شنۆ عوسمان: ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاتر ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبنەوە
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠٢٥ پێشێلکاری بەرامبەر ٣١ ڕۆژنامەنووسی ژن لە هەرێمی کوردستان کراوە، ڕۆژنامەنووس شنۆ عوسمان دەڵێت: ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاتر ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبنەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ بەرتەسکبوونەوەی کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە ڕێگەی سیستماتیکەوە کاری لەسەر دەکرێت، لە ژینگەیەکی بێ سزادا، ڕۆژنامەنووسان ڕوسبەڕووی تیرۆرکردن دەبنەوە، کامێرەکانیان لەبەر چاویاندا دەشکێندرێت، هەڵکوتانە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسییەکانیاندا،دەستدرێژی و توندوتیژییەکان بۆسەر ڕۆژنامەنووسان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کارێکی ڕۆتینیانە، پێنەدانی زانیاری و جیاوازی لە نێوان دەزگا میدیاییە سیاسییەکانی سەر بەدەسەڵات لەگەڵ دەزگا میدیاییەکانی دیکەدا، پشکنینی مۆبایلی کەسی و دەستبەسەرداگرتنیان لە لایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە، هەموو ئەم توندوتیژیانە زیاتر، دەرخەری قەیرانێکی ڕاستەقینەیە لە سەروەری یاسا و مافی زانین، پەرەسەندن و جێبەجێکردنی ئەم پێشێلکاریانە لە هەرێمی کوردستاندا، کەلێنێکی قوڵ لە نێوان دەقە یاساییەکان و جێبەجێکردنیاندا جێبەجێ دەکەن، وەک یاسای ڕۆژنامەگەری، ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧م کە بڕیارە کاری ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت، یاسی ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ یاسای مافی دەستەکوتنی زانیاری کە مافی زانین بۆ هەمون بن، بەڵام جێبەجێ ناکرێت.
لە لایەن سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، خرایەڕوو کە بەم شێوەیەیە:
٣١٥ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٥٢ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە، کە یەک تەقەکردن لە ڕۆژنامەنووس، یەک تیرۆرکردن بە درۆن، ١٢٠ ڕێگری و جیاکاری، ٧٤ لێدان هێرش و هەڕەشەو بێڕێزیکردن، ٥٣ شکاندن و زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەگەری، ٣ هەڵکوتانەسەر ئۆفیس و داخستنی کەناڵ، ٥٢ دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووس، ٤ پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری و بەڵێنامەی نایاسایی و ٧ هێرشی ئەلکترۆنی، بۆسەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، لە نایاندا ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەنووس و توندوتیژییەکان بەرامبەریان بەم شێوازەبوو:-
_ لە سێ حاڵەتی هەڵکوتانە سەر دەزگایی میدیایدا، لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە کۆمپانیاییەکی تەلەفزیۆنی سنوردارە، کاری میدیای بۆ تەلەفزیۆنی ژن تیڤی دەکات، بەبێ هەبوونی مۆڵەت لەژێر ناوی بەسەرچوونی مۆڵەتی ساڵانەدا دایانخست.
_ لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چالاکی مەدەنی لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژهەڵات، هێزە ئەمنییەکان دەستیانکرد بە دەستبەسەرکردنی تیمەکانی ڕاگەیاندنکرد، لە دەستبەسەراگرتنت ١٤ ڕۆژنامەنووس، ٥ ژنی ڕاگەیاندکاربە ناوەکانی هانا محەمەد، مەهران ڕەمەزان،ژیلیا عەلی و شەونم محەمود، دەستبەسەر کران.
_ لە ٢٨ی ئابدا، چاوەڕوان محەمەد، پەیامنێری شار پرێس، لە کاتی دادگایکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەینوێدا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان دەکەنە سەر و کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان زەوتدەکەن.
_ لە ٢ی کانوونی یەکەمدا، لە لە لایەن هێزی ئەمنیی لە پەخشی ڕاستەوخۆدا هێرش بۆسەر شەیما ئەحمەد، پەیامنێری کەناڵ ٨ هێرش دەکاتە سەریان، و بەزۆر هەوڵی ڕاگرتنی کاری میدیاییان دەدەن.
_ ٢ی کانوونی دووەم، لە سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆمپانایای گزنگی بەربەیان و سەنتەری میترۆ، ئیدانەی داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کرد، کە کاری بەرهەمهێنانی میدیاییە لە شاری سلێمانیدا، لە ژێر ناوی بەسەرچوونی مۆڵەتی ساڵانەدا هێرشکرایە سەریان و دایانخست.
_ لە ٩ی شوباتدا، لە بازگەی دێگەڵە، لە سنووری شاری هەولێردا، لە کاتی ڕووماڵی خۆپشاندانی مامۆستایان ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرش بۆسەر چەندین کارمەندی دەزگا میدیاییەکان کرا، تێیدا ( مەهران ڕەمەزان، پەرژین حەسەن، شەهێن وەهاب، کۆچەر حەمزە، ماردین محەمەد، سنور کەریم، پەرۆش عەزیز، ژیلیا عەلی) ڕووبەڕووی هێرشە توندەکانی گازی فرمێسکڕێژ و شکاندنی کەرەستە ڕۆژنامەنوسییەکانیان.
_ ١٢ی شوبات، لە سەیدسادق، سەربە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە، تابلۆی هەردوو ژنە شەهیدی پێشەنگی ڕۆژنامەنووس، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، شێوێندرا.
_ لە ١٣ی شوباتدا، لە شاری سلێمانی، تیمی تەندروستی مانگرتووان، لە نەخۆشخانەی شار، بێڕێزی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدرا، پەیامنێر شەهێن وەهاب هەڵدەستێت بە لابردنی مایکەکەی، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بێڕێزییەکەیان.
_ ٢٤ی شوبات، لە شارۆچکەی عەربەت سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە کاتی ڕوماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی مانگرتو لە ناو خێمەی مامۆستایاندا هێرش بۆسەر میدیاکارانی ژن بە ناوەکانی مەهران ڕەمەزان، چاوەڕون مەحمود، ڕووبەڕووی توندتیژی و لێسەندنی پێداویستییە ڕۆژنامەنووسییەکانیان دەبنەوە.
_ ٢٦ی حوزەیران، لە سلێمانی، لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوادا، شەونم محەمەد، هانا مەحمود، ژیلیا عەلی، مەهران ڕەمەزان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستبەسەرداگرتن دەبنەوە.
_لە ٢٥ی تەمووز، لە قەزای خەبات، سەر بە پارێزگای هەولێر، لە کاتی ناڕەزایی هاوڵاتیان بەرامبەر نەبوونی ئاو کارەبا و خزمەتگزارییەکان لە گەڕەکەکەیاندا، ئەسرا عەدنان و هاوکارەکانی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.
_ لە ٢١ی ئابدا، لە دهۆک، لە سنووری ناحیەی زەلکان، لە کاتی ڕووماڵکردنی دەستبەسەرداگرتنی هاوردەی مریشکی خراپبوو، بازرگانێک بە ئۆتۆمبێلەکەی هێرشی کردە سەر پەیامنێر، شەرمین سەلمان، هەڕەشەی کوشتنی لێکرد.
_ لە ٢٨ی ئاب، لە سلێمانی، لە کاتی ڕووماڵی دادگایی کردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، چاوەڕوان مەحمود و هاوکارەکەی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژنامەنوسیەکانیان زەوتکرا.
_لە ٢٥ی تشرینی یەکەم، لە گوندی قەرەیەتاغ، سەر بە پارێزگای هەولێر، موختاری گوندەکە ڕێگری بۆ ڕووماڵکردن لە ڕۆژین عوسمان و هاوکارەکانی کرد.
_ لە ٢٨ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی، لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووخانی خانووە زیادەڕەوەکانی هوانە، ژولیا مەریوان و هاوکارەکانی ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێسەندنی پێداویستییەکانی ڕۆژنامەنووسیان لێ زەوتکرا.
_ لە ٢ی کانوونی یەکەم، لە قەزای خەبات لە شاری هەولێر، لە کاتی وەرگرتنی لێدوان لەسەر بارودۆخەکانی ناوچەکە، لە کاتی گەڕانەوەی شێراز عەبدوڵاو هاوکارەکانی، هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لێدەکەن و هەوڵی زەوتکردنی پێداویستیەکانیان دەدەن و میمۆرییەکانیان لێ دەسەندرێت.
_ لە ٢ی کانوونی دووەم، لە هەولێر، لە گوندی لاجان، لە کاتی ڕووماڵی ڕاستەوخۆدا، شەیما ئەحمەد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی لێسەندنی مایکەکەی دەدەن و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیدا دەگرن.
_ ٥ی کانوونی یەکەم، لە قەزای خەبات لە کاتی وێنەگرتندا شیراز ئەحمەد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشدەکرێتە سەری و پێداویستییەکانیان لێ زەوت دەکرێت و ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستەبەسەر دەکرێت.
_ لە ٢٢ی ئابدا، لە پاش هێرشەکەی لالەزار هەڵدەکوتنە سەر کەناڵی زووم و دەست بەسەر سەرجەم پێداویستییەکانی ڕۆژنامەنووسیدا دەگرن.
بە گوێرەی کۆکردنەوەی ئامارەکان بێت، لە کۆی ٣١٥ پێشێلکاری، ١٨ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٢ ڕۆژنامەنووسی ژن ئەنجامدراوە، هەروەها لە کۆی پێشێلکارییەکان دوو دەزگای میدیایی، کە لە ناویاندا ژنانی رۆژنامەنووسی تێدابوون، ڕووبەرووی داخستن بونەتەوە.
سەبارەت بە پێشێلکاری و بەربەستەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسانی ژن، ڕۆژنامەنووس شنۆ عوسمان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دۆخێکداین پێویستمان بە پشتیوانی هەیە"
شنۆ عوسمان، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا سنووردار کراوە، ڕۆژنامەنووسان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و کارکردنیان، لەبەردەم ئاڵەنگارییەکی سەختدان، لە ناویاندا ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاتر ڕووبەڕووی ئاڵانگارییەکان دەبنەوە، وتی: مانەوەی ژنان لە کاری ڕۆژنامەنووسیدا تابێت قورستر دەبێت، کێشەکان بۆسەر ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاترە، ڕووبەڕووی کێشە سیاسیی و جەنگییەکان دەبنەوە، بەهۆکاری ناسەقامگیری بارودۆخی جەنگییەوە ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتدا بەردەوام ڕووماڵی جەنگەکان دەکەن، هەروەها لە باشووری کوردستانیشدا ژنانی ڕۆژنامەنووس لە چالاکی و خۆپشاندانەکاندا کار بۆ گەیاندنی پەیامەکان دەکەن، کە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، سەرەڕای گەیاندنی پەیامەکان و ڕاستییەکان لە هەوڵی پاراستنی گیانی خۆشیاندان، کە دەتوانین بڵێین میدیای کوردی لەبەردەم کارێکی قورس و مەترسیداردا تێدەکۆشێت، بە تایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووسیش بۆیە لەم خاڵەدا ئێمە هەموومان یەکدەگرینەوە، گرنگترین خاڵی پشتیوانیمانە بۆ یەکگرتنمان، چۆن ئاگامان لە ژنانی ڕۆژنامەنووس بێت لە ڕۆژئاوا لەم دۆخەی کە ئێستا لە شەڕدان، چۆن ئاگامان لە ژنانی ڕۆژنامەنووس بێت لە ڕۆژهەڵات کە لەناو خۆپیشاندانەکاندان، لە باکووریش لەناو ئاڵەنگاری دیموکراسیدان، لە باشووریش خۆمان لەناو ئەزموونەکەداین، لە دۆخێکداین پێویستمان بە پشتیوانی کردن هەیە بۆ بەدەستهینانی دەستکەوتێکی زیاتر لەو ئاستەی کە هەمانە کە بە دۆخی بەشداری کردنە.
"هێشتا بەشداری ژنان لە راگەیاندندا کارا نییەو وێنەییە"
شنۆ عوسمان وتیشی: ڕەشبین نین لە ئاستی بەشداری کردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس، بەڵام بەشداری کردنەکە کارا نییە، بەشداری کردنێکە هێشتا تەنها وێنەییە، ژن نەیتوانیوە بەشداربێت لە داڕشتنی ستراتیژو سیاسەتی دامەزراوەکاندا، نەیتوانیوە لە پێگەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا بەشداری بکات، ئەگینا هاتنە پێشەوە لە ژنان هەیە، بەڵام ئەو سنوورەی کە بۆی داندراوە، لەوە زیاتر سنوور تێنەپەڕێنێت، ئەمەش سنوورێکی دەستکردە بۆ توانای ژنان، ئەگینا ژنەکان کەمتر کار ناکەن و کەمتر نازانن لە پیاوەکان کە دەرفەتی بەشداری کردنیان پێدراوە، تا ئێستاش لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە لە هەموو پارچەکان نەک تەنها باشوور بەشداری پێکردنی ژن بە پلەی دوو دێت، وەک چۆن بە هاوڵاتی ژمارە دوو دادەنرێت لە ماف و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هۆکارەکەی بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دابونەریتە چەقبەستووە کولتوورییە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یاساو کولتوورە سیاسی و دیموکراسیەی کە هەیە، ئەمانە هەمووی لە پشتیوانی ژنیان کەم کردووەتەوە بۆ سەرکەوتنەکانی بە تایبەتی لە کایەی ئازادی کە بابەتی کاری ڕاگەیاندنە.
"سنوورەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس پەیوەندی بە بۆچوونی سیاسییەوە هەیە"
لە کۆتایی قسەکانیدا شنۆ عوسمان ئاماژەی بەوەکرد ئەو بەربەستانەی لەبەردەم ژنان هەیە دەستکردن وتی: هەرچەندە وتمان سنوورەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس کولتوورییە بەڵام بەشێکی پەیوەندی بە بۆچوونە سیاسییەکەوە هەیە، کە دابەزیوەتە ناو میدیاکان و وایکردووە جێبەجێبکرێت، میدیاکانی هەرێمی کوردستان میدیای سیاسیین، ئەمە بەستراوەتەوە بە دیدگای حزب و سیاسەتەوە، ڕەنگە لەزۆربەی دامودەزگاکان کە بەڕێوەدەچێت پێگەی ژن پێگەیەکی بەهێز نەبێت، لەبەرئەوەی لەناو حزب و لایەنە سیاسییەکەشدا پێگەی ژن پێگەیەکی لاوازە، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە بەهێزەی پیاو هەیەتی لەناو جێگە سیاسییەکەدا، لەناو ئەو کارگێڕییەی کە بەڕێوەی دەبات، ئەوەش چوارچێوە بۆ بەشداری کردنی ژن و بۆ سەرکەوتنەکانی دیاری دەکات، بۆیە ئەگەر نەبوونی باڵانس لەناو سیاسەت هەبوو، بێگومان دادەبەزێتە خوارەوە بۆ ناو ئاستە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکەش کە هەردووکی میدیا دەگرێتەوە.