سلێمانی، پاکۆ دەرئەنجامی شەش مانگ کارکردنی ڕاگەیاند

لە مەراسیمێکدا ڕێکخراوی پاکۆ دەرئەنجامی پڕۆژەی tnr ڕاگەیاند، کە لەماوەی شەش مانگدا ١٠٠ سەگیان نەزۆک کردووە، هاوکات ڕێزلێنانی بە ئەندامە چالاکەکانیشی بەخشی.

لە مەراسیمێکدا ڕێکخراوی پاکۆ دەرئەنجامی پڕۆژەی tnr ڕاگەیاند، کە لەماوەی شەش مانگدا ١٠٠  سەگیان نەزۆک کردووە، هاوکات ڕێزلێنانی بە ئەندامە چالاکەکانیشی بەخشی.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-cdo  ڕێکخراوی پاکۆ بۆ ئاژەڵدۆستی مەراسیمێکی ئەنجامدا.

 

لە مەراسیمەکەدا باس لە دەرئەنجامی پڕۆژەی تی ئێن ئاڕ کرا، کە تایبەتە بە ئەو سەگانەی بێلانەن و هەوڵدەدرێت ئەوانەی نەخۆشن چارەسەربکرێت و ئەوانەش لە سنوری ناوشارن نەزۆک بکرێت، لە مەراسیمەکەدا ئاشکرایان کرد لە ماوەی شەش مانگی پڕۆژەکەیاندا شەڵتەرێکی تایبەتیان لەلایەن بەشی خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بۆ دابین کراوە، ئەوانیش ١٠٠ سەگیان نەزۆک کردووە، چارەسەری دەیان سەگی دیکەشیان کردووە کە نەخۆش یاخود برینداربوون.

 

هەروەها لە ڤیدیۆیەکیشدا کاروچالاکییەکانی شەش مانگی خۆیان پەخشکرد، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و ئاژەڵدۆستان ڕێزلێنانیان بەخشییە ئەندامە چالاکەکانی ڕێکخراوەکە و ئەو پزیشکی ڤێتێرنەرییانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئاژەڵەکان ئەنجامداوە.

 

لەبەشێکی دیکەی چالاکیەکەشدا لەلایەن پزیشکانی ڤێتێرنەرییەوە ڕێنمای درایە ئەو کەسانەی ئاژەڵ و سەگیان لە ماڵەوە هەیە، هاوکات کێبڕکێیەکی زیرەکیشیان بۆ سەگەکان ئەنجامدا.

 

کانی کاوە خوێندکاری بەشی ڤێتێرنەری و ئەندامی ڕێکخراوەکەیە، لە لێدوانێکدا بۆ ژنها ڕایگەیاند پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٢٠ هەزار سەگی بێلانە هەبێت، بۆ چارەسەرکردن و نەزۆککردنی ئەو بڕە زۆرەش، دەبێت هەمووان لە بچوکترین تاکی کۆمەڵەوە تا حکومەت هاوکاری ڕێکخراوەکان بکەن تا شەڵتەری تایبەت بە سەگە بێلانەکان دانرێت.

 

دەربارەی ئەوەی زۆرجار لەبارەی ئەوەی وەڵامی هاوڵاتیان نادەنەوە لەوەی هاوکاری هەموو سەگەکان ناکەن یاخود ڕەخنەیان بۆ دێت، کانی وتی: ئەوان شوێنێکیان نییە وەک شەڵتەر بۆ سەگەکان، تەنها دەتوانن ماوەیەک ڕایانبگرن تا چارەسەرییان بکەن، لەبەر ئەوە ئەوانیش بەپێی توانای خۆیان کار دەکەن و هاوکاری ئەو سەگە دەکەن کە زیاتر لە سەگەکانی دیکە پێویستی بە چارەسەر هەیە.

 

ت.پ