شەنگال، جەژنی چوارشەمەی سور پیرۆزکرا

چوارشەممەی سور،گەورەترین جەژنی ئێزدییەکانە و لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هێرش لەسەر شەنگالە بەڵام شەنگالیەکان هەموو ساڵێک لە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان یادی دەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرواری ٧ی نیسان کە دەکاتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان لە لای ئێزدیەکان بە چوارشەممەی سور ناسراوە، ئێزدیەکان ئەم ڕۆژە بە سەری ساڵ دادەنێن و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و ڕۆژەکە پیرۆز دەکەن، دوێنێش سەرەڕای هەموو هەڕەشە و هێرشەکانی دەکرێتە سەر خەڵکی شەنگال و ناوچەکەیان، لە دۆڵی سۆلاخ لە شەنگال چوارشەممەی سور بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و سەیرانکردن پیرۆز کرا.

 

بە بڕوای ئێزدیەکان لەم ڕۆژەدا مەلەک تاوس دێتە سەر زەوی تا خراپییەکانی مرۆڤ نەهێڵێت و لەبری ئەوە ئاشتی و خۆشی بڵاو دەکاتەوە، لە ڕۆژی چوارشەممەی سوردا هەر ئێزدییەک بەیانی زوو هەڵبستێت لە خەو ڕوو دەکاتە خۆر و بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەردوون دوعای خێر دەکات.

 

هەروەها نابێت کەس لە مانگی نیساندا هاوسەرگیریی بکات ئەوەش بۆ ڕێزگرتنە لەو مانگە، هەر کەسکێکیش بە تازەیی کەسێکی گیانی لە دەست دابێت لە بەیانی چوارشەممە سوردا دەڕۆن بۆ سەر گۆڕەکەی و لەوێ خواردن دابەش دەکەن.

 

چوارشەمەی سور گەورەترین جەژنی ئێزدییەکانە و لەم ڕۆژەدا هێلکە دەکوڵێنن و ڕەنگی دەکەن، ئێزدیەکان هێلکە بە مانای گەردوون و سەر لە نوێ ژیانەوە دەستنیشان دەکەن، ناوەکەشی خۆری تێدایە کە مەبەست لە زەردێنەی هێلەکەیە کە هاوشێوەی خۆرە.

 

هەروەها گوڵی سور دەچنن و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە لەگەڵ توێکڵی هێلکەکەدا بە بەر دەرگای ماڵەکانیاندا هەڵی دەواسن بەو مەبەستەی لە هەموو خراپییەک پارێزەراو بن. هەر لەو ڕۆژەدا توێکڵی هێلەکەکان دەبەنە ناو زەوی و زار ، دەخڵودانەکانیان بۆ ئەوەی خوا بەرەکەت بخاتە ناو دەغڵودانەکانیانەوە.

 

ت.پ