شەرم و بێبەشی؛ ئەو دوو چەکە بێدەنگەی کە ژیانی ژنان لە ناوچە دوورەدەستەکان ڕاودەکەن
لە نێوان دیوارە بێدەنگەکانی ماڵ و ترسی کۆمەڵایەتیدا، چیرۆکێکی پڕ لە ئازار هەیە کە ڕۆژانە هەزاران ژن ڕووبەڕووی دەبنەوە بەڵام لەبەر شەرم بیدەنگن، ئەو چەمکە قورسەی کە کۆمەڵگە بەسەر جەستەی ژندا دەیسەپێنێت و بووەتە دیوارێکی بەرز لە نێوان ژنان و مافی تەندروستی.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_بێدەنگی ژنان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە چەوتەی کە جەستەی ژنی تەنها وەک "کۆدێکی ڕەوشتی" ناساندووە نەک وەک سیستمێکی بایۆلۆژی کە پێویستی بە چاودێری هەیە، لە ناوچە جیاوازەکانی ئێمەدا، زۆرجار نەخۆشییە تایبەتەکانی ژنان وەک تابوویەک سەیر دەکرێن و باس کردنیان لە ناو خێزاندا بە جۆرێک لە شکاندنی شکۆ دادەنرێت. ئەم پاشخانە کولتوورییە وایکردووە کە زۆرێک لە ژنان تەنانەت لەگەڵ نزیکترین کەسەکانیشیان باسی ئازارەکانیان نەکەن، ئەمەش بۆشایییەکی گەورەی لە هۆشیاری تەندروستیدا دروست کردووە کە ساڵانە دەبێتە هۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی سەدان حاڵەتی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
ئەمڕۆ لە جیهانی پزیشکیدا، زانست سەلماندوویەتی کە کات فاکتەری سەرەکییە لە ڕزگارکردنی مرۆڤ، بەڵام بۆ ژنێکی کورد کە لە "شەرم"دا دەژی، کات گەورەترین دوژمنە. زۆرێک لەو پزیشکانەی ڕۆژانە لە نزیکەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکان دەکەن، ئاماژە بەوە دەدەن کە زۆربەی ژنان تەنها کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن کە نەخۆشییەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و کۆنترۆڵ نەکراو. ئەمە تەنها پەیوەندی بە نەبوونی ناوەندی تەندروستییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو ترسە دەروونییەوە هەیە کە ژن وا هەست دەکات پشکنینی پزیشکی بۆ ئەندامە تایبەتەکانی جەستەی، جۆرێکە لە شەرمەزاری.
بێدەنگی و شەرم ژنانی لە مافی چارەسەرکردن بێبەش کردووە
نەبوونی هۆشیاری وایکردووە کە "بێدەنگی" ببێتە بژاردەی یەکەمی زۆرینە، لە کاتێکدا ئەو بێدەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی نیشانە سەرەتاییەکانی وەک گرێ، گۆڕانکاریی هۆرمۆنی، یان ئازارە نائاساییەکان پشتگوێ بخرێن. کارەساتەکە لێرەدایە کە کۆمەڵگە پیاهەڵدان بۆ ئەو ژنە دەکات کە "ئارامەو سکاڵا ناکات"، بەڵام کاتێک هەمان ئەو سەبوورییە دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەندروستی، کۆمەڵگە هیچ چەکێکی نییە بۆ بەرگری لێی. شکاندنی ئەم چەمکە پێویستی بە شۆڕشێکی ڕۆشنبیری هەیە کە تێیدا جەستەی ژن لە چوارچێوەی "شەرم" دەربهێنرێت و وەک مرۆڤێک کە مافی ژیانی هەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لەم مەرگە بێدەنگە، گۆڕینی هاوکێشەکەیە؛ دەبێت هۆشیاری ببێتە جێگرەوەی شەرم، و قسەکردن لەسەر ئازارەکان ببێتە نیشانەی هێز نەک نیشانەی شەرم.
لە ناوچە دوورەدەستەکان دووهێندەیە
لە کاتێکدا شەرم وەک بەربەستێکی دەروونی کار دەکات، کارەساتەکە لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکاندا دوو هێندە دەبێتەوە. لەو شوێنانەی کە دووریی ڕێگاوبان و نەبوونی بنکەی تەندروستیی پێشکەوتوو دەبنە هۆکاری زیاتر بۆ بێدەنگی. ژنانی گوندنشین نەک هەر ڕووبەڕووی کلتووری "عەیبە" دەبنەوە، بەڵکو لە ڕاستیدا لەبەردەم نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و شارەزادا دەستەوەستانن. زۆرجار نەبوونی پزیشکی ئافرەت لە ناوچە دوورەکان، وای کردووە ژنان زیاتر پەنا ببەنە بەر شاردنەوەی ئازارەکانیان، چونکە ناتوانن یان شەرم دەکەن لەوەی کێشە تایبەتەکانیان بۆ پزیشکێکی پیاو باس بکەن.
هەروەها ناکرێت تەنها بێدەنگی و شەرمی ژنان بە تاوانباری سەرەکیی تێکچوونی تەندروستییان دابنرێت، لە کاتێکدا ژینگەیەکی گونجاو و سەلامەت بۆ چارەسەریان دابین نەکراوە. پاراستنی ژیانی ژنان پێویستی بە هەنگاوێکی دووسەرە هەیە؛ لە لایەکەوە شکاندنی ئەو تابوو و کۆت و زنجیرە کلتوورییانەی کە ڕێگری لە قسەکردن دەکەن، لە لایەکی تریشەوە، ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی تەندروستییە کە دادپەروەری لە دابەشکردنی پزیشکانی پسپۆڕ و تیمە گەڕۆکەکاندا پەیڕەو بکەن، بە تایبەت بۆ ئەو ناوچە دوورەدەستانەی کە ژنان تێیدا لە نێوان بێدەنگیی شەرم و دووریی مەوداکاندا گیان دەسپێرن.
ئەمە تەنها ڕاپۆرتێک نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسییە بۆ ئەوەی بزانین کە تەندروستیی ژن، تەندروستی کۆمەڵگەیە. ئەگەر ئەمڕۆ دیواری شەرم و کەمتەرخەمییە خزمەتگوزارییەکان نەڕووخێنین، سبەی باجێکی مرۆیی گەورەتر دەدەین کە قەرەبوو ناکرێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە بێدەنگی کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە هیچ شەرمێک لە مردن کوشندەتر نییە.
چرۆ عومەر پارێزەر و کارمەندی مەیدانی لە ڕێکخراوی ئەدوێی وتی: گەر سەرەتا باس لە ناوچەکەی خۆم بکەم لە گەرمیان و ئەو گوندانەی کە تا رادەیەک دورە دەستن و دەستیان ناگات بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پزیشکی پسپۆر، و هەندێک شوێن هەیە کە وەک بینا نەخۆشخانەکە هەیە بەڵام پزیشکی پسپۆری لێ نییە،یاخود ئەگەر دانیشێت لە مانگێکدا تەنها یەک ڕۆژ دادەنیشێت، یاخود هەفتەی یەک رۆژ دێت و ئەویش وەک پێویست نییە، لە ماددەی ٣١ یەکی دەستووری عێراقدا برگەت یەک و دووی تایبەت کردووە بە تەندروستی،لە هەندیک لەو ماددانەدا باس لەوە دەکات کە دەبێت حکومەت و دەوڵەت،نەخۆشخانەو پێداویستی پزیشکی دابین بکات، ئەمە لە دەستوردا هاتووە کە دەبێت مافە تەندروستییەکان جێبەجێ بکرێت، لە حاڵەتێکدا نەخۆشێک لەبەر ئەوەی دوورە لە شار، یاخود لە ناوچەکەی هیچ بنکەیەکی تەندروستی لێ نییە،ئەمە وەزارەتی تەندروستی هۆکار دەبێت کە نوێنەری حکومەتە،پێویستە سکالا بکرێت و لە رێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەتەوە بدرێتە دادگا، وەک ئەوەی لە دەستوردا هاتووە دەڵێت کە دەبێت حکومەت پیداویستی تەندروستی بۆ هەموو ناوچەکان بێ جیاوازی دابین بکات.
"دەتوانم بڵێم تا ئێستا هەندێک ژن هەیە کە ئاگاداری مافە رەواکانی خۆی نییە"
چرۆ عومەر پارێزەر و کارمەندی مەیدانی لە ڕێکخراوی ئەدوێی لە بارەی هۆشیاری ژنانەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: بە پێی ئەو ئەزموونەی هەمە لە رێکخراو کارم کردووە و سەردانی زۆرینەی گوندەکانمان کردووە لەگەڵ ژناندا دانیشتووین وگفتوگۆمان کردووە، هۆشیاری ژنان زۆر لاوازە و زۆر خراپە، دەتوانم بڵێم تا ئێستا هەندێک ژن هەیە کە ئاگاداری مافە رەواکانی خۆی نییە، تاکێک کە ئاشنای مافەکانی نەبێت ئەوا زانیاری لەسەر ئەندامانی جەستەو نەخۆشیەکانیشی لاواز دەبێت،زۆر کات ئەو شەرمە لە خیزانەوە دەست پێدەکات و شەرم لەوان دەکەن کە نەخۆشییەکی تایبەت بە ژنانیان هەبێت و بەڵام لە ناوەندا تەندروستییەکاندا لە رەگەزی بەرامبەر شەرم دەکەن، بەتایبەت ئەو ژنانەی لە دەرەوەی شارەکانن و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکە زۆر زاڵە بەسەریاندا، بەو واتایەی ئەگەر پزیشکەکە ژن نەبێت ناتوانن سەردانی بکەن و نەخۆشییەکانی خۆیانی پێ بڵێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێرن لە هۆشیار بوونەوەی کۆمەڵگە، ئەگەر باسی خۆم بکەم کە وەک پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوی ئەدوێی، ڕۆژانە سەردانی گوندەکان دەکەین و لەسەر ژناندا کۆ دەبینەوە گفتوگۆ دەکەین، سیمینار ئەنجام دەدەین و هۆشیارییەکانمان بڵاو دەکەینەوە،لەسەر یاساو مافەکانی ژنان و ئەرکەکانیان زانیارییەکانیان بۆ روون دەکەینەوە، بە هەمان شێوە ئێمە پرۆژەی تایبەتمان بە تەندروستی هەبووە و کە دابین کردنی پزیشکی پسۆری تایبەت بووە کە بە خۆبەشانە هاوکاری کردووین و سەردانی گوندەکانمان کردووە و دەتوانم بلێم زیاتر لە ١٠ گوند هەیە لە چواردەوری گەرمیان کە هیچ بنکەیەکی تەندروستی لێ نییە، دەبێت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ببنە بە جاودێر بەسەر ئەو یاسایانەی کە هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و تایبەتە بە ژنان، بە کۆکردنەدوەی داتا بێت یاخود فشار خستە سەر پەرلەمانی کوردستان بێت، بۆ پێداچوونەوەو چاککردنی یاساکان بێت و یاخود جێبەجێ کردنی هەر ماددەیەک بێت کە سود و قازانج بە ژنان و بەتایبەت ژنانی گوند بگەیەنێت،
" ژن کە هۆشیار بوو کۆمەڵگە هۆشیار دەبێت خێزانەکان هۆشیار دەبن"
کاتێک لە خیزانێکدا کور یاخود کچ کە پەروەردەکرا ئەتواندرێت ئەو منداڵە وا فێر بکرێت و پەروەردە بکرێت کە شەرم نەکات و هۆشیار بێت بەرامبەر مافەکانی خۆی،ئێمە زۆر گوندیشمان هەیە دوورەدەستیش بوون هیچ هەستمان نەکردووە لە گوندێکی دورە دەستا بووین بە هۆی کراوەی و پەروەردەی خیزانەکانیانەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە پەروەردەی خیزان ڕۆلێکی باڵای هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە بەتایبەت ئێمە کە باس لە هۆشیاری ژنان دەکەین، ژن کە هۆشیار بوو کۆمەڵگە هۆشیار دەبێت خێزانەکان هۆشیار دەبن، من نەهاتووم باس لەوە بکەم کە تەنها لە گوندەکاندا ئەو حاڵەتە هەیە، بەڵکوو لە قەزاو ناحیە و شارەکانیشدا هەیە و ئەگەرێتەوە سەر پەروەردەی ئەو خێزانە کە هەندێک داب و نەریت زاڵە بەسەریدا.
"نەخۆشییە تایبەتەکانی ژنان بوونەتە هۆکاری کێشەی خێزانیی بۆ ژنەکان"
چرۆ عومەر لە بارەی باوترین نەخۆشییە باوەکانی ژنانەوە وتی: ئەو نەخۆشیانەی کە زیاتر رووبەرووی ژنان دەبێتەوە و ئێمە گوێبیستی بووین لێیانەوە، زیاتر نەخۆشییەکانی کۆ ئەندامی زاوزێیان هەیە کە نەخۆشیەکانی هەوکردن و هەوکردنی میزەڵان و بوونی گرێ لە سنگیاندا، چەندین ساڵە ئێمە لە گوندەکان و ناوچە جیاوازەکاندا دەگەرێێین و کاتی پرۆژەی بردنی پزیشکی پسپۆر بۆ ناوچە دورە دەستەکانی گەرمیان، لە ژنە گەنجەکانەوە گوێبیست بووین لە سیمینارەکاندا کە بەدەست کێشەی هەوکردنی ڕەحمەوە دەناڵینن بەڵام هۆکارەکەیان نەزانیووە چونکە شەرمیان کردووە لە ماڵەوە باسی بکەن و بڵێن کە بیانبەن بۆ پزیشک و ئەو نەخۆشییەیان هەیە، یەکێک لەو حاڵەتانە وتی: لە ماڵەوە وتوومە لوتم ئازاری هەیە و دواتر چۆتە لای پزیشکی تایبەتی ژنان،ئەوەنەی ئێمە گوێبیسی بوبین لە ژنانەوە ئەو نەخۆشیانە بوونەتە هۆکاری کێشەی خێزانی بۆیان ، لە دەستووری عێراق و دەستوری هەرێمی کوردستانیش لە دەستوردا باس لە مافی نەخۆش کراوە،کە یاسای ماف و ئەرکی نەخۆشە، یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠٢٠، ئەمە نوێترین و تایبەتمەنترین یاسایە لەسەر تەندروستی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، کۆمەڵێک مادەو خاڵی زۆر باشی تێدایە باس لە ماف و ئەرکەکانی نەخۆش دەکات، ئەمەش دەگەرێتەوە سەر لایەنی دەسەڵاتدار و جێبەجێکردنی یاساکە، دەکرێت هەندێک شتی لە بەرژەوەندی نەخۆش بۆ زیاد بکرێت و یاساکە دووبارە دابرێژرێتەوە، لە هەندێک شوێن بنکەی تەندروستی تێدایە بەڵام پزیشکی پسپۆر ناچێت بەلایدا لەگەڵ ئەوەشدا یاسایەکمان هەیە کە یاسای پلەبەندی پزیشکیەو یاساکە دەڵێت : کە دەبێت هەموو پزیشکێک بۆ ماوەیەک بچێتە گوندە دوورە دەستەکان و لەوێ خزمەت بکات، بەڵام ئەمە لێرە جێبەجێ ناکرێت کە لەوانەیە کۆمەڵێک هۆکار هەبێت بۆ ئەوەی کە جێبەجێ نەکرێت، هەروەها کێشەیەکمان هەیە زۆرینەی پزیشکانی پسپۆر ئامادەنین کە بێبەرامبەر ئەو کارە ئەنجام بدەن وهاوکار بن لەگەڵماندا، تەکلیفی تایبەتمان لە چەندین کەس کردووە، تەنها ژمارەیەکی کەم ئامادە بوون کە هاوکارمان بکەن بێبەرامبەر بۆ ئەوەی پرۆژەکانمان بەردەوامی پێ بدەین.
"پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە بێدەنگ مەبن"
چرۆ عومەر لە کۆتای قاسەکانیدا پەیامی بۆ ژنان ناردو وتی: پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە بێدەنگ مەبن، داوای مافەکانی خۆتان بکەن، یاسا بۆ ئەوە نەنووسراوە کە تەنها لەسەر پارچە کاخەزێک بنووسرێت بەڵکو بۆ ئەوەیە جێبەجێبکرێت و ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێنێتەوە، چونکە مافی تەندروستی بە پێی یاسای عێراق هەرێمی کوردستانیش مافێکە بۆ نەخۆش دیاری کراوەو دەبێت جێبەجێبکرێت، بۆیە ئەگەر ئێمە بێدەنگ نەبین و داوای مافەکانی خۆمان بکەین، ئەوا دەبێتە هۆی دابین کردنی مافە تەندروستییەکان و پڕکردنەوەی هەموو کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی، لە تەنیشت ئەوەی کە ژنان هۆشیاریان نییە ژنان بێدەنگن و کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی زۆری لێدەکەوێتەوە.