سەروین جەلال: ئەنجومەنی ژن لە بناری قەندیل بە شێوازێکی خۆسەری دەچەسپێنین

لە بناری قەندیل ژنان نموونەی خۆبەڕێوەبەری بەرجەستە دەکەن و سەروین جەلال، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی قەندیل دەڵێت: لە قەندیل توندوتیژی دژ بە ژنان زۆر کەمە.

بناری قەندیل  

 

سەروین جەلال، بەڕێوەبەری نوێی ئەنجومەنی ژن لە بناری قەندیل، ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دروستکردن و تۆکمەکردنی ئەنجومەنی ژنان لە چوارچێوەی سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ڕۆڵی پێشەنگی ژن لە کۆمەڵگادا. سەروین جەلال جەختی لەوە کردەوە کە قەندیل ناوچەیەکی خۆسەرە و ڕێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان تێیدا زۆر کەمە، بە پێچەوانەی باشووری کوردستان کە ژنان ناچارن بە "ئەقڵ و سیستەمی پیاو" سیاسەت بکەن. 

  

"قەندیل مۆدێلێکی جیاواز لە خۆسەری پێشکەش دەکات" 

سەروین جەلال، کە خاوەنی ئەزموونێکی نزیکەی سێ ساڵە لە کاری شارەوانیدا و چەندین پڕۆژەی هۆشیارکردنەوەی ژنانی قەندیلی ئەنجامداوە، ئێستا سەرپەرشتی کاروباری ژنان و دامەزراندنی ئەنجومەنی تایبەت بە ژنان لە چوارچێوەی سیستەمی خۆسەریدا دەکات. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکانیان بە ئاراستەی دروستکردنی مەجلیسێکی ژنانە وەک چۆن مەجلیسی گشتی هەیە، بۆ ئەوەی کارەکانی خۆسەری لە بواری ژناندا فراوانتر بێت. 

  

سەروین جەلال ناوچەی قەندیل بە ناوچەیەکی جیاواز دەبینێت ووتی: ئەگەر تەماشابکەین قەندیل ناوچەیەکی خۆسەرە و دوورە لەو ئاڵۆزی و توندوتیژیانەی بەرانبەر ژن دەکرێن لە باشوور، کە ژن لە بواری سیاسەت و کۆمەڵایەتی و هەموو بوارەکانی دیکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن. 

 

ڕەخنەی لە شێوازی کاری ژنانی ناو شارەکان گرت و وتی: ژنان لە باشوور بە شێواز و سیستم و ئەقڵی پیاو سیاسەت دەکەن، بەڵام قەندیل تایبەتترە، لێرە کەمترین ڕووبەڕووبوونەوە و کوشتن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەبووە، حاڵەتەکان زۆر کەمن و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

  

"پێکەوەژیان و پەیوەندی پتەوی ژنانی گوندنشینە" 

سەروین جەلال ئاماژەی بەوەدا کە سروشتی جوگرافیای گوندنشینی قەندیل کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووەو وتی: لە سیستەمی ئێمەدا پێکەوەژیان هەیە چونکە شوێنی جوگرافیایەکەی گوندنشینە، ئەوە وایکردووە تەبایی و پێکەوە ژیان لە نێوان خەڵکیدا هەبێت، پە پەیوەندییەکانی نێوان ژنانی قەندیل زۆر پتەوە و تێکەڵبوونیان لەگەڵ سرووشت وایکردووە لە ژنانی ناو شار جیاواز بن. 

  

سەروین جەلال ئەرکی ئێستای خۆی بە "پیرۆز و قورس" ناوبرد، چونکە ژن لە کۆمەڵگەی ئێستادا بە شێوازێک بە ماڵەوە و ژیانی تایبەت بەستراوەتەوە، جەختی لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی ژن لە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی نیۆلۆتیکدا کردەوەو وتی: "دوای ئەو هەموو سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمی دەوڵەت داری و زەینیەتی پیاوسالاری، تۆ بتوانی ئەو قۆناغانە تێپەڕ بکەی بە ژناندا، بەڕاستی ئەرکێکی پیرۆزە. هەر وەک سەرۆکایەتیش دەڵێ پێشکەوتنی کۆمەڵگا پەیوەستە بە پێشکەوتنی ژنەوە." 

  

''پلانەکانی داهاتوو: ئابووری، بیرو ئاشتی''

سەروین جەلال ئاشکرایکرد کە ئەنجومەنی ژنان پلان و پڕۆژەی زۆری لەبەردەمە، بە تایبەتی لە پەیوەست بە پڕۆسەی ئاشتی کە کاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بێنە مەیدان و پێشەنگایەتی بکەن، پلانیان هەیە کە کاریگەری بواری ئابووری لەسەر توندوتیژی کەم بکەنەوە. سەروین جەلال ڕایگەیاند: "پێویستە ژنان لە بواری فیکریشدا خۆیان پێبگەیەنن و ئەکادیمیایەک هەبێ تێیدا دەرس ببینن و پەروەردە بن. ئەوەش ئەرکێکی پیرۆزە بۆ ژنان." 

  

لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی وتی: هەر کاتێک حاڵەتێکی کەم ڕووبدات، بەهۆی هەبوونی هەڤاڵانی کادر و جووڵانەوەی ئازادیخواز لێرە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، هەوڵمانداوە بە شێوازێکی جوان و ئارام هەردوو لای پێک بێنینەوە، نەک تەنها هەر تۆ بچی و کێشەکە دەرخەی و هیچی دیکە نەکەی، لێرە چارەسەری کێشەکان زووتر دەگات.