شۆڕشی ١٩ی تەمووز گۆڕانکاریی گەورەی لە مافی کریستیان و ئێزدییەکاندا هێنایە ئاراوە
کرستیانەکان و ئێزدییەکان، دوو پێکهاتەی ڕەسەنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەشدارییان لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا کرد، ژنانیش بەشدارییان لە ڕێکخستنی هاوڵاتیانی ناوچەکەدا کرد.

سەنا عەلی
ناوەندی هەواڵ-یادی ١٣ ساڵەی شۆڕشی ١٩ی تەمووز نزیک دەبێتەوە، بەڵام هێشتا زۆر وردەکاری ئاشکرا دەکرێت، ئەمەش چیرۆکی پشت پەردەی ئەو شتانە ئاشکرا دەکات کە لە هاوینی ٢٠١٢دا ڕوویدا، یەکێک لەو لایەنە گرنگانەی کە شۆڕش باسی کرد، تێیدا مافەکانی بۆ گەلەکەی گەڕاندەوە، پاڵپشتیکردنی بوو بۆ پێکهاتەکانی ئێزدی و کرستیان (ئەرمەنی، سریانی، کلدانی، و ئاشوورییەکان)، دەنگی دزراوی ئەوانی گەڕاندەوە و جیهانی ئاگادار کردەوە لەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەریان ئەنجامدرا، ژیانی تایبەتی خۆیان پێبەخشی دوای ئەوەی ڕژێمی پێشوو هەوڵی دابوو لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی دیکە ئاسمیلەیان بکات و تایبەتمەندییان لێ بسەنێتەوە.
"شۆڕش سەرکەوت، چونکە پشتی بە هێزی سروشتی گەلانی ناوچەکە بەستبوو"
ئیلهام مەتلی، نوێنەری یەکێتی ژنانی سریانی لە سووریا، جەختی لەوە کردەوە کە ڕزگارکردنی کۆبانێ لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢، هێمای خۆڕاگرییە، هەروەها شۆڕش بەشداری بووە لە گۆڕانکاری گەورە لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیدا، ئەم شۆڕشە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بەشداریکردنی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا، سەرەڕای ئەو پەراوێزخستنەی کە لە ڕابردوودا ئەزموونی کردوون.
دەیان ساڵە بەهۆی بنەماکانی شۆڕشەوە توانیان لە پشتبەستن بە پیاوان و داب و نەریتە بەسەرچووەکان ڕزگاریان بێت، دووپاتیشی کردەوە کە شۆڕش سەرکەوتوو بوو، چونکە پشتبەستنی بە هێزی سروشتی گەلانی ڕەسەنی ناوچەکە بەستبوو، واتە کورد، ئاشووری، کلدان، کورد، عەرەب، سریانی و ئەوانی دیکە، هەروەها ڕێبازێکی جیاوازی پەیڕەو کرد و ستراتیژییەکی ڕوونیشی هاوتەریب بوو لەگەڵ ڕاستی سووریا و ڕاستی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. سەرکەوتنی ئەویش بەندە بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی و ئازادی ژنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕش گەرەنتی بەشداری ژنانی لە خۆبەڕێوەبەری و داڕشتنی ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی ئەنجومەنی یاسادانان و دەرکردنی یاسا و بەهێزکردنی بنەمای هاوسەرۆکایەتی کرد، نوێنەرایەتی ژنانی سریانی ڕاستەقینەیە، ئەوانیش شانبەشانی هەموو ژنانی ناوچەکە بەشدارن و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
لە سەردەمی شۆڕشدا ژنانی سریانی پەرەیان بە ڕێکخراوە مەدەنی و سەربازی و ئاسایشییەکانیان داوە، سەبارەت بەم بابەتە، ئیلهام مەتلی وتی: پێویستی خۆپاراستن بووە هۆی ئەوەی ژنان هێزی سەربازی تایبەت پێکبهێنن، لەنێویاندا یەپەژە، ئێمەش لە بەرامبەردا وەک گەلێکی سریانی و کلدان و ئاشووری، هێزی ژنانی "بیت نهرین" پێکهێنا بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەلەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان، ئەم هێزانە بەشدارییان لە هەڵمەتەکانی ڕزگاریکردن لە دژی داعش کرد، هەروەها هێزێکی ئاسایشی ناوخۆمان دامەزراند بەناوی "سوتورو" بۆ پاراستنی گەلانی ناوچەکە، هەوڵە یەکگرتووەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سایەی شۆڕشەوە بووەتە بەردەست و ئەمەش جیای دەکاتەوە لەوەی لە سووریا ڕوویدا، وتی: حکومەتی نوێی سووریا بە یەک ڕەنگ پێکهێندرا، ئەمەش هاندەری داهاتوویەک نییە کە ژنان ڕۆڵی تێدا ببینن لە سووریا، ئەوەی لە ناوخۆی سووریا ڕوودەدات، وەک کۆمەڵکوژییەکانی دژی عەلەوییەکان و دروزییەکان، درێژەپێدەری بەئامانجکردنی ژنانە، بەو پێیەی ئەوان قوربانیی سەرەتایین، ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، چ لە سووریا یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپاتدەکەینەوە.
ئاماژەی بە خواستی بەهێزی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم ئەزموونە لە سووریا، وتی: دەمانەوێت نوێنەرایەتی ژنان لە ناوخۆی سووریادا ڕاستەقینە بێت، هەروەها دامەزراوەکانمان هەوڵی بەرچاویان داوە بۆ بەرەوپێشبردنی بناغەکانی شۆڕشەکەمان، پێویستە ئەو دەستکەوتانە بەهێز بکرێن و بەردەوام بن، خەبات ڕاستەقینەیە، شەهیدانیش بەرپرسیارن لەوەی بەدەستمان هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا فیتنەیەکی زۆر هەیە، بۆیە دەبێت گرنگی بە پاراستنی شۆڕش بدرێت.
ڕوونیشیکردەوە، شۆڕش لەسەر بنەمای ئازادی گەلان بووەو بۆ یەک پێکهاتە یان گەل نەبووە، هەروەها ئەوەی بەسەر ژنانی سریانی دێت، هەوڵێکە بۆ بەتاڵکردنەوەی خەباتی نەتەوەیی مەسیحییان، وەک ئەوەی لە بۆردوومانکردنی کڵێسای سانت ئیلیاس لە دیمەشقی پایتەخت ڕوویدا، کە تێیدا ژنانی سریانی بەدەر دەکرێن، هەر ئەمەشە پاڵیان پێدەنێت بیر لە کۆچکردن بکەنەوە، هەر ئەم لایەنانە دەیانەوێت ژنان بگەڕێنەوە بۆ هەزاران ساڵ و باڵاپۆشی بەسەریاندا بسەپێنین و هەوڵبدەن لە ماڵەوە قەتیسیان بکەن، بۆیە دەبێت ئەو دەستکەوتانەی بەدەستمان هێناوە بەهێزتر بکەین و ئەزموونەکەمان بگوازینەوە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان چونکە ئەوەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین داواکاری هەموو ژنانە لە هەر شوێنێک بن.
شۆڕشی ١٩ی تەمموز: چەترێکی پارێزەر بۆ کۆمەڵگەی کرستیان
ئاناهید قەسەبیان، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان و ئەندامی فەرماندەیی باڵای ئەنجومەنی باڵای نیشتمانیی ئەرمینیای ڕۆژئاوا باسی لەو ترسە کرد کە مەسیحییەکان لە سووریادا تووشی بوون کاتێک شۆڕشی سووریا دەستی کرد بە گۆڕینی بۆ شەڕی کوتلەیی بە دروشمی ئیسلامی سەلەفییەکان.
ڕوونیشیکردەوە، دایکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی چەک بۆ پاراستنی خێزانەکانیان پەلەیان لە فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان کردووە، چونکە ترس زیاتر بووە لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی بەرەی نەسرە بەسەر سەرێ کانی، ژنانی کرستیان پەیوەست بوون بە یەپەگە کە تازە دامەزراون لە دابینکردنی پاراستن، دواتر لەگەڵ ئاسایش "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" چوونە سەر کاری بەڕێوەبەری، ئاناهید قەسبیان خۆی بەشداری کرد لە دامەزراندنی کۆمینەکان و پاشان کۆنگرەی ستار لە حەسەکە و دامەزراوەکانی تر.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژن دوای وەرگرتنی خولی پەروەردە دەستیانکرد بە ڕزگاربوون لە بیرکردنەوەی پیاوسالاری تاکڕەوانە، ئەمەش لە ژیانی خێزانیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، کە زیاتر ڕێکخراو بوو، خولی پەروەردەی فیکری یارمەتی ژنانی داوە کە کەسایەتی خۆیان پەرەپێبدەن و ئەویش یەکێکە لەو ژنانە، خۆی سەلماندووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی چەندین دامەزراوە، بەشداری لە گەڕاندنەوەی ژیانی پارێزگای دێرەزور کردووە دوای ڕزگاربوونی لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٩.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕزگاربوونمان لە عەقڵییەتی کۆنەپەرستانە، ژنان دەستیان کرد بە دژایەتیکردنی عەقڵیەتی دەوڵەت و بە دامەزراندنەوەی ژیانی خۆیان لەسەر بنەمای گۆڕینی یاساکانی بنەماڵە، شۆڕشی ژنان جیهانییە، بۆیە چالاکییەکانمان تەنها لە ناوچەکانماندا سنووردار نەبووە، بەڵکو هەمیشە چاوەکانمان لەسەر سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا لەم دواییانەدا خاڵی دەستپێکی گرنگە لەسەر ئەم بنەمایە، چونکە هەموو ژن هۆکارێکی هەیە، بۆیە دەبێت خۆی ڕێکبخات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاودەنگی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداربوو لە سەرهەڵدانی ناوچەکانمان لە بەرامبەر ئەو ململانێ ئیسلامییە سیاسییە جیهادییەی کە لە سووریا بڵاوبووەوە، ئەم ئیسلامە لەگەڵ شۆڕشی ژناندا نەگونجێت، هەربۆیە بە توندی شەڕمان لەگەڵدا کرد، بۆ پاراستنی شۆڕشەکەمان کاردەکەین بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری شۆڕش و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری، بەئامانجکردنی ژنانی دروز کە سەردانی ناوچەکانمان و دامودەزگاکانی ژنانیان دەکرد، کاریگەری ئەزموونی ئێمەیان لەسەر بوو، ئازایەتیان هەیە بۆ گۆڕینی ناوچەکانیان، هەروەها ئەنجومەنی ژنانی سووریا نووسینگەیەکی لە دیمەشق کردۆتەوە، هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی شۆڕش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی سیاسی توندڕەو کە دوژمنایەتی ژنان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی ئەرمەنی پەراوێزخراوە و هۆکارەکەی نادیارە، لەنێو هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەدا ئاسمیلە کراوە، کەس نەیدەزانی ئێمە وەک کۆمەڵگەیەکی ئەرمەنی چ ئازارێکمان چەشتووە، بۆیە دەستمان کرد بە کارکردن لەسەر دۆزی خۆمان، چ لەسەر مەلەفی جینۆساید یان ئامار، هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئەرمینیای ڕۆژئاوامان لە سەرانسەری جیهان پێکهێنا، ئەمە بەشێکە لە میراسی شۆڕش کە دەیپارێزین.
ژنانی ئێزدی پێشەنگی خەباتی دیموکراتیک
سوعاد حەسۆ، کارگێڕی یەکێتی ئێزدی سووریا، ڕایگەیاند کە شۆڕشی ١٩ی تەمموز بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، بەو پێیەی ژنانی کورد لە پێشەنگی ئەم شۆڕشەدا بوون، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی پێبەخشی لە سەرانسەری جیهاندا، شۆڕشی ١٩ی تەمموز سەرکەوتوو بوو لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی بەهێز کە گروپ و ئایینە جۆراوجۆرەکانی لە باوەش گرتبوو، لەسەر بنەمای بناغەی دیموکراتی تۆکمە، ڕێگەی بە پێکهاتەی ئێزدی دا کە ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێکخراوەییەدا بگێڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێگەی ئەو خەباتە درێژخایەنە و قوربانییە گەورانەی ژنانی ئێزدی و گەلی ئێزدییان داوە، بووەتە چاوەڕوانکراو بڵێین ئێمە خاوەنی ڕێکخراوێکی بەهێزین کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو پێشێلکارییەکانی دژی گەلی ئێزدیمان هەیە، ئەمڕۆ ژنانی ئێزدی ڕۆڵی پێشەنگ دەبینن لە بوارە جیاوازەکاندا، لە سیاسەتەوە تا کاری سەربازی و ڕێکخراوەیی، کە بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی یەکێک لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز، ئاسۆی فراوانی بۆ ژنانی ئێزدی کردەوە بۆ ئەوەی چالاکانە و بەرهەمدارانە بەشداری پرۆسەکانی گۆڕانکاری و بونیادنانی کۆمەڵگە بکەن. ژنانی ئێزدی توانیان ڕووبەڕووی هەموو ئەو پیلانانە ببنەوە کە داعش لە ڕێگەیەوە هەوڵی قڕکردنی گەلی ئێزدی دەدا، ئەوان ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لە چنگی یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهان، بەمەش گورزێکی پڕ لە ئازاریان لەو عەقڵیەتە هەژموونگەرییە دا کە بۆ چەندین سەدە لە چەوساندنەوە و سووکایەتیکردن بە گەلی ئێزدی کردبووە ئامانج.
سوعاد حەسۆ جەختی لەوەکردەوە کە ڕۆڵی ژنانی ئێزدی هەر بەوەوە نەوەستاوە، هەروەها ئەنجومەنی ژنانیان چالاک کرد بە ئامانجی ڕێکخستنی ژنان و بەهێزکردنیان بۆ بەشداری چالاکانە لە بوارە جیاجیاکانی کاردا، ئەوان بە شێوەیەکی پێشەنگانە بەشدارییان لە ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال کرد، هەوڵە ڕێکخستنییەکانیان فراوانتر بوو و ژنانی ئێزدی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەوروپادا بگرێتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵایی کاریگەرییەکانیان و هەمەلایەنەی خەباتەکەیان بوو.
دامەزراندنی یەکێتی ژنانی ئێزدی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی ژنان لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز زانیوە و ئەوەش بەڵگەیەکی زیندووە بۆ توانای گۆڕینی ئازارەکانیان بۆ هێزێکی پێشەنگانەی ڕێکخراوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ڕوونیشی کردەوە کە لە ئێستادا سووریا شایەتحاڵی پێشێلکاری بەردەوامە لە دژی پێکهاتە جیاوازەکانی، کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە ئەنجام دەدرێن، بە بەکارهێنانی میتۆدگەلێک کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ پراکتیزەکانی داعشی تیرۆریستی لە ڕووی سەرکوتکردن و توندڕەوییەوە، فراکسیۆنەکانی وەک "عەمشات" و ئەوانی دیکە کە هاوکات لەگەڵ تورکیای داگیرکەر لە پێشەنگی هێرشی سەر شاری عەفرین بوون، هەمان ئەو کوتلانەن کە لە کەناراوەکانی سووریا کۆمەڵکوژییان لە دژی پێکهاتەی عەلەوییەکان ئەنجامدا، ئێستاش تاوانەکانی خۆیان بەرامبەر بە ئەندامانی پێکهاتەی دروز دووبارە دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کوتلانە وتارێکی توندڕەوانە دەگرنەبەر کە هەوڵدەدەن ناتەبایی و ڕق و کینە لەنێو هاوڵاتیانی سووریادا بڵاوبکاتەوە، بە ئامانجگرتنی هێما ئاینییەکان و سوکایەتیکردن بە کەرامەتی گەلی سووریا، لەسەر بنەمای عەقڵیەتێکی تایبەت کە تەنها دان بە خۆی و ئایینەکەی و زمانەکەیدا دەنێت، ئەوەی قورسایی ئەم پێشێلکارییانە زیاتر دەکات، بەشداریکردنی هێزە بیانییەکانە بە ئاڵای ئەم کوتلانەدا، کە بەشدارن لە ئەنجامدانی تاوان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی سووریا، ئەم گروپانە بە بەکارهێنانی دەربڕینی سوکایەتی و وروژێنەر ناسراون، وەک ئەوانەی لە کاتی هێرشکردنە سەر عەفرین و کەنارەکانی سووریا و سوەیدا لەلایەن ئەوانەوە هەواڵیان پێدراوە، لە دەربڕینێکی ڕوونی عەقڵیەتێکی ڕەگەزپەرستی و تیرۆریستیدا کە لەگەڵ بەهاکانی فرەیی و پێکەوەژیاندا ناگونجێت کە سوورییەکان ئاواتەخوازن.
هاوکات لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەزموونێکی ڕێکخراوەیی پێشەنگ و بەهێز بەرجەستە دەبێت، کە هەموو پێکهاتەکان و ئایینەکان بەبێ هیچ جۆرە جیاکارییەک لەگەڵ یەکتر دەژین، وەک سوعاد حەسۆ ڕوونی کردەوە، هەوڵێکی بەکۆمەڵ دەدرێت بۆ پاراستنی زمان و کولتووری ناوخۆیی وەک پایەی شوناسی ڕەسەن، سوعاد حەسۆ لە کۆتاییدا وتی: ئێمە خاوەنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتین و متمانەی پتەومان بە توانا سەربازی و ڕێکخراوەیی و فیکرییەکانمان هەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە توانای بەرزی ڕێکخراوەیی خۆیان نیشانداوە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا توانیومانە دامەزراوەی هەمەلایەنە دابمەزرێنین کە گوزارشت لە ئیرادەی کۆمەڵگە بکات، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لەم گەشەپێدانەدا، بە شێوەیەکی بەهێز بەشدارییان لە هەموو ئەو دامەزراوانەدا کردووە لە ڕێگەی خولی پەروەردەی و بڕوانامە و ڕێکخستنەوە، بەشدارییان کردووە لە داڕشتنی مۆدێلێکی دیموکراتی ناوازە لە ناوچەکەدا.