سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ بەکارهێنانی پاشماوەی چەکی کیمیایی کرایەوە

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە، سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە بۆ بەکارهێنانی پاشماوەی چەکی کیمیایی لە بواری توێژینەوەدا کرایەوە، ئەمەش یەکەم سەنتەرە لەسەر ئاستی عێراق.

هەڵەبجە

 

لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدارو سەرۆکی هەردوو زانکۆی هەڵەبجەو سلێمانی، سەنتەری توێژینەوەی هەڵەبجە کرایەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا دکتۆر هەڵگورد عەبدوڵا لێپرسراوی سەنتەری توێژینەوە ی هەڵەبجە باسی لە گرنگی هەبوونی سەنتەرێکی لەو جۆرەی بۆ توێژینەوە لە پاشماوەی چەکی کیمیایی کرد کە بە هەوڵی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی خراوەتە گەڕ.

ئەم سەنتەرە جگە لەوەی زەمینەی زانستە بۆ توێژەران، زەمینەش ئەڕەخسێنی بۆ کارکردن لەسەر چەکی کیمیایی و توێژینەوە زانستیەکان و ناساندنی جینۆسایدەکانی کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە بە جیهان.

 

پڕۆفیسۆر مەهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها وتی: "کردنەوەی سەنتەرێکی لەمجۆرە لە هەڵەبجە بۆ بەکارهێنانەوەی پاشماوە کیمیاییەکان دەرگایەکی تر واڵا دەکات بەسەر توێژەران و ئەوانەی خولیایانە توێژینەوە بکەن لەو بوارەدا، لەهەمانکاتدا تەنها بۆ هەڵەبجە نا بەڵکو لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستانەوە توێژەران دەتوانن سەردان بکەن بۆ سود لێوەرگرتن و خەرمانی زانستیان فراوان بکەن".