سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: بۆردی ژنانی ڕۆژنامەوان كارا دەکەین

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ١٢٧ـەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، ئاڵنگاریی زۆر لە بەردەم کاری میدیا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و جیاکارى لەنێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکرێت، هەروەها بڕیاریاندا بۆردی ژنانی ڕۆژنامەوان كارا بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٢٧ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوەو وێڕای پیرۆزکردنی ١٢٧ـەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیی ڕایانگەیاند، لەسەر چاكسازی لە كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانیان بۆ بە پیشەییکردنی كاری ڕۆژنامەوانی ڕژدن.

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، هاتنەپێشەوەی ڕۆژنامەوانانی ژن بە گرنگ ناودەبات و جەخت لە پێویستی پاڵپشتیی ژنانی ڕۆژنامەوان دەکاتەوە و دەشڵێت: بڕیاریانداوە بۆردی ژنانی ڕۆژنامەوان كارا بكەن.

 

‌هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەردەوام كاریان بۆ زیندووكردنەوەی سندوقی خانەنشینی ڕۆژنامەوانان كردووە بۆ پاراستنی دواڕۆژی ژیانی ڕۆژنامەوانان.

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان جەختدەکانەوە، ئاڵنگاریی زۆر لە بەردەم کارى میدیا لە هەرێمی کوردستان هەیە، وەک دەستنەخستنی زانیاری، جیاکارى نێوان دەزگاکانی میدیا، هەڕەشە، دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

 

سەندیکاکە ڕەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێت، بەهۆی جیاکاریکردن لەنێوان ڕۆژنامەوانی هەڵگری پێناسی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و عێراق لە ناوچە دابڕێندراوەکان لە پێدانی ماف و ئیمتیازات.