سەرکوتی ئەمنی و پچڕانی ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چووەتە قۆناغێکی توندوتیژترەوە
لە نێو درێژەی گرژی نێوخۆیی و زیادبوونی فشارە دەرەکییەکان، چاوەڕوانییەکی وریایی هەیە سەبارەت بە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی گەل کە بیست ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستی سەرکوتی بێوێنەی حکوومەت پەرەی سەندووە.
ناوەندی هەواڵ
ناڕەزایەتیەکانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ئێستا لە هەفتەی سێیەمی خۆیدایە، لە نێوان پەرەسەندنی سەرکوتی ئەمنی و پچڕانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتدا، چووەتە قۆناغێکی توندوتیژترەوە.
لە بیستەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە یەکێک لە توندوتیژترین شەپۆلەکانی نائارامی کە وڵات لە ماوەی دەیان ساڵدا شاهیدی بووە دادەنێت، سەرکوتی حکومەت گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە.
لە کاتێکدا تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمییان بڵاونەکردووەتەوە کە وردەکاری ژمارەی کوژراوەکان یان بریندارەکان بخاتەڕوو، هەروەها هەڵکوتانە سەر ماڵ و گەڕەک و شوێنی کارەکانی خۆپیشاندەران بەردەوامە.
لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی قەبارەی کارەساتە مرۆییەکانە، مردووخانەی بەهشت زەهرا لە تاران پرۆسەی ناسینەوەی تەرمی قوربانیانی نەناسراو بە بەکارهێنانی ئامێری بایۆمەتری دەستیپێکردووە، هەروەها خێزانەکان بە خەمگینییەکی زۆرەوە بە ڕیزێکی دوور و درێژ لەبەردەم شاشەکاندا وەستاون و چاوەڕێی ناسینەوەی کەسە خۆشەویستەکانیان دەکەن، ئەم وێنەیە تاریکە، تێچووی کۆمەڵایەتی قورسی ئەو سەرکوتکردنە ئاشکرا دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی پراکتیزەی کردووە.
''ئاگری زیندوو''
لە هەڵکشانی نوێی سەرکوتی خوێناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان هەواڵی کوژرانی ٤٥ هاووڵاتی کوردی لە میانی ناڕەزایەتییەکانی گەلدا بڵاوکردەوە، کە لە پارێزگاکانی ئیلام، تاران، ئەلبرز و مەرکەزی، کرماشان، ئیسفەهان و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە، قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون، جگە لە هاووڵاتیانی خەڵکی ییریسان، مەهاباد و بۆکان، لەنێویاندا جەلالە مەحموودی ئازەر و زەهرا مورادی بە تەقەمەنی زیندوو و گولەی دەمانچە کوژراون.
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ پشتڕاستیان کردۆتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسدارانەوە پەنایان بۆ تەقەی ڕاستەوخۆ و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ بردووە، هەروەها لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی قوربانییەکان، غەرامەی لە ڕادەبەدەر بەسەر بنەماڵەکاندا سەپاندووە، زۆرجار پرسەکان لە ژێر پاسەوانییەکی زۆردا بەڕێوەدەچن لەکاتێکدا هەڕەشە لە خێزانەکان دەکرێت کە بێدەنگ بن یان گێڕانەوەی فەرمی شێواوی قبوڵ بکەن، جگە لەوەش هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەی میلاد لە ئەسفەهان و ئەو پزیشکانەیان ڕفاند کە چارەسەری بریندارەکانیان دەکرد و بەمەش ژیانیان کەوتە مەترسییەوە.
هەروەها چەند ژنێکی خۆپیشاندەر لەوانە نازلی جانبارووری ٢٧ساڵ لە بجنورد، نیجین غادمی لە شاهسوار، نەسیم بوئاغای لە تاران و موبینا بەهەشتی ٢١ ساڵ لە جۆرجان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران و بوونە سیمبولی نەوەیەکی گەنج کە داوای ئازادی و یەکسانی دەکەن.
ئەو سنووردارکردنە توندانە درێژبووەوە بۆ پەیوەندییەکان و خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، ئەمەش وایکرد ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان دەستنیشان نەکرێت بەتەواوەتی، بەڵام بەڵگەکانی بەردەست ئاماژەن بۆ بەردەوامی کوشتنی ڕێکخراو کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنە ئامانج.
لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران ئەوەی دەگوزەرێت بە درێژکراوەی "شەڕی سیاسی و ئەمنیی ١٢ ڕۆژە" وەسفکرد، لە کاتێکدا پێکدادان و کردەوەی توندوتیژی لە دوای دەیەمین ڕۆژی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەرکەوت، هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی کاریان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو گێڕانەوەیانە کردووە کە پاساو بۆ سەرکوت و توندوتیژی دەهێننەوە و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە کوژرانی هەزاران قوربانی ڕەتدەکەنەوە، هەروەها میدیای دەوڵەت بەردەوامە لە وێناکردنی ناڕەزایەتییەکان وەک "جەنگی تیرۆریستی" و خۆپیشاندەران وەک "یاخیبووان"، ئەمەش هەوڵێکی دیارە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی کوشتنی سیستماتیکی.
''بانگەوازی ژنان''
زیاتر لە٥٠٠ ژنە چالاکوانی ئێرانی لە ڕەوەند ڕاگەیاندراوێکی هۆشدارییان لە "کوشتن و سەرکوتی بەکۆمەڵ"ی ناڕازییان بڵاوکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و فێمینیستەکان لە سەرانسەری جیهان کرد هاوسۆزی بەرجەستە و کردەیی لەگەڵ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نیشان بدەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتیان کردەوە، کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا درێژکراوەی ڕاپەڕین و داواکارییەکانی "دادپەروەری، ئازادی و سەربەخۆیی"ن کە بەدرێژایی ساڵان کەڵەکە بوون، هەروەها واژۆکاران جەختیان لەوە کردەوە کە ئایندەی ئێران دەبێ ئازاد، دیموکراس، عەلمانی و بێلایەن بێت لە جیاکاری ڕەگەزی و ڕەتکردنەوەی سەپاندنی یەک گێڕانەوە بەسەر کۆمەڵگەدا، بۆیە داوای فشاری سیاسی و یاسایی دەستبەجێیان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکوت و لابردنی کۆت و بەندەکانی پەیوەندیکردن.
واژۆکاران هۆشدارییاندا لە پشتگوێخستنی دەنگی ناڕازییان، جەختیان لەوە کردەوە کە نوێنەرایەتیکردنی هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕەگەزی بەشێکی بنەڕەتی خەباتی ئازادی و دادپەروەرییە، هەروەها ڕاپەڕینی ''ژن، ژیان، ئازادی''، بەردەوامە و هەوڵدەدەن بۆ داهاتوویەکی گشتگیر و دوور لە هەڵاواردنی ڕەگەزی.
''هۆشداری نێودەوڵەتی''
لە دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٥ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتریان کردە سەر تاران بەهۆی قەبارە و توندی سەرکوتکردنەکەوە، بانگەوازی خۆیان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون لەگەڵ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانیان نوێکردەوە، هەروەها ئامادەبووان ستایشی ورەی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەتایبەت ژنانیان کرد و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە بەپەلە ڕێڕەو بگۆڕن و ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکان بگرن، لەوانە مافی ناڕەزایەتی دەربڕین بەبێ ترس لە توندوتیژی و سەرکوتکردن.
بانگەوازەکان بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی پێکهاتەیی بەرپرسانی ڕێژیم، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی ئیرادەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەگەر ئەم ئیرادەیە تەنها لە لێدوانی دووبارە و کۆبوونەوەی بێ بەرهەمدا قەتیس بمێنێتەوە، ئەوا "کوشتنی زیاتر" ڕاناگرێت، بەڵکو پەیامێکی ڕوون بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران دەنێرێت کە توندوتیژی دەوڵەتی بێ تێچوون دەمێنێتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر هۆشداری دابوو لە "کۆمەڵکوژی بێوێنە"، جەختی لەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان کوشتنی بەرفراوانیان ئەنجام داوە، کە بە بەڵگەی باوەڕپێکراو لە گرتە ڤیدیۆییەکان و شایەتحاڵەکان پاڵپشتی دەکرێت و داوای لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کرد کە بەکارهێنانی نایاسایی چەکی ئاگرین ڕابگرێت و ئینتەرنێتی تەواو بگەڕێنێتەوە.