شاندێکی ژنان لەگەڵ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی پێکهاتەکانی سووریا دەکەن
شاندێکی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی سوورییەکان، تیشکیان خستە سەر ئازارەکانی عەلەوییەکان و دروزەکان بەتایبەتی ژنان و ڕێگاکانی بەڵگەنامەکردنیان و هاوکاریکردنیان.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٠ی ئەیلوول، شاندێکی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" لە بەرلینی ئەڵمانیا ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی گەلی سووریا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا، بە دەسەڵاتی جیهادییەکانی هەتەشە لە دیمەشق کرا.
گفتوگۆی نێوان ئەندامانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و شاندی ژنان بە تایبەتی تیشک خستە سەر ئەو پێشێلکاریانەی کە مەزهەبی عەلەوی و دروزیان کردۆتە ئامانج، هەروەها پێشێلکارییە قورسەکانی دژی ژنان، لەوانەش کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن، شاندەکە جەختی لەسەر پێویستی بەڵگەنامەکردنی ئەم تاوانانە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە کردەوە.
هەروەها لە دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگی دانانی میکانیزمێکی کاریگەر بۆ هاوکاری و کاری هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کرایەوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی هەوڵەکانی چاودێری و بەڵگەکردن و داکۆکیکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا.