شاندی ژنان لەگەڵ لایەنە فەرەنسییەکان بۆ گفتوگۆکردنی پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆدەبنەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی دۆخی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شاندی ژنانی بەرەو ئەوروپا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی و ڕاگەیاندنییان لە پاریس ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی گەشتە بەردەوامەکەی لە ئەوروپا، شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چەندین پایتەختی ئەوروپا بەردەوامن لە کۆبوونەوە سیاسی و ڕاگەیاندنیەکانیان، هەروەها شاندەکە هەوڵدەدات دەنگی ژنان لە ناوچەکە گەورەتر بکات و ڕۆشنای بخاتە سەر ئەو ئاڵەنه=گاریانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە لە ڕۆشنای پێشهاتەکانی ئێستادا.

 

ڕۆژی ١٢ی ئەیلوول، شاندی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زنجیرەیەک دیداریان لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی فەرەنسا ئەنجامدا، لەوانە پارتی سەوز، حزبی شیوعی و پارتی سۆسیالیست، هەروەها نوێنەری پارتەکانی دیکە، چەند ئەندامانی پەرلەمانی فەرەنسا بەشداریان لەو کۆبوونەوانەدا کرد، کە تیایدا بیروڕا لەبارەی پێشهاتە سیاسی و مرۆییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.

 

هەروەها شاندەکە لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆی ئارەزومەند لە کاروباری سووریا کۆبووەوە، کە گفتوگۆیەکی بەرفراوان سەبارەت بەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە مافەکانی ژنان و سەقامگیری سیاسی و هەڕەشە ئاسایشیەکان ئەنجامدرا، ئامادەبووان گرنگییەکی قوڵی خۆیان بۆ پێشهاتەکانی ئەو ناوچانە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و دیموکراتی کردەوە.

 

ئەم دیدارانە بەشێکن لە زنجیرەیەک هەوڵی نێودەوڵەتی کە شاندی ژنان بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەرزکردنەوەی هاودەنگی لەگەڵ دۆزییان لە نێو ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.