شادیە ئەبوبەکر: دەسەڵاتدارانی تورکیا تێگەیشتوون کە ئاشتی پێویستە

ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ٢٧ ساڵە زیندنای کراوە، دوای چەندین ساڵ هەواڵدان بۆ ئاشتی ساڵی ڕابردوو بانگەوازی ئاشتی کۆمەلگەی دیموکراتیکی کردو دەوڵەتی تورک بەدەم بانگەوازەکەوە هات بەڵام هەنگاوی جدی نەناوە، شادیە ئەبوبەکر دەڵێت: تورکیا تێگەیشتوون کە ئاشتی پێویستە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ ٢٧ ساڵ پیش ئێستا لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی تورکیا "میت"دا بە هاوکاری و کارئاسانیکردنی وڵاتە هەژموونییەکان ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان دەستگیرکرا، ئەم پیلانگێڕییە لەکاتێکدا بوو کە هەموو وڵاتان خۆیان وەک پارێزەری دیموکراسی و ماف مرۆڤ ناساندووە، سەرەڕای گۆشەگیر کرانی ڕێبەری گەلی کورد لە زینداندا بەبیرو فەلسەفەی خۆی چوندین جار هەوڵی ئاشتی داوەو دەوڵەتی تورک شکستی پێهێناوە، لە دواین هەوڵدا ڕێبەر لە ٢٧ی شوباتی ٢٠١٥ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، بەڵام وا نزیک دەبینەوە لە ساڵێک دەوڵەتی تورک هەنجاوی پێویستی نەناوە، هەروەها مافی هیوا کە پێویستە جێبەجێ بکرێت و ڕێبەر ئازاد ببێت، دەوڵەتی تورک ئەم مافە پێشێل دەکات.

 

"زلهێزەکان لە ڕێبەر ئۆجالان ترسان بۆیە دەستگیریان کرد"

شادییە ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆ لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: چەندین ساڵە ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی دەسبەسەرکراوە، لە ژێر فشارێکی زۆری دەروونی و جەستەیدایەو  لە ژورێکدا چەندین ساڵە قەتیس کراوە، ئەگەر ئۆجالان نەبێت هیچ کەسێک بەرگەی ئەوە  ناگرێت،لە سەرەتای دەستگیرکردنیەوە گەر چاو بە مێژووودا بخشێنینەوە دەزانین کە دەستگیرکردنێکی ئاسایی نەبووە بەڵکوو پیلانگێرییەکی نێودەوڵەتی بووە، پێش دەستگیرکردنی چەندین جار هەرەشە لەو وڵاتانە کراوە کە رێبەر ئاپۆ ویستوویەتی رووی تێبکات، بۆ ئەوەی کە ڕێگە نەدەن کە برواتە ئەوێ و بە شێوازێک لە شێوازەکان هیچ چوارچێوەو ڕێگەیەکیان بۆ رێبەر ئاپۆ نەهێشتەوە، بەردەوام لە لایەن تورکیاوە فشار کراوەتە سەر دەوڵەتانی دراوسێ و بەرپرسانی تورکیا دەڵێن کە 'وڵاتانی زلهێز رێگەیان بە ئێمە داوە کە ئۆجالان دەستگیر  بکەین' تا ڕادەیەک راستە و وڵاتانی نێودەوڵەتی هاتن ئەم گەلەکۆمەکەیان لە ڕێبەر ئۆجالان کرد و ڕادەستی حکومەتی تورکیایان کرد، تورکیا خۆی بەتەنها نەیدەتوانی وابکات و ئەمە کاریگەری ئەوەیە کە ئۆجالان زلهێزەکان لێێ ترساون و پروپاگەندەی تیرۆر بە سەرپەرشتی تورکیا بۆ دروست کرد و چەندین ساڵە لە زیندانی ئیمراڵیدایە.

 

"یاساکەیان هەمووار کردەوە تا چۆنیان بوێت ئاوا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن"

شادیە ئەبوبەکر سەبارەت بە مافی هیوا بۆ رێبەر ی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان  وتی: مافی هیوا بۆ ئەو کەسانەیە کە ٢٠ ساڵ لە زیندانن و هیوایەکیان پێبدەن بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە هەرچەندە کە باس لە زیندانی هەتا هەتای دەکرێت ئەوا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەونە ژێر پرسیارەوە، دەستگیرکردن خۆی لە خۆیدا بۆ ئەوەیە کە تاوانباران چاو ترسێن بکرێن و دووبارە ئامادەبکرێن بۆ کۆمەڵگە،ب ەڵام ئەو ماددەیەیە کە رێبەر ئۆجالانی پێ دەستگیرکراوە ماددەی تیرۆرە، کە ئەمەش ماددەیەکی مەتاتییەو دەتوانن بە ئارەزوی خۆیان بیکشێنن و چۆنیان بوێت ئاوا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بە شێوازێکی گشتی مافی هیوا وەک وتم بۆ ئەو زیندانیانەیە کە لە ٢٠ ساڵ زیاترە لە زینداندان و هەرچەندە رێبەر ئۆجالان زۆر لەوە زیاترە کە لە زینداندایە، بە سێ شێواز دەتوانن سود ببینین لەو مافە، دەتوانن لە ژێر چاودێریدا ئازادبکرێت یاخود بە مەرج یاخود بە شێوازی ئاسایی ئازاد بکرێت  بە بێ مەرج، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەوەی ناوێت و دوای ئەوەی کە بەرێز ئۆجالان دەستگیرکرا  لە ساڵی ٢٠٠٣ دا یاساکەیان هەمووار کردەوە، بۆ ئەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان نەتوانێت سود لەو یاسایە ببینێت ، لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بە فەرمی داواکراوە کە رێبەر ئۆجالان سود لە مافی هیوا ببینێت بەڵام پەرلەمانی ئەوروپا ساڵی ٢٠١٤ وەڵامیان داوەتەوە. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە وڵاتانی زلهێز ڕۆڵێکی باڵایان هەیە لە مانەوەی رێبەر ئۆجالان لە زینداندا ، دەیانتوانی زۆر زیاتر کار لەسەر ئەو دۆسیەیە بکەن بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ هەوڵێک نادەن چونکە رێبەر ئۆجالان بە مەترسی دەزانن.

 

"دەسەڵاتدارانی تورکیا تێگەیشتوون کە ئاشتی پێویستە"

دەربارەی پرسی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا شادیە ئەبوبەکر وتی: سەبارەت بە پرسی ئاشتی و هاتنە پێشەوەی رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوور، بێگوومان تورکیا خۆی لە ناوخۆیدا لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و هەروەها لە رووی سیاسیشەوە نالەبارەو بووەتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا خۆیان تێبگەن کە ئاشتی پێویستە و دەبێت کاری بۆ بکەن، لە لایەکی دیکەوە کاریگەری باشووری کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان وایکردووە کە تورکیا ترسێکی هەبێت لەوەی ئەمە پەل بکێشێت بۆ ناو باکووری کوردستان، ناڕەزایەتییەکان تەشەنە بکات و جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری و ڕەنگدانەوەی ئەم دوو بەشەی کوردستان لەسەر ئەوانیش دەربکەوێت، بۆیە هاتووە باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکات بەڵام  تورکیا ئەو پرۆسە ئاشتیەی قبوڵە بەو شێوازەی کە خۆی دەیەوێت و لە بەرژەوەندی خۆیەتی نەک بەو شێوازەی کە کورد دەیەوێت، لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی چەندین هەنگاو لەلایەن کوردەوە نراوە بەڵام لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە هیچ هەنگاوێکی جدی نابینرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئێمە دەستبەرداری بین و پرۆسەی ئاشتی نایەتە دی، دەبێت بە شێوازێکی حەکیمانە رەفتاری لەگەڵدا بکەین تا ئەو کاتەی دەگەین بە ئامانجەکانی خۆمان، هەموو کات پڕۆسەی ئاشتی زۆر باشترە لە شەر و جەنگ ، دەبێت کورد بە زمانێکی دیکە مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، پڕۆسەی ئاشتی هەنگاوێکە لانیکەم ڕای گشتی جیهان لەوە تێدەگات کە تا ئێستا کە ئەو ناوەیان ناوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و پێی دەڵێن تیرۆرست، ئەو ناوە لەسەر کورد لادەچێت و دەزانن کە گەلی کورد لە مێژووەوە تا ئێستا هەمیشە تیرۆری بەرامبەر کراوە، هەروەها کورد داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات و چەکی لە پێناو ئاشتیدا هەڵگرتووەو گەر ئاشتی بەرقەرار ببێت ئەوا کورد بە شانازییەوە چەک دادەنێت.

 

شادیە ئەبوبەکر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕاستە دەستبەسەراگرتن و گرتنی رێبەر ئۆجالان لەسەر گەلی کورد هەیە بەڵام رێبەر ئاپۆ لە زینداندا هەزارەها و پەڕەی لە زینداندا نوسیووەو فەلسەفەی پێشکەش بە گەلی وکرد کردووە و فێری ئەوەی کردوون کە هەرگیز چۆک دانادەن بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ستەم لە گەلی کورد بکەن، هەروەها هاتنە دەرەوەی لەو گۆشەگیرییە و یاخود ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان، کلیلی چارەسەرە بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و تورکیا.