شاندی کەنەکە لەگەڵ توێژە جیاوازەکانی خانەقیندا کۆبوونەوە
شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا کۆدەبێتەوە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و یەکڕیزی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، دوێنێش لەگەڵ ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی خانەقیندا کۆبوونەوە.
ناوەندی هەواڵ
شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە، بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان، ئێوارەی دوێنێش لە سەردانێکیاندا بۆ شارچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، لە ناوەندی کلتوری لەگەڵ سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیراندا کۆبووەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر لێکەوتەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و نیشاندانی هەڵوێست دژ بەو هێرشانە،

شاندەکەی کەنەکە بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، سەردانی باشوری کوردستانیان کردووە، زەینەب موراد ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت، پیلانگێڕییەکی فراوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەوەش لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هەڵوێست و یەکڕیزی هەیە.
هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی بە هەڵوێستی لایەنەکانی ناوخۆدا و وتی: هەڵوێستی لایەنەکان وەک پێویست نییە، نەمانتوانیوە یەکڕیزییەکمان هەبێت دژ بەو هێرش و مەترسییانە، بۆیە ئێمە هاتووینەتە باشووری کوردستان و لەگەڵ حزبەکان و گەل، ڕاستییەکان و ئامانجەکانی تورکیا دەخەینەڕوو کە تەنها دژایەتیکردنی پەکەکە نییە، بەڵکو بۆ لەناوبردنی هەموو کوردستانە، کورد لەبەردەم پرۆسەی قڕکردندایە، ڕاووبۆچوونی ئێوەمان بۆ گرنگە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانمان و خاکەکەمان، تا بەیەکدەنگی و یەکدەستی لەبەرامبەر هەموو مەترسیەکان بوەستینەوە، چونکە تاکە چارەسەریی، تەنها یەکڕیزی و یەکێتیی نەتەوەییە.

دواتر لە گفتوگۆیەکدا لە نێوان ئامادەبووان و ئەندامانی کەنەکەدا گەشتنە ئەو بڕیارەی سەرباری هەڵوێستەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٠٠ی لە فولکەی کرندی ناو خانەقین گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ڕێکبخرێت دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.
ت.پ