سلێمانی، بە دروشمی "نا بۆ ژن کوشتن، ژن ژیان ئازادی" خۆپیشاندان ئەنجامدرا

سەرباریی ئاستەنگی هێزە ئەمنیەکان، ژنانی سلێمانی بە هەموو ڕەنگەکانەوە، بە دروشمی "نا بۆ ژن کوشتن، ژن ژیان ئازادیی" خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی بڕیار بوو لەبەردەم پزیشکی دادیی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی ژن کوشتن ئەنجامبدرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ئاستەنگییان بۆ دروستکردن.

 

ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی بواری ژنان لە شوێنی چالاکیەکە کۆبوونەوە و وێنەی ئەو ژنانەیان بەرز کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستی پیاوان کوژراون، بەڵام هێزێکی زۆری ئاسایش و پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکان خۆپیشاندەرانیان گەمارۆدا و ڕێگایان نەدا لە شوێنی دیایرکراو درێژە بە خۆپیشاندانەکەیان بدەن و بە فشار خۆپیشاندەرانیان گواستەوە بۆ ناو بازاڕی سلێمانی و لە شوێنێکی دیکە بەردەوامییان بە چالاکییەکەیاندا.

 

دواتر خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمەکانی "نا بۆ ژن کوشتن، نا بۆ داڵدەدانی بکوژانی ژنان، ژن ژیان ئازادیی" درێژەیان بە خۆپیشاندانەکەیاندا و دەیان ژنی چالاکوان، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و هونەرمەند بەشدارییان کرد.

ت.پ