شلێر سەمەد: هێرشە درۆنییەکان زیان بە ژینگە و خاک و ئاوو هەوای ناوچەکەمان دەگەیەنێت
شلێر سەمەد، سەرۆکی سەنتەری سلێمانی بۆ ژینگە پارێزی و شاخەوانی وتی: بەهۆی پارێزراو نەبوونی سنوورەکانمان هێرشە درۆنییەکان زیان بە ژینگە و خاک و ئاوهەوای ناوچەکەمان دەگەیەنێت، کەوتنە خوارەوەی درۆنەکان ژینگە و هەوا ژەهراوی دەکەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ جەنگ بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ژینگە هەیەو دەرەنجامەکانى گۆڕانکارییەکانى ئاو و هەوا خێراتر و کاریگەرتر دەکات، دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدانی سروشت و زەوییە کشتوکاڵییەکان ئەم زیانانە دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبن، ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانی بەهۆی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا تێکەتووە، زیانی بە هاوڵاتیان و ژینگە و ئاژەڵەکان گەیاندووە، هەروەها شەڕە چەکدارییەکان کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژینگە دەبێت، چونكە ئەو پیسبوونەی لە دوای شەڕەکانەوە دروست دەبێت، لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جەنگ و شەڕەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ژینگەی جیهان، سەرەڕای رێککەوتننامەکانی ساڵی ١٩٧٧ بۆ پاراستنی ژینگە لە جەنگ و شەڕی چەکداریى دا، بەڵام هێشتا بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت و زۆربەی وڵاتان پێیەوە پابەند نین، بۆیە داوای سزا دەکرێت بەسەر ئەو لایەنانەی لەکاتی جەنگەکاندا زیان بە ژینگە دەگەیەنن.
لە ٢٨ی شوباتەوە، کە جەنگی ئێران- ئەمریکاو ئیسرائیل دەستیپێکردو ماوەی ٤٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، هەرێمی کوردستان بە نزیکەی ٧٠٠ درۆن و موشەک، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بۆردوومان کراوە کە بێجگە لە زیانە گیانییەکان، زیانی ژینگەیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.
" ژینگەی کوردستان بە هێرشەکانی داگیرکەر لە ناودەبرێت"
شلێر سەمەد، سەرۆکی سەنتەری سلێمانی بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی ئاماژەی بەوەکرد، پیسبوونی ژینگە کێشەیەکی گەورەو بەردەوامە لە تەواوی جیهاندا، هەڵگیرساندنی جەنگەکان ژینگە لەناودەبات، زیاتر لە سەد ساڵ ژیان و ژینگە بەرەو دواوە دەباتەوە، وتی: ڕۆژ بەڕۆژ ژینگەی جیهان بەرەو پیسبوون دەچێت، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو پیسبوونە، سەرەڕای پیسبوونەکان هاوڵاتیان و چالاکوانانی ژینگەیی بەردەوامن لە هۆشیارکردنەوەی تاک، تا ژینگە بەرەو نوێبوونەوە ببەین، سەرەڕی پیسبوونەکانی دیکە لە ئێستادا ئەو هێرشە جەنگیانەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە، زیانێکی مەودا دوور بە ژینگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، لە ڕێگەی ئەو کەرەستە کیمیایانەوە ئاوهەوای ناوچەکە ژەهراوی دەکەن، هێرشەکان لە ڕێگەی درۆنەوە زیانی ژینگەی و تەندروستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە ڕێگەی ئەو گازانەی لە دوای تەقینی درۆنەکان بڵاو دەبێتەوە، مرۆڤ و ژینگە و ئاژەڵەکانی ئەو ناوچەیە تووشی ژەهراویبوون دەبن، سەرەڕای ئەنجامدانی جەنگەکان هاووڵاتیان بۆخۆشیان هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی ژینگەن، پێویستە هەر تاکێکێک هەوڵ بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و کەشوهەواکەی بدات، ڕێگری لە لەناوبردنی ئاژەڵان بگرن، هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە جەنگەکان بگرن.
" پاشماوەی جەنگ هەزاران ساڵ لە خاکدا دەمێنێتەوە"
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو درۆنانەی دەکەونە خوارەوە لە ژینگەدا بەجێ دەمێنێت، دوای ئەوەی زیان بە هاوڵاتیان و ئاژەڵان دەگەیەنێت، کاریگەری لەسە خاکەکەش بەجێدەهێڵێت، وتیشی: لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکان و کەوتنە سەر زەوی زیانێکی زۆر بە ژینگە و کەشوهەوای ناوچەکە و خاکەکەشی دەگەیەنێت، لەپاش کەوتنە خوارەوەی پارچەکان لادەبرێن، بەڵام ببرێتە هەرکوێیەک یان ئەو ماددانەی تێیدا بووە، خاک هەزاران ساڵ بەرەو لەناوبردن دەبات، پێویستە هاوڵاتیان لە کاتی ڕووداوەکاندا نەیەنە شوێنی ڕووداوەکان تا ئەو گازو پاشماوە زیانیان پێنەگەیەنێت، یان زیاتر سەردانی دەرەوەی شارەکان بکەن و دوورکەنەوە لە شارە جەنجاڵەکان.
"ئێمەی کورد سنوورەکانمان پارێزراو نییە"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی کورد سنوورەکانمان لە دەستی داگیرکەران پارێزراو نییە، هەروەها هاوڵاتیان خۆیان پارێزگاری لە خاکەکەیان بکەن، لە ڕێگەی سەوزکردنی ناوچەکاننەوە بتوانین ژینگەی کوردستان کەمێک باشتر بکەینەوە، هەر هاوڵاتیەک لە بەردەم ماڵەکەی خۆیەوە نەمام و سەوزایی بڕوێنێت تا بتوانین ژینگەیەکی پاکمان هەبێت، هاوڵاتیان لە کاتی گەشت و سەیرانەکاندا پاکوخاوێنی ناوچەکە ڕابگرن، تا زیانی زیاتر بەر خاکەکەمان نەکەوێت.