شنۆ شەهید ئەشقی: لە تەندروستی دهۆک بەقەبارەی دەیان ملیۆن دۆلار مانگانە گەندەڵی دەکرێت

شنۆ شەهید ئەشقی پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرایدەکات کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک بەقەبارەی دەیان ملیۆن دۆلار مانگانە تەنها لە ڕێگەی هاوردەکردنی پێنج مادەی خۆراکی گەندەڵی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شنۆ ئەشقی کە ئەندامی لێژنەی تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەرە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، پێنج بەرهەمی خۆراکی کەلە ژیانی ڕۆژانەی هەموو ماڵێک بەکار دەهێنرێت بە نایاسایی و بە بێ پشکنین لە گومرگی ئیراهیم خەلیل داغڵی پارێزگای دهۆک دەکرێت بەچاوساغی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی بێباکانە لەپێناو گیرفانی چەند بەرپرسێک ئاسایشی خۆراک و تەندروستی هەوڵاتیانی ئەو دەڤەرە خراوەتە ژێر مەترسیەکی جدی.

 

ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە هەر بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی هاوردەکردنی ئەو پێنج بەرهەمە خۆراکیە، هەموو جۆرەکانی شیر، ڕۆن و زەیت، خواردنەوەی وزە بەخش و کحولی، مادە سەرەتاییەکان، تەنها لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی دایە بۆ ئەوکۆمپانیاو بازرگانانەی کە لە وەزارەتی تەندروستی تۆمارکراون بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی تەندروستی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان گشتاندنی بۆ کراوە، بەڵام تەنها لە پارێزگای دهۆک کاری پێ ناکرێت و ڕێگە نادرێ بەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە بەڕێکاری یاسایی ئەم بەرهەمە خۆراکیانە هاوردە بکەن.

 

شنۆ ئەشقی دەشڵێت: "بۆ ئەم مەبەستەش لەچەند هەفتەی ڕابردوو لە ڕێگەی نوسراوێکەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستەی دەستپاکیمان ئاگادارکردەوە لەم کارە مەترسیدارە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی".