سەرەڕای هەموو هێرشەکان، سیستمی پەروەردەی مەخموور ماوەی ٣٠ ساڵە بەردەوامە
مامۆستا هێلین کارا، هاوسەرۆکی لیژنەی پەروەردەی کامپی مەخموور ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی پەروەردە نزیکەی ٣٠ ساڵە سەرەڕای هەموو هێرشەکان بەردەوامە و داوای ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی سەر زمان و کولتووری کوردی کرد.
ژانیا ژیان
مەخموور – خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" کە لە ساڵی ١٩٩٠ بەهۆی دڕندەیی و ستەم و سەپاندنی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون لە خاکەکەیانەوە کۆچ بکەن بۆ باشووری کوردستان، سەرەڕای هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە، بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەوڵدان دەکەن، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٩٥ گەلی کامپەکە بناغەی سیستمی پەروەردەیان بە زمانی کوردی لە چادرەکانی کامپی ئەتروش دامەزراند و لە سەروبەندی هێرشەکاندا ١٠ منداڵی کامپەکەیان پەروەردە کرد و بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ، درێژە بەسیستمی خوێندن دەدەن.
ئەو خەڵکەی لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕوویان لەکامپی مەخموور کرد، خوێندنگەی خۆیان بە خشت دروستکرد و لە ژێر چەتری سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشی گەل کرا، چالاکیی پەروەردەیییان ئەنجامدا، لە بنەڕەتدا لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ٥ باخچەی ساوایان و ٤ خوێندنگەی بنەڕەتی و ٢ خوێندنگەی ناوەندی و یەک خوێندنگەی ئامادەیی دروست کران و هەزاران خوێندکار لە خوێندنگەی کامپی مەخموور لەم سیستمی پارادایمەدا پەروەردەکران، ئەو خوێندکارانەی کە لەکامپەکە درێژەیان بە خوێندن دا تا ئامادەیی، بۆ خوێندنی زانکۆ دەچوونە هەولێر، بەڵام بەڕێگریکردنی پەدەکە و بە هاوکاری دەوڵەتی تورک کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد، دەستیان کرد بەڕەتکردنەوەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان، بۆیە خوێندکارانی کامپ ناتوانن بچنە زانکۆکان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش لیژنەی پەروەردەی مەخموور سەرەڕای نەبوونی دەرفەت لە هەوڵی پەروەردەکردنی منداڵان و گەنجانی کامپەکەدایە.
"ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێکرد"
مامۆ٩ستا هێلین کارا، هاوسەرۆکی لیژنەی پەروەردەی بەشی مەخموور پێداچوونەوەی بە سیستمی پەروەردەی بەشی مەخموور کرد و ساڵی نوێی خوێندنی بۆ دەزگاکامان هەڵسەنگاند.
لە سەرەتای قسەکانیدا، هێلین کارا باسی لە سیستمی پەروەردەی کامپی مەخموور کرد و وتی: وەک کامپێک پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن دەکەین، وەک گەلی مەخموور بە پڕۆسەیەکی دوورودرێژی پەنابەریدا تێپەڕین، ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و دەرفەتی سنوورداردا بەردەوامین لە ژیانمان، بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای پەنابەریدا دەستمان بە خوێندن کردو سیستمی پەروەردەمان تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە هەموو پرۆسەکاندا ڕووبەڕووی هێرش و بەربەست بووینەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم هێرشانە هەرگیز لە وانەوتنەوە بە زمانی دایکی خۆمان نەوەستاین.
"بەربەستەکانی پەدەکە"
هێلین کارا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئاستەنگییە پەروەردەیی و ئابوورییەکانی ناو کامپەکە کرد و وتی: بێگومان پەروەردەش بەشێکە لەو سەختییە، سیستمی پەروەردەی ئێمە نزیکەی ٣٠ ساڵە بەردەوامە، لە ماوەی پڕۆسەی پەنابەریدا سەرەتای خوێندن بە دەرفەتی سنووردارو هەلومەرجی سەختەوە دروست بوو، وەک کامپ هەمیشە بازنەیەک هەیە و سەختی لەڕووی ئابووری و سیاسی و پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤایەتییەوە سەرهەڵدەدات، زۆر قورسە لەکامپەکە دەربچیت، ئەمەش لەڕوانگەی دەروونیشەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، کاتێک لەڕووی پەروەردەوە بیردەکەینەوە چونکە خوێندکار دەرفەتی خوێندنی لە زانکۆدا نییە، ساڵانە ژمارەی خوێندکارانی کامپ کەم دەبێتەوە، دوای دەستوەردانی پەدەک لە ساڵی ٢٠١٩، خوێندکارەکانمان ناتوانن لە زانکۆ بخوێنن، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر دەروونی خوێندکاران هەیە، هەر خوێندکارێک کاتێک دەست بە خوێندن دەکات، بە خەون و ئامانجێکی گەورەوە دێتە خوێندنگە، بۆیە هێرش و بەربەستی ئێستا کاریگەری زۆری لەسەر کامپەکە هەیە.
"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا"
هێلین کارا لە هەڵسەنگاندنەکانیدا، تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و وتی: پەروەردە گەورەترین بەشی کۆمەڵگەیە، بەڵام لەکامپەکەدا لەڕووی کەرەستەی پەروەردەییەوە دەرفەتی زۆر کەممان لەبەردەمدایە، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤیش هیچ هاوکارییەکی کامپەکە ناکەن، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت گۆشەگیرییەکی گەورە لەسەر گەلی کامپ هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و ئاستەنگ و هیچ دەرفەتێک، لە خەبات بۆ ماف و ناسنامەی خۆمان ناوەستین، دەوڵەتی تورکیا تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا دوو جار هێرشی کردە سەر ئەوکامپە، لە دوای هێرشەکانی سەر کامپەکە ساڵی نوێی خوێندنمان دەست پێکرد، هەرچەندە ئێمە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیین، بەڵام ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەرمان و بێدەنگییەکی گەورەی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەیە، ئەم هێرشانەی ئێستا کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەیە لەڕووی دەروونی و ڕۆحییەوە.
"پەروەردە بە زمانی دایک شانسێکی گەورەیە بۆ ئێمە"
هێلین کارا وتیشی: بنەمایەکی تەندروست بۆ پەروەردە بە زمانی دایک لەکامپەکەدا دامەزراوە و ساڵانێکە لەڕێگەی ئەم سیستمەوە پەروەردە پێشکەش دەکرێت، پەروەردەی زمانی دایکی دەبێتە هۆی پاراستنی فەرهەنگ و هونەری کوردی، هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەگەڵ زمان و کولتووردا بژین، بە هەموو شێوەیەک هێرشیان دەکرێتە سەر، دەوڵەتی تورکیا هێرشی گەورە لەدژی زمان و کولتوور و بوون و ناسنامەی گەلی کورد ئەنجام دەدات، وەک گەلی کورد دەبێت بەرگری لە زمان و کولتووری خۆمان بکەین لە بەرامبەر هێرشەکاندا، وەک کامپی مەخموور بە زمانی دایکی خۆمان پەروەردە بووین، ئەمە هەلێکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەپێی ئەگەرەکانمان پلانی خوێندنی ساڵانەمان دادەنێین، ئێمە پێمان وایە ئەوانەی بەم پەروەردەیەدا تێدەپەڕن دەتوانن پەرە بە کۆمەڵگە و مێژوو و کولتوورەکەیان بدەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، هێلین کارا بانگەوازی ئاڕاستەی گەلی کورد کرد کە ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموو تاکێکە بە زمانی دایکی خۆی قسە بکات و وتی: هەر تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.