شاندی پەرلەمانتارانی ئەوروپا: جێبەجێکردنی مافی هیوا ناچارییەکی یاساییە
شاندی فراکسیۆنی چەپی یەکگرتووی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی بڕیاری مافی هیوای دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) ناچارییەکی یاساییە.
ناوەندی هەواڵ
شاندی فراکسیۆنی چەپی یەکگرتوو(UEL) لە ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا (MPKE)، لە چوارچێوەی هەواڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، “مافی هیوا” و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، لە ئەنقەرە چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
شاندەکە سەرەتا سەردانی وەزارەتی دادی کرد بۆ ئەوەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) جێبەجێ بکرێن، دوای سەردانەکە، ئەندامانی شاندەکە لە بەردەم وەزارەتدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هاوسەرۆکی فراکسیۆنی چەپی یەکگرتوو(UEL) و پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتووخوازی کرێکاران (AKEL)ـی قوبرس جۆرج لۆکایدس، هاوسەرۆک و ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئیسپانیا لە پارتی چەپی کۆماریخوازی کەتەلۆنیا (ERC) لاورا کاستێل، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپی یەکگرتوو و ئەندامی پیرانی فەڕەنسا لە فراکسیۆنی فەڕەنسای سەر دانەنوێنەر ئیمانوێل فێرناندس، سەرۆکی فەخری ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا تینی فۆکس و سکرتێری فراکسیۆنی چەپی یەکگرتوو ئانا کۆلۆتۆڤا بەشدار بوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، بۆ سەردانیکردنی ڕێبەر عەبدولا ئۆجالان و هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی ههدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش سەردانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کراوە.
هەروەها ڕاگەیاندرا، لە هەمان چوارچێوەدا داوای چاوپێکەوتن لە وەزارەتی داد کراوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی فەرمیان وەرنەگرتووە.
شاندەکە باسی لەوەشکردووە، لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا دەکەن، ئاشتییەکی هەمیشەیی نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەرئەنجامی گرنگی لێ دەکەوێتەوە، بانگەواز لە هەموو لایەنەکانی پڕۆسەکە دەکەین بە ئیرادەوە هەنگاو بنێن.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ڕاگەیاندرا، جێبەجێکردنی ‘مافی هیوا’ بە زووترین کات کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە بەڕێز ئۆجالان داویەتی، ناچارییەکی یاساییە.
شاندەکە ڕایگەیاند، بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆسەکە، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بەردەوام دەبن.