دهۆک، ژن و پیاوێک کوژران و بکوژەکە دەستگیرکراوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند ژن و پیاوێک لە گوندی گۆمەزەرد لە شارۆچکەی بەردەڕەش کوژران، بکوژەکەش خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێمن سڵێمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، کاتژمێری سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دوو هاوڵاتی لە گوندی گۆمەزەرد لە سنوری شارەدێی دارەتووی سەر شارۆچکەی بەردەڕەش، کە ژن و پیاوێک بوون، بەڵام هاوژینی یەک نەبوون و تەمەنیان ٢٦ و ٢٧ ساڵە لەلایەن کەسێکەوە کوژراون

 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە تەمەنی ٢٠ ساڵە و پاش کوشتنی ئەو دوو کەسە، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.

 

تاوانبارەکە بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.