شاندی ئاشتی ڕێگرییان لێدەکرێت سەردانی مەخمور بکەن

شاندی ئاشتی و ئازادی بڕیار بوو ئەمڕۆ سەردانی کامپی مەخمور بکەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی بازگەی کەرکوکەوە ڕێگرییان لێکرا، بەشكی دیکەی شاندەکەش سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زرگوێز کۆبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشێک لە ئەندامانی شاندی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، ئەمڕۆ ویستیان سەردانی کامپی پەنابەرانی مەخمور بکەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی عێراقەوە لە کەرکوک ڕێگریان لێکرا.

ئەندامانی شاندەکە بۆ ڕێگەپێدان لەگەڵ لایەنی عێڕاقی لە گفتوگۆدان و سورن لەسەر سەردانییەکەیان بۆ کامپی مەخمور کە یەكێکە لەو شوێنانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان کراوە.

هەر ئەمڕۆش بەشێکی دیکە لە ئەندامانی شاندەکە لە گوندی ڕزگوێزی ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوە و لەلایەن کۆمەڵەوە پێشوازییان لێکرا، گفتوگۆشیان لەسەر پێکهێنانی بەرەیەک کرد لەپێناو ڕێگریکردن لە هەرجۆرە شەڕێکی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی ناوماڵی کورد.

شاندی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان لە باشوری کوردستان بەردەوامن لە سەردانییەکانیان بۆلای لایەنەکان، دوای ئەوەی ئاسایشی پەدەکە لە هەولێر ڕێگرییان لێکردن، لە شاری سلێمانی، هەڵەبجە، دەربەندیخان چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و دوێنێش سەردانی شوێنی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنییان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە کونەماسی کرد.

 

ت.پ