"شەقام چۆڵ ناکەین و کوردستان یەک دەنگە بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان"
لە سلێمانی خۆپیشاندانی پشتگیری بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامەو خەڵک بە ئامانجی پاڵپشتی بەرخۆدان و پاراستنی مافە نەتەوەییەکان لەسەر شەقامن.
سلێمانی
ئەمرۆ ٢١ی کانوونی دووەم، بۆ سێیەمین ڕۆژ رێپێوانی پاڵپشتی پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، خۆپیشتاندەران لە باخی گشتی بەرەو شەقامی سالم ڕۆیشتن، بە وتنەوەی دروشم و وتارەکانیان یەک دەنگی گەلی کورد دووپات دەکەنەوە.
بەشداربووان وتیان: ئەم جوڵانە نیشانەی ئەوەیە کە شەقام هێشتا دەنگی خۆی هەیە و نەتەوەیەک کە یەکدەنگ بێت، ناتوانرێت بەپێچەوانەی خواستی خەڵک بچێت. هەروەها هەڵوێستەکان پشتگیرییان لە چارەسەری ئاشتیخوازانە و مافخوازانە کردووە و داوای کۆتایی هاتنی فشاری سەربازی و سیاسیان لەسەر ڕۆژئاوا کردووە.
چالاکوانان جەختیان لەوەکردەوە کە یەکگرتوویی نێوان باکوور، ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژئاوا هێزی سەرەکییە بۆ پاراستنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی، و ئەم دەنگە تا گەیشتن بە ئاشتی و دادپەروەری، لە شەقامدا دەمێنێتەوە.
سۆنیا جەمال، بەشداربووی خۆپیشاندانەکە وتی: هاوخەمی خۆم بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەرەبرم وهاتووین لێرە بۆ ئەوەی هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمانیان بۆ دەربرین،زۆر گرنگە گەنجان و ژنان بەشداری بکەن نەک تەنها پیاوان ئێمەش دەتوانین چیان پێویست بێت بۆیان بکەین.
ساڤیا محەمەد وتی: ئێمە دەجەنگین بۆ داهاتوومان بۆیە زۆر گرنگە کە گەنجان ژنان بەشداری بکەن وپاڵپشتی ڕۆژئاوا بکەن، ئینشاڵا ئەمە کۆتا شتە کە بەسەرمان دێت و کوردستان دەبینین بە دەوڵەت، ئێمە کراوین بە چوار بەشەوە بۆیە پێویستە یەکبگرین و یەک دەنگ بین داوا لە گەنجان دەکەم بێنە سەر شەقام چونکە کاریگەری زۆری هەیە و دەنگ و ڕەنگمان دەگاتە جیهان.