شاندی دەم پارتی لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیمراڵی دەکات

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکان، شاندی دەم پارتی (پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان، مەدحەت سەنجەر و پارێزە فایەق ئۆزگور ئەرۆل) دوایین جار لە ١٣ی ئەیلوول، سەردانی ئیمراڵییان کردبوو و ئەم سەردانە نوێیە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر کۆتا دیداری شاندەکەدا دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و وردەکاریی سەردانەکە ئاشکرا نەکراون.

 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دەم پارتی لە ڕێگەی هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەی، تونجەر باقرخانەوە ڕایگەیاند، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێگەکەی لە زیندانی ئیمراڵی گۆڕیوەو هاوکات سکرتارێتییەکەشی بەهێز کراوە.

 

هاوکات ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە کۆتا دیداری خێزانیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٨ی تشرینی دووەم ئەنجام درا؛ لەو دیدارەدا عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و برازای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی (حەوا ئێڵچین خوارز و حاجی ئایدن ئۆجالانی ئامۆزای ڕێبەر) لە دوورگەی ئیمراڵی چاویان پێی کەوتبوو و دواتریش وێنەیەکی نوێی ئەو دیدارە خێزانییە بڵاوکرایەوە.