شاندی ئاشتی سەردانی خێزانەکەی کونەماسیان کرد کە بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە بریندار بوون
شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی سەیرانگای کونە ماسییان بەسەرکردەوە کە ساڵی پار خێزانێکی مەدەنیی تێیدا بوونە ئامانجی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان سەردانی سەیرانگای کونەماسیان کرد لە ناوچەی شارباژێر و ئەو خێزانەیان بەسەرکردەوە کە ساڵێک پێش ئیستا لە ٢٥-٦-٢٠٢١ دەوڵەتی تورکیا لە هێرشێکی فرۆکە جەنگییەکاندا بۆردومانی کرد و تێیدا ٥ ھاوڵاتی مەدەنی برینداربوون کە چواریان لە یەک خێران بوون، شاندەکە ئەو خێزانەی بەسەرکردەوە لە نزیکەوە گفتوو گۆیان کرد دەربارەی ئەو تاوانەی تورکیا.
نیکۆ ڤۆگل ئەندامی شاندەکە وتی: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ھاوخەمی خۆمان دەربڕین و لە نزیکەوە ھەست بە ئازارەکانتان بکەین، لە نزیکەوە تاوانەکانی تورکیا ببینین، پێشمان وایە تورکیا دەوڵەتێکی فاشیستە بەھەموو شێوەیەک پاکتاوی ڕەگەزی لە دژی گەلی کورد پەیرەو دەکات، ئاماژەی بەوەشدا: پێمان وایە ئەو ھێرشانە تەنھا تورکیا نییە بگرە دەوڵەتانی تریش پشتیوانی ئەو تاوانەن بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە چەک بەتورکیا دەفرۆشن و پشتویانی سیاسەتی شەرانگێزانەی تورکیا دەکەن.
نیکۆ وتیشی ئێمە وەک گەلی ئەڵمان دژی چەک فرۆشتنی دەوڵەتی ئەڵمانین بە تورکیا کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی گەلی سڤیلی ناوچەکە ببێتە قوربانی سیاسەتی بازرگانی چەک بەم شێوازە.

پەیمان تاڵب یەکیک لەو ژنانەیە کە بووەتە قوربانی بۆردومانی ئەو جەنگە و قاچێکی لە سەروو ئەژنۆیەوە لەدەستدا و دوو لە منداڵەکانی برینداربوون و ھاوژینەکەشی بە سەختی برینداربوو، تا ئیستاش ٢٠ پارچەی موشەکەکە لە لەشیدا ماوە دەڵێت: تاکە داواکاری ئێمە ئەوەیە کۆتایی بەو دەستدرێژیانەی تورکیا بھێنرێت، کە بەو شێوازە دڕندانەیە ھێرش دەکاتە سەر کوردستان و ئێمە بووینەتە قوربانی ئەو بۆردومانەی تورکیا دەیکات، وتیشی با چیتر وڵاتانی ئەوروپا چەک بە تورکیا نەفرۆشن بۆ ئەوەی چیتر کەسیتر نەبێتە قوربانی.
ت.پ