شەش هەزار و ٨٨٦ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ''هەرانا''، شەش هەزار و ٨٨٦ کەس کوژراون و ٥٠ هەزار و ٨٤٢ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و ٢١ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەرانا'' لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران، تا ئێستا شەش هەزار و ٨٨٦ کەس کوژراون و ٥٠ هەزار و ٨٤٢ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و ٢١ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکان شەش هەزار و ٤٤٥ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا ١٦٤ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٠ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، جگە لەوەش ١٠٩ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٤٦ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٠٧ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.