سەنتەری میترۆ و CPJ هێرشی پەدەکەیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە کرد
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) و سەنتەری میترۆ، هێرش و پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە دەکەن بۆ سەر تیمە ڕۆژنامەوانییەکان، لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی گوندی لاجان، ئیدانە دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان "CPJ" کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هێرش و پێشێلکارییانەی ئیدانە کرد، کە بەرامبەر تیمە ڕۆژنامەوانییەکان لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی گوندی لاجان ئەنجام دراون.
کۆمیتەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە "بەردەوامیی سنووردارکردن و ڕێگری لە چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکان" لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوەو ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر تیمێکی کەناڵ ۸ و تیمێکی ئێن ئاڕ تییان دەستبەسەرکردووە، هەروەها ڕێگرییان لە میدیاکانی دیکە کردووە کە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، CPJ جەختی لەسەر مافی ڕۆژنامەنووسان کردەوە و وتی: "پێویستە ڕۆژنامەنووسان بە ئازادیی و بەبێ هەراسانکردن و تۆقاندن و دەستێوەردان کاری خۆیان بکەن.
هەروەها ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ نیگەرانیی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر تیمەکانی ڕاگەیاندن لە گوندی لاجان دەربڕی و وتی: پەلاماردانی پەیامنێران لە شاری هەولێر، لەگەڵ پێوەرە نێونەتەوەییەکان، ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و یاسای ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی ڕادەربڕین یەک ناگرێتەوە.