سەرکوتکردنی چالاکوانان لە ئێران بەردەوامە
دەسەڵاتدارانی ئێران مەهناز تارهار، چالاکوانی سیاسییان لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرد، هاوکات مۆتەهەرە غونی، زیندانی سیاسیی پێشووی ئێران ڕایگەیاند، بانگهێشتی فەرمی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی دەست بە تێپەڕاندنی سزای زیندانییەکەی بکات.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە فشارە دادوەری و ئاسایشیەکان بۆ سەر چالاکوانانی ژن، هەنگاوێک کە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانیان پێکدەهێنێت، ئەم ڕێوشوێنانە لە کاتێکدایە کە زنجیرەیەک بانگهێشتکردن و بڕیارەکانی دادگا، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی بەردەوامی سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و سنووردارکردنی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانی ناو ئێرانە.
موتەهەرە غونی، چالاکوانی خوێندکاران و زیندانی سیاسی پێشوو، لە هەژماری فەرمی خۆی لە ماڵپەڕی ئێکسی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، کە بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشتووە بۆ دەستپێکردنی سزای یەک ساڵ زیندانیکردن، بەپێی بانگهێشتنامەکە، دەبێت لە ماوەی پێنج ڕۆژدا خۆی بگەیەنێتە زیندان بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی سزاکەی بکات.
موتەهەرە غونی پێشتریش لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلاب لە تاران بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" و "بێڕێزیکردن بە خامنەیی" بە ٢١ مانگ زیندانی سزا دراوە، ئەم سزایە دواتر لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە پشتڕاستکرایەوە.
موتەهەرە غونی پێشتر لە ۱٤ی حوزەیران، هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، موتەهەرە غونی لە ڕیزی ئەو چالاکوانانەیە کە لە کاتی ڕاپەڕینی گەل لە ئێران دەستبەسەر کراون، دواتر ئازادکرا و دواتر ڕووبەڕووی دەرکردنی لە زانکۆ بۆتەوە.
"ئازادکردن"
دەسەڵاتدارانی ئێران، مەهناز تارهار، چالاکوانی سیاسییان لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرد، دوای تەواوکردنی سزاکەی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتە نزیکەکانی بنەماڵەکەی پشتڕاستیان کردەوە کە ئازادکران.
هێزە ئاسایشییەکان مەهناز تارهاریان لە شەقامێکی تاران دەستبەسەر کرد، پێش ئەوەی بیگوازنەوە بۆ بەندی ٢٠٩ کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە، لە چوارچێوەی زیندانی ئێڤین، دواتر لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا گواسترایەوە بۆ بەشی گشتی.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب لە تاران، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان" سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئەمە جگە لە ٨ مانگی دیکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم"٫ دواتر سزاکەی بۆ دوو ساڵ و نۆ مانگ کەمکرایەوە.
لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، دادگای باڵا سێ جار داواکارییەکەی بۆ دووبارە دادگاییکردنەکەی ڕەتکردەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئاسایشی بە هۆی دژایەتیی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، پارێزبەندییان ڕەتکردەوە.