە کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلان و نەتەوەکان بە تایبەتی لە بەلوچستاندا پراکتیزەی دەکات، ئەم سیاسەتە بریتییە لە لاوازکردنی ژێرخانی و دانانی بەرپرسانی ئەمنی.

ناوەندی هەواڵ

 

دانانی بەرپرسانی ئەمنی بۆ تۆڕی تەندروستی ڕاسک سەرەڕای تۆمارە نەرێنییەکانی، شەپۆلێکی ناڕەزای و نیگەرانی لێکەوتووەتەوە، چونکە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بە بڕیاری ئەمنی بەڕێوەدەبرێن کە پێداویستییەکانی دانیشتوان لەبەرچاو ناگرن.

 

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە گەلان و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران لەسەر بنەمای بێبەشکردنی بە ئەنقەست، کۆنترۆڵی ئەمنیەتی و پەراوێزخستنە، ئەم سیاسەتە لە بەلوچستان بە چڕتر جێبەجێ دەکرێت و لە ژێرخانی تەندروستی لاواز و دانانی بەڕێوەبەرانی سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکان و نەهێشتنی هێزە ناوخۆییەکان بە ڕوونی دیارە، ئەم ڕێبازە هەژاری قوڵتر دەکاتەوە و متمانەی گشتی تێکدەدات و هەڵاواردنی پێکهاتەی لە دژی گەلێک کە هەمیشە پەراوێزخراوە بەرهەم دەهێنێتەوە.

 

بەپێی هەڵمەتێکی چالاکوانانی بەلووچەکان، شاری ڕاسک لە سیستان و بەلوچستان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسە، تەنانەت لە سەرەتاییترین دامەزراوە پزیشکی و تەندروستییەکانیش بێبەشە، نەخۆشخانەی ناوچەی ڕاسک کە کەمترین ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەی بۆ هەر تاکێک لە وڵاتدا هەیە و کەمی پزیشکی پسپۆڕ و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی پێویست، ئەو بێبەشییەی ئەوپەڕی بەردەم ئەم هەرێمە نیشان دەدات، زۆرجار نەخۆشەکان ناچار دەبن بۆ چارەسەری سەرەتایی گەشت بکەن بۆ شارە دوورەکان.

 

لەم هەلومەرجەدا، قەیرانەکە بە خراپی بەڕێوەبردن و بڕیارە سیاسی و ئەمنییەکان گەورەتر بووە، سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەندامێکی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان کە پێشتر بەهۆی نەبوونی کار و گەندەڵی دارایی و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کارمەندانی پزیشکی لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە، دووبارە وەک بەرپرسی تۆڕی تەندروستی ڕاسک دەستنیشانکرایەوە، بە هەڕەشەکردن و دەرکردنی کارمەندانی ناوخۆیی و ئەنجامدانی سەرپێچی بەڕێوبردن و تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر فەرمانبەران ناسرابوو.

 

گەڕانەوەی بۆ تۆڕی تەندروستی شەپۆلێکی ناڕەزای و نیگەرانی لای کارمەندان و دانیشتوانی ناوچەکەی لێکەوتەوە، زۆر کەس پێیان وایە ئەم دامەزراندنە بڕیارێک نەبووە کە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە دراوە، بەڵکو لە ئەنجامی فشاری دەزگا ئەمنییەکان بووە.

 

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕاگری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێرانشهار ئاگاداری ئەو پێشێلکارییە بەربڵاوانەی بەرپرسی تۆڕی تەندروستی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەی دەستبەکاربوونی بەردەوام بوو، ئەم کەیسە پرسیاری ڕاستی لەبارەی ڕۆڵ و کاریگەری دامەزراوە ناپزیشکییەکان لە بەڕێوەبردنی تەندروستی لە ناوچە بێبەشەکاندا وروژاندووە.

 

ئەوەی لە ڕاسک ڕوویدا، تەنها قەیرانی بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی پێکهاتەی بێبەشکردنی ئامانجدارە، کە وابەستەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بە ئامێری ئەمنی و ڕێگریکردن لە گەشەکردن و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ڕەسەن، بەڵام بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نەک هەر مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی کۆچی زۆرەملێی کارمەندانی ڕەسەن و قوڵبوونەوەی هەژاری و ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی و فراوانکردنی کەلێنی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت.

 

سیاسەتی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە گەلان و نەتەوە نیشتەجێیەکان

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەسەڵاتی خۆیەوە سیاسەتێکی ناوەندگەرای و سیستماتیکی بەرامبەر بە گەلان و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران پەیڕەو کردووە، سیاسەتێک کە لەسەر بنەمای ناوەندگەرای، ئاسمیلەکردنی کولتووری و وەدەرنانی ئابووری دامەزراوە، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئەم سیاسەتانە بە شێوەی جۆراوجۆر لە کوردستان، باشووری ئێران "گەلانی عەرەبی"، سەحرای تورکمان، لوڕستان، خوزستان و بە تایبەتی بەلوچستان جێبەجێ کراون.

 

ناوچە دوورەدەستەکانی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی دوور خراونەتەوە، کە بوەتە هۆکاری نەبوونی ژێرخانی تەندروستی و پەروەردە و پیشەسازی لەم ناوچانەدا بەڕێکەوت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتێکی بە ئەنقەستە بۆ چڕکردنەوەی سەرچاوەکان لە ناوەند و پەراوێزخستنی گروپە نەتەوەییەکان، بەلوچستان کە زۆرترین ڕێژەی بێکاری و کەمترین دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ هەر تاکێک و کەمترین نیشاندەری گەشەپێدانی مرۆیی هەیە، نمونەیەکی ڕوونی ئەم سیاسەتەیە.

 

دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە، پەنای بۆ ئەمنیەتیکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان بردووە، ئەم ڕێبازە بە بوونی سپای پاسداران و بەسیج و ئیتلاعاتی ئێران لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی تەنانەت لە بوارە نائەمنییەکان (وەک تەندروستی و پەروەردە)دا بەڵگەی لەسەرە، هەروەها دانانی بەڕێوەبەرانی سەر بە دەزگا ئەمنییەکان لە کوردستان و بەلوچستان و خوزستان نمونەیەکی ڕوونی ئەم ڕەوتەیە: کە کۆنتڕۆڵکردن نەک خزمەتکردن.