شەریفە محەمەدی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بارودۆخی زیندانی لاکان

هەڵمەتی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکار کە سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، ڕایگەیاند کە شەریفە محەمەدی لە قاوشی کاتی زیندانی ژنانی لاکان لە شاری ڕەشت، لە باری تەندروستی مەترسیداردایە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەلمەتی داکۆکیکردن لە شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری  کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی ١٥ی نیسان ڕایگەیاند، ئەو چالاکوانە کرێکارییە لە قاوشی کاتی زیندانی ژنانی لاکان لە شاری ڕەشت، لە باری تەندروستی ناجێگیردایە، بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی بەرامبەر بەو بارودۆخە خراپەی ئەو بەندیخانەیەدا لە ژێر فشاردایە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی ئەم قاوشە بەهۆی چڕی زۆری زیندانییەکان و کەمی شوێنەکان کەشێکی گرژی و نامرۆڤانەی بۆ زیندانیان دروستکردووە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی زیندانییەکاندا جارێکی دیکە بۆتە چەقی قەیرانەکان.

 

شەریفە محەمەدی کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە دەستگیرکراوە، بۆ جاری دووەم سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی پێویست و ئامادەبوونی لە ژینگەیەکی قەرەباڵغ و گرژیدا، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی دەبێت.

 

لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەندامانی دەزگای هەواڵگری شەریفە محەمەدی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرد، لە ٣٠ ی هەمان مانگ لە زیندانی لاکان لە ڕەشت گوازرایەوە بۆ زیندانی سنەو دواجار دوای ئازادکردنی لە زیندان گەڕایەوە بۆ زیندانی لاکان لە ڕەشت.

 

ئەو لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە ڕەشت و سنە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی درا، لە دادگای شۆڕشی ڕەشت بە تۆمەتی "یاخیبوون" لە ڕێگەی ئەندامێتی گروپێکی ئۆپۆزسیۆن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.