شەش هەزار و ٨٨٦ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ''هەرانا''، شەش هەزار و ٨٨٦ کەس کوژراون و ٥٠ هەزار و ٨٤٢ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و ٢١ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەرانا'' لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژران و دەستبەسەرکراوان و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئیران، تا ئێستا شەش هەزار و ٨٨٦  کەس کوژراون و ٥٠ هەزار و ٨٤٢ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون، هەروەها ١١ هەزار و ٢١ خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە نێو ژمارەی کوژراوەکان شەش هەزار و ٤٤٥ کەسیان خۆپیشاندەر بوون، لە ناویاندا ١٦٤ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هەیە، هەروەها ٢١٤ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران و ٦٠ کەسیش لەو هاوڵاتییانەن، کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەبوون و کوژراون، جگە لەوەش ١٠٩ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ١١ هەزار و ٤٦ کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کراون، جگە لەوەش دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٠٧ خۆپیشاندەر تۆمار کراوە.