شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: پێشهاتەکانی دهۆک جێ پەنجەی داگیرکارییان پێوە دیارە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە دەڵێت: پێشهاتەکانی دهۆک جێ پەنجەی داگیرکارییان پێوە دیارە، هێزە چەکدارەکانی سەربە دەوڵەتێکی دراوسێ خاڵی پشکنین لەسەر خاکەکەمان لە دهۆک دادەنێن و هاتوچۆ دەکەن، کەسیش قسە ناکات.
ناوەندی هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاتنەناوەی سەدان زرێپۆش و سەربازی ئەو دەوڵەتە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی هەیە، هێزە چەکدارەکانی سەربە دەوڵەتێکی دراوسێ خاڵی پشکنین لەسەر خاکەکەمان لە دهۆک دادەنێن و هاتوچۆ دەکەن، ئەو پێشهاتانەش جێ پەنجەی داگیرکارییان پێوە دیارە، سەروەریی عێراق لە مەترسیدایە، کەسیش قسە ناکات؟
ئاماژەی بەوەشکردووە خەڵکی ناوچەکە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن لە سایەی بۆردومان و تەقەی بەردەوام، زۆرێك لە خەڵکی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن، کە ئاگادارکراونەتەوە لەوەی دەبێت ماڵەکانیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چۆڵ بکەن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا بە زۆرەملێ ڕادەگوێزرێن و لەژێر بۆردومانی بەردەوامدا دەبن.
شاناز ئیبراهیم دەشپرسێت، ئایا ئەوانەی دژی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانانن بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق، ئێستا بێدەنگ دەبن؟ ئایا تێپەڕبونی زیاتر لە ٣٠٠ زرێپۆشی سەربازیی و سەدان سەربازی بیانی بۆ دهۆک، سەروەریی عێراق، کە بە زەحمەتییەکی زۆر بەدەستهاتووە، ناخاتە ژێر پرسیارەوە؟
لە کۆتایشدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەکاتێکدا بەغدا و هەولێر کامپی ئاوارەکانی ناوخۆ دادەخەن، پێیانوایە باشترە بگەڕێنەوە ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام ئێستا لەبەردەم قەیرانێکی نوێی ئاوارەبونداین لە دهۆک.