سەرچنار ئەحمەد: کۆچی گەنجان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەرپرسان

سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کورستان ئاماژە بەوەدەکات، کۆچی گەنجان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەرپرسان، دەڵێت: " پێویستە هەرچی زووترە حکومەتی هەرێم کاری جددی بکات".

ناوەندی هەواڵ

 

بە سەدان هاوڵاتی و خیزانی کورد کە بەهۆی نالەباری دۆخی هەرێمی کورستان و نەبوونی خزمەتگوزاری کۆچیان کردووەو لە ئێستادا لە سنوری بیلاڕووسیاوە بەرەو سنوری پۆڵەندا بەڕێکەوتن و لەسەر سنور ماونەتەوە بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام وڵاتی پۆڵەندا سنوری داخستووەو بە هەزاران سەربازی بۆ ڕووبەڕووبونەوەو ڕێگری لە کۆچبەران خستۆتە ئەرکەوە.

سەرچنار ئەحمەد پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆچی هاوڵاتیانی باشوری کوردستانەوە نوسینێکی بە ناونیسانی "کوردستان  دوبەی بەرپرسان و  دۆزەخی گەنجان بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: "شێخ ڕەزا جوانی فەرمووە کە دەڵێت "پێستی ڕووی هێندە قایمە شمشێری میسری نایبڕێ، گەربەکەوشی کەی دەمێنێ تاقیامەت نادڕێ"، جێگەی داخە پاداشتی سی ساڵی حکومڕانی کوردی کۆچی بەلێشاوی گه‌نجان بێت بۆ دەرەوەی ووڵات".

ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ گەنجێک كە ژیانێکی شایستەی بۆفەراهەم بێت لە وڵات و زێدی خۆی دوورناکەوێتەوە، بەڵام کاتێک قۆرخکاری و بێکاری و برسی کردن دەبێتە سیاسەت، ئەوکات گەنج ئینتیمای بۆ وڵاتەکەی نامێنێ و ڕێگەی مان و نەمانی کۆچ هەڵدەبژێرێ.

دەشڵێت: "دیاردەی کۆچی گەنجان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەرپرسان،چونکە گەنجان سەرمایەی ووڵاتن و هەرکات ووڵات بێ سەرمایەبوو داهاتوویەکی تارێک چاوەڕێی دەکات ".

سەرچنار ئەحمەد پێویستە هەرچی زووترە حکومەتی هەرێم کاری جددی لەسەر چارەسەری ئەم گرفتە مەترسیدارە بکات و لەوە بگات کە داهات و سامانی ووڵات هی هەموو خەڵکە نەک تەنها دەستەو تاقمێکی لێ سودمەندبێ و ئەوی تریشی بەناچاری ڕێی هەندەران بگرێتەبەر.