شەڕێکی تایبەت گەنجانی کورد دەکاتە ئامانج و لەبەرامبەردا دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی چارەسەری قەیرانەکان دەکات
باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا شایەتی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی و هەڵگرتنی چەکی کەسی بوون، ئەمەش وایکردووە کە پلاتفۆرمی "هۆشیار بە" دابمەزرێنن، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵەنگاریانە.
وان
لەم ساڵانەی دواییدا باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی و هەڵگرتنی چەکی کەسی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی دەستپێکردنی دەستپێشخەری کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردانە، لە دیارترینی ئەم دەستپێشخەرییانە "هۆشیار بە" "Şiyar Be Platform"هەیە، کە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی گەنجانە سەبارەت بەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە ڕێگەی چالاکی جیاواز و بۆنە و سەردانی مەیدانییەوە.
سەرەڕای ئاستەنگە ئاسایشییەکان، "پلاتفۆرمی هۆشیار بە" "Şiyar Be Platform" ٦ی کانوونی یەکەم بە فەرمی لە شاری وان بە ڕاگەیاندراوێکی گشتی دەستیپێکرد، ڕوکەن کلیج، وتەبێژی پلاتفۆرمەکە لە وان، ڕوونیکردەوە، خراپتربوونی کێشەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی و بڵاوبوونەوەی چەکی کەسی لە لێکتێگەیشتنی هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
"هۆشیار بە" "Şiyar Be Platform": پلاتفۆرمێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی
ڕوکەن کلیج وتی: لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شارەکە کۆبووینەوە و ئەم پلاتفۆرمەمان دەستپێکرد، دواتر دەستبەجێ چالاکییەکانمان دەستپێکرد، پلاتفۆرمەکە بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەم ئاڵەنگاریانە لە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵ و هەڵمەتە هۆشیارییە بەردەوامەکانەوە.
ئاماژەیبەوەشکرد، باکووری کوردستان دوو جۆر جەنگ بەخۆیەوە دەبینێت، یەکێکیان شەڕی سەربازییە و ئەوی دیکەیان ڕەهەندی ڕەوشتی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی هەیە، هەردووکیان پێکەوە گرێدراون و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە تورکیا هەموو ساڵێک ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە، وتی: تورکیا بووەتە وڵاتی قەیرانەکان، ئەم حکومەتەش بە دروستکردنی قەیران هەم تورکیا و هەم باکووری کوردستان بەڕێوەیدەبات، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دیاردەی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و میلیتاریزەکردن پێکەوە تێکەڵبوون، لە ڕابردوودا ئەم دیاردانە لە ناوچەکانی ئێمەدا نەناسراو بوون، بەڵام ئەمڕۆ کە بەناو گەڕەک و شەقامەکاندا دەڕۆیت، دەبینیت گەنجان بوونی ماددەی هۆشبەر ڕەتدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی بەربڵاوە.
جەختی لە پێویستی بەپەلەی دامەزراندنی پلاتفۆرمی "هۆشیار بە" "Şiyar Be Platform"کردەوە و وتی: لە میانی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ خاوەن دوکانەکان، وتیان ئەو شەقامانە تایبەتن بە کولتووری و هونەر، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەوە، کە لەشفرۆشی و ئەم جۆرە شەڕەی لەگەڵدایە، توانای ئەنجامدانی چالاکییەکانیان لەوێ نەماوە.
"ئاگاداربە: بانگەوازێک بۆ پاراستنی گەنجان لە شەڕی تایبەت"
سەبارەت بە کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر بە خستنەڕووی پلاتفۆرمەکە، ڕوکەن کلیج ڕوونیکردەوە، کە ڕوون بووەوە ئەوان ئارەزووی ئەو جۆرە چالاکییانەیان نییە، وتی: کاتێک چووین بۆ ئەوەی ڕاگەیامدراوەکەمان بخەینە بەردەم ڕۆژنامەکان، ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی ئاسایشی قورس بووینەوە، پۆلیس ڕێگری لێکردین بەناو ناوچەکەدا بڕۆن و وتیان ڕێگەتان پێنادەین، ئاماژەیان بە تابلۆیەک کرد کە لەسەری نووسرابوو ''لەکوردستان ڕێگە بە مادەی هۆشبەر نادەین''، پاشان وتیان ئەوان ئەم شوێنە نانسن ئێمەش لە وەڵاممدا، وتمان ئەمە کوردستانە، ئەمە ناسنامەی ئێمەیە، ئێمەش بوونی ماددە هۆشبەرەکان قبوڵ ناکەین، ئێوە بەرپرس و ئەفسەری پۆلیس و سەربازن، بڕیارەتان داوە کە ئێوەش ناتانەوێت ماددە هۆشبەرەکان بڵاوبێتەوە، بەڵام ئێوە ڕێگری لە ئێمە دەکەن کە ئەمە دەرببڕین.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، دوای سێ بۆ چوار کاتژمێر، توانیمان دامەزراندنی پلاتفۆرمەکە ڕابگەیەنین. ئەمڕۆ دەوترێت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەیە، بەڵام شەڕی تایبەت بەردەوامە. بۆیە دەبێت ئەم جۆرە شەڕە بوەستێت، شانبەشانی شەڕی سەربازی.
ئاماژەی بە گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا لەسەر ژیانی گەنجانی کورد کرد، وتی: ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خەڵک پەرتووکی دەخوێندەوە و خاوەنی زانست بوون، زانکۆ و شەقامەکان زیندوو بوون، ژنان و گەنجانیش ڕۆڵێکی دیاریان لە کۆمەڵگەدا هەبوو، دوای بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، سیاسەت لە ژیانی ژنان و گەنجان پاشەکشەی کرد، حکومەتی ئاکەپە پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت بەرەو نەزانی و دووریان دەخاتەوە لە سیاسەت، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ژنان لە ماڵەوە بمێننەوە و مەیدانەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، بۆ ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی و کارەکانی تر کە کۆمەڵگە لاواز دەکەن و پێکهاتەکەی هەڵدەوەشێننەوە.
ڕوونیکردەوە، کە بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی لە شەقامەکاندا، ئەو زیندووییە لەناوچووەیە کە لە ڕابردوودا ماددەی هۆشبەر لە وان نەناسرابوو.
ڕوکەن کلیج جەختی لەسەر ڕاستی پرسەکەکردەوە، وتی: سەرەڕای بوونی کامێرا و ڕێوشوێنی ئاسایشی و سیاسەتی سەپێنراو، هەشت هەزار بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان لە باکووری کوردستان هەن، ئەمەش واتای ئەوەیە ڕێگا بۆ ئەم دیاردەیە خۆش دەکرێت، بەو پێیەش داوا لە گەنجان دەکرێت واز لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان، زمانەکەیان، و هەموو بەهاکانیان بێنن، لە سەرەتای شەڕەکە، کۆمەڵگە دەستی کردووە بە درککردن بەوەی ژنان و. گەنجان لە بەرامبەر ئاڵەنگاری و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بێدەسەڵاتن.
"هیچ سیاسەتێک بۆ بنبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی دانەنراوە"
ڕوکەن کلیج پێیوایە دۆخی ئێستا ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵە، لە ڕابردوودا گەنجانمان دەچوونە زانکۆ بەناوبانگەکان و پەرتووکیان دەخوێندەوە، بەشدارییان لە چالاکییەکاندا دەکرد، پاڵپشتییەکی چارەنووسسازیان پێکهێنا لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ ژنان. ئەمڕۆ گەنجان لە زانکۆکان و بازاڕی کار کشاونەتەوە، چیتر بەشداری چالاکی ناکەن، ئەگەر ئەم بۆشاییە بەردەوام بێت، ئەوا نەوەی لاواز سەرهەڵدەدەن و بەها کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەوەشێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ''هۆشیار بە' هەوڵدەدەین بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ئەو دیاردە نەرێنیانە لە کۆمەڵگە. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هەڵوێستی ڕاستی لە دژی مادەدی هۆشبەر و لەشفرۆشی نەگرتووە تە بەر، کاتێک دامەزراندنی پلاتفۆرمەکەمان ڕاگەیاند، ڕووبەڕووی ئامادەیییەکی ئاسایشی قورس بووینەوە، بە نزیکەی دوو هەزار ئەفسەری پۆلیس بە زرێپۆش و ڕێگەی دیکەی سەرکوتکردنەوە بڵاوەیان پێکردین، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر ڕێگریان لێکردین بۆ گەیاندنی راگەیاندراوەکەیان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتداران نایانەوێت ئەم دیاردە وێرانکەرانە لە کۆمەڵگەدا نەمێنن.
سەبارەت بەو شێوازانەی لەم "جەنگە تایبەتەدا" بەکارهێنراون، وتی: ئەم شەڕە لەڕێگەی میدیا و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانەوە بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا سەربازەکە وەک ئەوە وێنا دەکرێت کە دێت بۆ ڕزگارکردنی کچەکە، لەکاتێکدا لەڕاستیدا بەشێکە لە ستراتیژی شەڕی تایبەت، ئامانج دزەکردنە بۆ ناو کۆمەڵگە بەتایبەت لەنێو گەنجانی باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا، وتیان ئەگەر لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە ملکەچتان نەکەین، ئەوا لەڕێگەی شەڕی تایبەتەوە لەناوتان دەبەین.
وتمان: دەبێت لە دژی ئەم شەڕە ڕاپەڕین و وریا بین، شەڕ و ئاوارەبوون هەموو کۆمەڵگەی ناچارکردووە بچێتە حاڵەتی ئاوارەیی ناوخۆییەوە، ئەم ئاوارەبوونەش بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە حکومەت شەڕی تایبەتی خستۆتە ناو ژیانمانەوە، هەموو کەسێک بە کێشەکانی خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئاوارەکان بەتەنها ماونەتەوە، منداڵەکانیان کەوتوونەتە ژێر نێچیری ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی، پێویستە گەڕەک و گوند و شارەکانمان بپارێزین، هەروەها نابێت ئەم سیاسەتە دوژمنکارانە قبوڵ بکەین، ئەم شەڕە دژی ئێمەیە، دژی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستگیرکراوان و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت، هەروەها کاتی ئەوە هاتووە ئێمە هەستن، تەنانەت ئەمڕۆش گەنجەکانمان کوژراون، داهاتووشیان بەهۆی ئەم شەڕە تایبەتەوە لەناوچووە.
لە کۆتاییدا، ڕوکەن کلیج پلانی کارکردنی پلاتفۆرمی "هۆشیار بە"ی خستەڕوو، وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییە مەیدانییەکانمان، لە شەقامەکان، گەڕەکەکان، گوندەکان، مزگەوتەکان و کڵێساکان ئامادە دەبین بۆ ئەوەی بە ڕوونی بڵێین ئەمە مادەی هۆشبەرە و ئەمە لەشفرۆشییە، ئامانجمان پاراستنی گەنجەکانمانە لە نێچیری ئەم بەڵایانە و لە هەڵگرتنی چەکی کەسی، بەرنگاربوونەوەی ئەم "جەنگە تایبەتە" بە تەنها لە ڕێگەی یەک پلاتفۆرم یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەدەست ناهێنرێت، دەبێت بەرەنگاربوونەوەیەکی هەمەلایەنە هەبێت کە حکومەت و پەرلەمان و بیرۆکراسی و هەموو ئەوانەی دەسەڵاتی بڕیاردانیان لەخۆ بگرێت، یەکبگرین بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە تایبەتەی کە بەسەر باکووری کوردستان و تورکیادا سەپێندراوە.