سپیدە کاشانی، بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرا
ئێران، سپێدە کاشانی، بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد دەکات، دوای ئەوەی بە تۆمەتی "پەیوەندی کردن بە کەسانی دژ بە دەسەڵات" دەستگیر کرابوو.
ناوەندی هەواڵ
دوای چوار ساڵ دەستبەسەرکردن بە تۆمەتی "پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دژ بە دەسەڵات" دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەرواری ٢٩ی ئازاردا چالاکوانی ژینگەی "سپێدە کاشانی" ئازادکرد بۆ ماوەیەکی کاتی.
لە مانگی شوبات و ئازاری ساڵی ٢٠١٧دا، حکومەتی ئێران هەشت چالاکوانی ژینگەیی دەستگیر کرد، سپێدە کاشانی و نیلۆفەر بەیانی یەکێکن لەو چالاکوانانە کە بە تۆمەتی "گردبونەوە و پیلانگێڕی دژ بە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە و هاوکاری کردنی کەسانی دژ بە حکومەت" دەستگیئرکرابوون، ئەمەش تەنها تۆمەتێکە و چالاکوانان نکۆڵی لێدەکەن.
هەردوو چالاکوانان لە ماوەی ١٢٠٠ کاتژمێر لە لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجەی دەروونی توندیان بەرامبەر ئەنجام دراوە، هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.
بۆ ناڕەزایەتی دەربرین لە دەستبەسەر کردنیان بە بێ دیاریکردنی دۆسیەکەیان، هەردوو چالاکوانەکە لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٩ لە زیندانی ئێوین مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە ئەنجام دا.
دادگا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بە تۆمەتی سیخوڕی سزای شەش ساڵ زیندانی کردنی بەسەر سپێدە کاشانی دا دەرکرد، هەروەها نیلۆفەر بەیانی، ماوەی دە ساڵ زیندانی کردنی بۆ دەرکرا سەرەڕای نەبوونی بەڵگە لەسەری، دادگایکردنەکە نا دادپەروەرانە و بە بێ ئامادەبوونی گیراوان ئەنجام درا.