سەکۆی گەنجانی کوردستان: نائومێدکردنی گەنجان هەستی نیشتمانپەروەری لەناوبردووە
کۆنفرانسی گەنج و نیشتمان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە نەمانی هەستی نیشتمانی گەنجان و کاریگەرییەکانی پەروەردە، ژینگە و داگیرکارییەکان کرا، چارەسەرییەکانیش خرایەڕوو.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی "گەنج و نیشتمان" لەلایەن سەکۆی گەنجانی کوردستان ڕێکخرا و گفتوگۆ لەسەر هۆکار، کێشە و چارەسەرییەکانی نەمانی هەستی نیشتمانی کرا، تێیدا گەنجانی چوار پارچەی کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستان بەشداربوون.
وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن بەڵێن عیزەت خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە باشووری کوردستان کە ٣٠ ساڵە خۆی فەرمانڕەوایەتیی خۆی دەکات، لە هەندێک بواردا کەمتەرخەمیی و لەدەستدانی هەل هەیە، ئەوەش وایکردووە نائومێدییەکی گشتگیر باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا بکێشێت، ئەوەش لەناو توێژی گەنجاندا ڕەنگیداوەتەوە و کاریگەریی لەسەر کاڵبوونەوەی ئینتیمای نیشتمانیی هەبووە.
دواتر پانێڵی یەکەم لەسەر "ژینگە و پەروەردە وەکو دوو کارلێکەری کەسایەتی گەنج" لەلایەن کاژین حەسەن بەڕێوەبرا و هەریەک لە ڕێژنە دێهاتی، لانیاس عەتا و چراخان چۆمانی لەو بارەیەوە بابەتی تایبەتیان پێشکەشکرد.
"سیستمی سەرمایەداری تاکی بەکارهێن دروستدەکات"
ڕێژنە دێهاتی، خوێندکاری زانکۆ و دانیشتووی گوندی گەڵاڵەیە لە ناوچەی شارباژێر، لە پانێڵەکەدا باسی لە سیستمی سەرمایەداری کرد کە گەنج لە تاکێکی بەرهەمهێنەوە دەکاتە تاکێكی بەکارهێن، وتیشی: گەنج دەبێت کاریگەرترین تاکۆ کۆمەڵگە بێت چونکە خاوەن توانا و زانیاری زۆرە و ئاگاداری داهاتووە، سیستمی سەرمایەداریش دەسەڵات دەداتە ئەو کەسانەی سەرمایەی لەبەردەستە کە چەند کەسێکی دیاریکراون، هەروەها گەنج دەکەنە ئامراز بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خۆیان".
ڕێژنە باسی لەوەکرد کە وەک گەلی کورد لەناو سیستمی سەرمایەداریدا کارمان نەکردووە تا وڵاتێکی بەرهەمهێن بین، بەڵام خاوەنی وزەین کە بە تاڵان دەبرێت و بۆخۆشمان نییە، "سیستمی سەرمایەداری هێزی لە گەنج بڕیوە و بێئومێدی کردووە، کردویەتیە تاکێکی بەکارهێن بێئەوەی ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمەی دێتە بەردەستی بزانێت، ئەمە دۆخێکی خراپە و پێویستی بە هۆشیاری هەیە، دەبێت گەنج خۆی خاوەن ئامانج و پڕۆژە بێت.
"پەروەردە ڕۆڵی هەیە لە دروستکردی گەنجێکی چالاک"
لە بەشێکی دیکەدا لەنیاس عەتا، خوێندکاری زانکۆ باسی لە ڕۆڵی پەروەردەکرد لەسەر گەنجان کە ئامانجی پەروەردە دروستکردنی تاکێکی بیرکەرەوەیە کە بیرە فەلسەفییەکان بجوڵێنێت و توانای گەڕان بەدوای وەڵامەکانی هەبێت، "پەروەردە دەیەوێت تاکێک پێبگەیەنێت نوێگەری بکات لەبواری مەعریفە و زانستدا، لەو پرسەیەدا مرۆڤ ئامڕاز نییە، بەڵکو ئەو کەسانەی کە پەروەردەکارن دەتوانن ناوەندێک بن بۆ پێدانی زانیاری و پەروەردەکردن".
وتیشی دەبێت لە پەروەردەدا هەموو جیاوازییە فکری، ئاینی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان جێگەی ببێتەوە و جیاوازی نەکرێت، "پەروەردە دەبێت یەکسان و دیموکراسییەت بێنێتەدی، بەداخەوە ئێستا وای لێهاتووە کە جیاوازی دەکرێت لە پەروەردەدا، خوێندکارانی ناوەندە ئەهلییەکان خۆیان بەرزتر دەبینن لە ناوەندە حکومییەکان کە ئەمە نایەکسانییە، گرنگی و ڕۆڵی پەروەردەکاریش لەو شوێنەدا دیاردەبێت کە لەکوێدا چۆن مامەڵە دەکات."
"پێویستە منداڵان لەسەر مێژووی خاکەکەمان فێربکرێن"
چراخان چۆمانی، خوێندکارە و دانیشتووی ناوچەی چۆمانە، لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا باسی لە کاریگەری ژینگە و پەروەردە کرد لەسەر گەنجان، بە گرنگیزانی خێزانەکان لە منداڵییەوە کار لەسەر پەروەردەکردنی منداڵ بکەن، زانیاری لەسەر نیشتمانێک بدەن کە دابەشکراوە، تێیبگەیەنرێت کە کوردستان کراوەتە چوار پارچە، بەڵام فێریش بکرێت کە هەوڵ بدرێت بۆ یەکخستنەوەی پەرچەکانی کوردستان، بەم شێوەیە دەکرێت ئاگادار ببێت لەو داگیرکارییەی دەکرێت و لەو هەوڵەی کە دەدرێت ئینتیما و هەستی نیشتمانپەروەری گەنجان لەناوبچێت.
لە بەشی دووەمی پانێڵەکەدا "کاریگەری ستراتیژی داگیرکاری و مامەڵەی پارتە سیاسییەکان لەسەر هەستی نیشتمانی" گفتوگۆی لەسەر کرا، پانێڵەکە لەلایەن تەلار جەلال بەڕێوەبرا و هەریەک لە شادان محەمەد، ڕێڤان عوسمان و ئارداڵ عەبدوڵا بابەتیان پێشکەشکرد.
هەریەک لە ڕێڤان عوسمان و ئارداڵ عەبدوڵا دەربارەی داگیرکارییەکانی لەسەر کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بابەتیان پێشکەشکرد، باسیان لەوەکرد وڵاتانی داگیرکەر هەوڵدەدەن بە ڕێگای داگیرکاری سیاسی، سەربازی، ئابوری و زمان و کۆمەڵایەتییەوە کوردستان داگیربکەن، بە گرنگیانزانی ئاستی هۆشیاری تاک و بەتایبەت گەنجان بەرز ببێتەوە و لەجیاتی هەڵبژاردنی کۆچکردن و بێئومێدی و نەمانی هەستی نیشتمانی، تێبکۆشن و لە ڕێگەی گەشەپێدانی هزری و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان ببنەوە.
شادان محەمەد، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، لەسەر ڕۆڵی میدیا و کاریگەری داگیرکاری لە میدیادا وتارێکی پێشکەشکرد.
لە درێژەی پانێڵەکەدا باس لە "ئاسۆی چارەسەری کێشەکانی گەنجان کرا و دەرئەنجام و ڕاسپاردەی کۆنفرانسەکەش وەردەگیرێت، لە دواتردا کەمپەیەنی "گەنجان خاوەنی نیشتمانن" بۆ خستەبەرچاوی هەستی نیشتمانی و گەڕانەوەی ئومێد بۆ گەنجان ڕادەگەیەنرێت.
ت.پ