سۆهر: لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تا ئێستا ٣٠ کەس لە ڕووداوی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کەس لە ڕووداوە جیاجیاکانی ناوچە جیاجیاکانی سوریا گیانیان لەدەستداوە، لەوانە پێکدادانی هۆزەکان، کوشتن، بۆردومان و گولەی بێسەرپەرشت.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا نزیکەی ٣٠  کەس لە چەند ناوچەیەکی سوریا بەهۆی ڕووداوە جۆراوجۆرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە جیاوازن، لەوانە پێکدادانی خێڵەکی، کوشتن، گولەی بێسەرپەرشت، پاشماوەی شەڕ، بۆردومان و مردن لە ژێر ئەشکەنجەدا. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم ژمارەیە گوزارشت لە توندوتیژی و نەبوونی ئاسایشی بەردەوامە لە زۆر بواردا.

 

ڕوانگەکە سێ حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە هۆی پێکدادانی عەشایەری تۆمارکردووە، پێنج کوژراو لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە دەروازەی شارۆچکەی بنیش لە گوندەکانی ئیدلب، دوو کوژراو لە سنوور، حەوت کوژراو کە دوو کەسیان منداڵن و سێ کەسیش بەهۆی تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە

 

ژنێکی گەنج کە لە تۆپبارانی جەرامان بریندار بوو، گیانی لەدەست دا. کەسێک بەهۆی ئەشکەنجە گیانی لەدەستداوە، دوو کەس بەهۆی پاشماوەی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە، کەسێک بە هۆکاری تائیفی گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بە دەستی سەرباز کوژراوە. هەروەها ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی و دوو سەرباز کوژراون و کەسێکیش دوای دەستگیرکردنی لە خاڵێکی ئەمنی لە ناوچەی قەتەنا کوژراوە.

 

ڕوانگە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی خەڵکی سڤیل جێبەجێ بکەن، لێکۆڵینەوەی جددی و شەفاف لە سەرجەم ڕووداوەکانی کوشتن و مردن ئەنجام بدەن، بارودۆخەکە ڕوون بکەنەوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکەن، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە.