شنگال: گەمارۆدانی حکومەتی عێراق قبوڵ ناکەین
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی شنگال، گەلی شنگال ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو لایەک وریا بن لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێستا.
شنگال
دوابەدوای فشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر حکومەتی عێراق، ماوەیەکە سوپای عێراق سەرقاڵی جموجۆڵی مەترسیدارە لە شنگال. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بیرۆکەی کۆکردنەوەی هاوڵاتیان و دامەزراندنی پۆستی سەربازی نوێ لە شنگال لەلایەن خەڵکی شنگالەوە بە گومانەوە سەیری کراوە. گەلی شنگال دوێنی لە ناوەندی شنگال لە دژی ئەو هەڕەشانە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
ئێمە وەکو پێکهاتەی ئێزدی داوا لە ڕای گشتی و دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە دانیان بە جینۆسایدی ئێزیدیدا ناوە، بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە لە دژی شنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی دەکرێن کە لەلایەن دەوڵەتانی تورکیا و عێراقەوە دەکرێن. ئەم هەڕەشانە جارێکی دیکە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤مان بیردەخاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ ناوچەی دەوروبەری شنگال لەلایەن هێزەکانی داعشەوە گەمارۆدرابوو، ئێستاش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەمارۆدراوە. هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەکەمان لە کامپەکاندا ئاوارەن، نەگەڕاونەتەوە، گۆڕی بەکۆمەڵ نەکراونەتەوە، هەزاران لە ژنە ئێزدییەکانمان هێشتا لە دەستی داعشدان؛ حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا و داعش دەیانەوێت کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە شنگال ئەنجام بدەن. کۆمەڵگەی ئێزدی لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە. منداڵەکانمان شەوانە ناخەون بەهۆی هەڕەشەکانەوە.
"رێبازی حکومەتی عێراق قبوڵ ناکرێت"
داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت. هاوڵاتی عێراقین، منداڵەکانمان لە ساڵی ٢٠١٤ لە شنگال لەسەر خاکی عێراق شەڕی داعشیان کرد و شنگالیان ئازاد کرد و داعشیان لە زەویەکانی شنگال و عێراق پاککردەوە. ئەمڕۆ حکومەتی عێراق دەڵێت ئێمە دان بە هێزەکانی پاراستنی شەنگالدا نانێین و ئەو هێزانە هەڵدەوەشێنینەوە. ئەم ڕێبازە قبوڵ ناکرێت. پێویستە حکومەتی عێراق دان بە هێزەکانی پاراستنی ئێمەدا بنێت و قبوڵئ بکات؛ یەبەشە و یەژەشە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک هێزی عێراقین.
"ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا لە ڕێگەی گفتوگۆوە"
هاوکات داوا لە گەلەکەمان دەکەین ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق قبوڵ نەکەن. ئەگەر ئەمڕۆ بەرەنگاری نەبین، شتەکان لە ساڵی ٢٠١٤ خراپتر دەبن، داوا لە دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەکەمان لە دەرەوەی وڵات دەکەین ئەم هەڵوێستە لە دژی کۆمەڵگەکەمان قبوڵ نەکەن. بە کردار بەرەنگاری ببنەوە و داوای مافی کۆمەڵگرکەمان بکەن. ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزدی لە هەموو شوێنێک کارەکانمان ئەنجام دەدەین تا گەمارۆی دەوروبەری شنگال هەڵدەگیرێت. ئێمە ئامادەین لەگەڵ حکومەتی عێراق دابنیشین و کێشەکانی ئێستا بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین.