سەرەڕای ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان سنووردارکردنی ژنانی ئەفغناستان بەردەوامە
لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ژنان لە ئەفغانستان نوێ دەکرێنەوە، داتاکانی ئەم دواییە زیادبوونی سنووردارکردنەکان ئاشکرا دەکەن کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بەسەریاندا سەپێندراوە.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-ئەمساڵ ٨ی ئادار هات لە کاتێکدا ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی جیاوازییەکی توند دەبنەوە لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی جیهانی دەستکەوتەکانی ژنان، ئەم ڕۆژە وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ پەرەسەندنی سنووردارکردنەکان و وەرینی مافەکانیان، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دۆخی ژنان لە چەندین بواردا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، لەوانە بەشداری کۆمەڵایەتی، ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتووی تەواوی نەوەیەکی منداڵانی کچ دروستکردووە.
ئەفغانستان وڵاتێک کە نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەسی تێدایە، ژن و منداڵی کچ نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، بەڵام زیاتر لە ٧٨٪ی ژنان و منداڵانی کچتانی ئەفغانی لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و ڕاهێنانی پیشەیی و دامەزراندن بێبەشن. تا ئێستاش بە ملیۆنان منداڵێ اکچ لە وڵاتدا لە خوێندنی ناوەندی و زانکۆکان قەدەغەکراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، بە مەزەندەکردنی ٢.٢ ملیۆن منداڵی کجی ئەفغانی لە خوێندنگە ناویان تۆمار نەکراو، ئەم بێبەشبوونە لە خوێندن نەک هەر هەڕەشە لە داهاتووی منداڵانی کچ دەکات بەڵکو کاردانەوەی درێژخایەنی لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە ئەفغانستان هەیە.
ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت، زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵی کچ لە ئەفغانستان تا ساڵی ٢٠٣٠ لە خوێندنی ناوەندی بێبەش دەبن، ئەم دەستنەکەوتنە بۆ خوێندن وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان هیوایان بە داهاتووی منداڵی کچ نەمێنێت، لە هەندێک بواریشدا منداڵانی کچ ناچار دەبن پێشوەخت هاوسەرگیری بکەن، ئەمەش ژیان و تەندروستییان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
هاوکات ژنانی ئەفغانی لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان دەبنەوە، زۆرێک لە ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان کاریان لێ قەدەغە دەکرێت، پەیامنێرانی بێ سنوور بڵاویانکردەوە، زیاتر لە ٨٠٪ی ئەو ژنانەی کە لە میدیا و دامەزراوەکانی دیکەدا کاردەکەن، لە دوای ساڵی ٢٠٢١ کارەکانیان لەدەستداوە.
بێکاری لە نێو ژناندا بە زیاتر لە ٩٠٪ مەزەندە دەکرێت، ئەمەش دۆخێکە کە بووەتە هۆی هەژارییەکی بەرفراوان لەنێو ئەو ماڵانەی کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن، نەبوونی دەرفەتی داهاتی سەربەخۆ وایکردووە زۆرێک لە ژنان بە تەواوی وابەستەی خێزانەکانیان یان هاوژینەکانیانن، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، سەختی ئابووریی ژنانی گەورەتر کردووە.
توندوتیژی دژی ژنان یەکێکی دیکەیە لە قەیرانە گرینگەکان لە ئەفغانستان، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی دا کە لانیکەم ١٤.٢ ملیۆن ژن و منداڵی کچی ئەفغانی پێویستیان بە پاراستن هەیە لە توندوتیژی ڕەگەزی لە ساڵی پێشوودا.
شێوازەکانی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی و نەریتی ڕێگری دەکەن لە زۆرێک لە ژنان لە ڕاپۆرتکردنی ئەزموونەکانیان، ئەمەش بەشدارە لە بەردەوامی بڵاوبوونەوەی، هاوکات نیگەرانییەکان لەبارەی نەبوونی پاراستنی یاسایی بۆ ژنان لە زیادبووندایە.
”دۆخی تەندروستی لەڕادەبەدەر جێگەی نیگەرانییە” بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان (یونامی) لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ئەو ساڵەدا ٢١٥ کەس کە ٤٤یان ژن بوون، بە ئاشکرا قامچیان لێدراوە، سزاکان زیاتر بۆ تاوانەکانی وەک پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری یان پێشێلکردنی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان سەپێندرابوون.
ڕاگرتنی ئارەزوومەندانە بۆ ژنان بەردەوامە، هەندێک لە ژنان بەهۆی جلوبەرگ و جوڵە و بوونیان لە شوێنە گشتیەکان دەستگیر کراون و چەند ڕۆژێک یان تەنانەت چەند هەفتەیەک بەبێ ئەوەی دەستیان بە پارێزەر یان خێزانەکانیان بگات.
دۆخی تەندروستی ژنان لە ئەفغانستان لە ڕادەبەدەر جێگەی نیگەرانییە، هەروەها ئەفغانستان یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەی مردنی دایکان لە جیهاندا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاپۆرت دەکات کە نزیکەی ٦٣٨ دایک لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی زیندوو دەمرن، واتە ژنێکی ئەفغانی لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا ڤە نزنزیکەی هەر دوو کاتژمێر جارێک دەمرێت.
کەمیی پزیشکی ژن، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە تەندروستییەکان، هەژاری و نائەمنی لە گرنگترین هۆکارەکانی بەشداربوون، زۆرێک لە ژنان ناچارن مەودای دوور ببڕن بۆ ئەوەی دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات و لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی نەبوونی سەرپەرشتیاری پیاوەوە ناتوانن بە هیچ شێوەیەک بگەنە دامەزراوە تەندروستییەکان، لە ئەنجامدا ڕێژەیەکی زۆر لە لەدایکبوونەکان لە ماڵەوە بەبێ هاوکاری پزیشکی ڕوودەدەن، ئەمەش مەترسی مردنی دایکان و کۆرپە زیاد دەکات.
جگە لە کێشەی تەندروستی جەستەیی، قەیرانی تەندروستی دەروونی لە نێو ژنانی ئەفغانیدا خراپتر بووە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان، نزیکەی ٩٠٪ی ژنان و منداڵانی کچ بەدەست کێشەی تەندروستی دەروونی ڕاستەقینەوە دەناڵێنن، ئەم دۆخە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری، توندوتیژی، وەدەرنانی کۆمەڵایەتی و سنووردارکردنی بەربڵاوی کولتووری.
هاوسەرگیری پێشوەختە بەردەوامە، زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی هەژاری یان کەمی خوێندنەوە هاوسەرگیری کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکدا ئەنجامدەدەن و لێکەوتەی وێرانکەری لەسەر تەندروستی و خوێندن و داهاتوویان دەبێت.
”مەرجەکانی زیندان”
دۆخی زیندانەکانی ژنان لە ئەفغانستان نیگەرانییەکی گەورەیە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو ژنانە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە زیندانیکراون، بەپێی ئەو ئامارانەی کە تاڵیبان بڵاویانکردووەتەوە، نزیکەی ١٨٢٥ ژن لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە ٣٤ زیندانی ژنان لە سەرانسەری ئەفغانستان دەستبەسەرکراون، زۆرێک لەو ژنانە بە تۆمەتی وەک "ڕاکردن لە ماڵەوە"، "پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری"، یان پێشێلکردنی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان زیندانیکراون، هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بارودۆخی ژیان لە هەندێک لە زیندانەکاندا ترسناکە، لەگەڵ کێشەکانی وەک کەمیی خۆراک، ناتەواوی چاودێری تەندروستی و دامەزراوەی پاکوخاوێنی، و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر یان سەردانی خێزان.
سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە، ژنانی ئەفغانستان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ پاراستنی دەنگەکانیان، گروپەکانی ژنان، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و تۆڕەکانی پەروەردەی نافەرمی کاردەکەن بۆ زیندوو ڕاگرتنی هیوا بۆ پەروەردە و بەشداری کۆمەڵایەتی.
لە ڕۆژی جیهانی ژناندا ژمارەیەک ژن لە کابول و شارەکانی دیکە هەوڵیاندا جارێکی دیکە بە ڕێکخستنی بزووتنەوەی سیمبولی و ناڕەزایەتی بچووک، دەنگی ژنانی بێدەنگکراوی ئەفغانستان گەورە بکەنەوە.