شاندێکی ڕۆژئاوای کورستان بەمەبەستی سوپاسگوزاری سەردانی شاری کۆیەیان کرد
شاندێک لە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ نوێنەرایەتی مانگی سوری کوردی، بەمەبەستی سوپاسگوزاری بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی شاری کۆیە لەمەڕ ئەنجامدانی گردبوونەوەی پشتیوانی و کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی کۆیەیان کرد.
شیا کۆیی
کۆیە-دوێنێ شاندێک کە پێکهاتبوون لە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان و نوێنەرایەتی مانگی سوری کوردی، بەمەبەستی گەیاندنی سوپاسگوزاری و پێزانینیان بۆ هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی شاری کۆیە لەمەڕ ئەنجامدانی گردبوونەوەی جەماوەری و کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا سەردانی شاری کۆیەیان کرد.
سەرەتا سەردنی قائمقامی قەزای کۆیەیان کرد بە مەبەستی سوپاس و پێزانینی خەڵکی بە ئەمەک و قەدر گرانی شاری کۆیە، پاشان لە لایەن ئەندنمان و لیژنەی سەرپەرشتیاری چالاکیەکانی شاری کۆیە بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و بەناوی خەڵکی کۆیە زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنیان کردن.
نەجمە عەلوش، ئەندامى شاندى ڕۆژئاوا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانییدا سەبارەت بە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ شاری کۆیە وتی: هاتووین تا سوپاس و دەست خۆشی لە گەلی كۆیە بكەین، چونكە ئەركی خۆیان وەك گەلی كورد جێبەجێ کرد، هەر لە كۆكردنەوەی هاوكاری و دروستكردنی كەمپەین و گردبوونەوە و خۆپیشاندان و چالاكی بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا، دەستخۆشیان لێ دەكەین، بە دەنگی گەلی كۆیەو باشوور و هەموو كورد گەلەكۆمەی سەر ڕۆژئاوا تێکچوو، بۆ ئەم دۆخەى ئێستا گۆڕاوە، هاوكات پشتیوانی و پاڵپشتییەكی مەزن بوو بۆ گەلی ڕۆژئاوا و شەڕڤانان دەیان وت مادام گەلی باشور لەگەڵمانن ئەوە وادەکات بەهێزبین لەناو سەنگەر، ئەوەش وایکرد كە بەردەوام بن لە بەرخۆدان، كورد بۆ ڕۆژئاوا ئەنجامی دا هەموو سنورەكانی تێپەڕاند، تەنیا كوردبوون كۆی كردنیەوە، توێژەکان تا ئیسلامیەکانیش وتیان پێش هەموو شتێک کوردین، و گەلی باشوور بەخوێن گیانی بەخشی بۆ ڕۆژئاوا بێ جیاوازی بیروباوەڕی ئاینی و ئایدۆلۆژی پێكەوە دژی پلانەكانی دووژمن وەستانەوە.
بانگەوازی بەردەوامی یەکدەنگی
لەکۆتایی قسەکانیدا نەجمە عەلوش وتی: زۆر گرنگ بوو کە کورد لەهەمو شوێنەک یەکدەنگ و یەکڕەنگ پاڵپشتی لە کۆرد کرد ،بۆیە لێرەوە بانگەوازی هەمو کورد دەکەم کە بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕێبازە، چونکە یەکدەنگی کورد ئەوەی نیشاندا ئێمە کوردین و ئێمە هەین لە جیهان.
تاڤگە حەمەساڵح، لە سەرپەرشتیارانی لیژنەی کەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكاری و ڕێكخستنی گردبوونەوەكانی كۆیە بۆ پاڵپشتى ڕۆژئاوا وتی:وەک ژنانی کۆیە خۆشحاڵین كە توانیبێتمان هاوکارو پاڵپشتی ڕۆژئاوا بین گەر بە شتێکی کەمیش بێت، چونکە ئەوان لێیان قەوما هەروەک ئەنفالێکی نوێ وابوو، هاوکات ئەوە کوردی زیندوو کردەوە کە زوڵم و ستەم لە دووژمن قبوڵناکەین، و یەکگرتویەکی جوان درووست بوو لەناو کورد، پەیامێکی جوان بوو.
تاڤگە حەمەساڵح سوپاسی ئەو شاندەشی کرد کە سەردانی شاری كۆیەیان كردووە، تا بەچاوی خۆیان ببنن شاعیری سرودی ئەی ڕەقیب هەر لەو شارەوە لە زووەوە هەوڵی یەکگرتنی کوردی داوە وتی: ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو ئەنجاممانداوە هەر لە كۆكردنەوەی هاوكاری و گردبوونەوە و چالاكی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای كوردستان، بە ئەركی خۆمانی دەزانین.
"یەکگرتوویی کوردی لێکەوتەوە"
ڕوناک سەڵاح، ئەندامی کەمپین سەبارەت بەهەڵوێستی کورد بۆ ڕۆژئاوا وتی: سوپاسی خوا دەکەین کە جێ دەستمان دیاربوو لە پاڵپشتی کردنی ڕۆژئاوا ، هەر چەندە ئەوکات کەشێکی ساردو سەرما بوو بەڵام ئەوە نەیوەستاندین وەک ژنانی کۆیە بەردەوام بووین لە پاڵپشتی کردنی ڕۆژئاوا، ئەوەش دیارە کە یەکگرتوویی کوردی لێکەوتەوە ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن. نەشمیل سابیر میرە، ئەندامی کەمپین وتی دەستخۆشی لەهەمو خەڵکی سنوری شاری کۆیە دەکەم کە هاوکارو پاڵپشتن هەمیشە، وەک خۆم ئامادەم گیانیشم فیدای کوردستان بکەم، چونە جیاوازی نیە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا یەک پارچەیە، دەستخۆشی لە ژنان دەکەم لە باکوور و قەندیل و ڕۆژئاوا و چاویان ماچ دەکەم بەهیوای سەرکەوتن و دەوڵەتی کوردی.