پێشبینی دەکرێت تووشبوون بە کۆلێرا بگاتە چارەکە ملیۆنێک

ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حاڵەتەکانی کۆلێرا لە یەمەن بۆ ٣٠ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت بگاتە زیاتر لە چارەک ملیۆنێک.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو باران بارانەی ئەم دواییە کە لە یەمەن ڕوویدا، دۆخی مرۆیی خراپتر کردووە و کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە دامەزراوەی تەندروستی پاکیان نییە و شوێنی گەرمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا.

 

سەبارەت بە دوایین پێشهاتە مرۆییەکانی یەمەن، ڕاپۆرتێکی نوێی نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان OCHA دوێنێ پشتڕاستیکردەوە کە ژمارەی تۆمارکراوەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە یەمەن گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ هەزار حاڵەت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێدەچێت تا مانگی یەکی داهاتوو ژمارەی تووشبووان بگاتە چارەک ملیۆنێک تووشبوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی تووشبووانی تۆمارکراو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە باکووری وڵات چڕبوونەتەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە کۆتایی مانگی ئاداری ڕابردووەوە، زیادبوونی بەرچاو لە حاڵەتە گومانلێکراوەکان، وەک سکچوونی توند، لەو شارانەی کە کەوتوونەتە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی کە حکومەتی یەمەن دانیان پێدانراوە.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلی ئەم دواییەی نەخۆشی کۆلێرا شایەتی بڵاوبوونەوەی خێراتر و مەترسیدارە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی گومانلێکراوەکانی تووشبووان بە ڕێژەی ٥٠٠ بۆ هەزار کەس لە ڕۆژێکدا ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشی کۆلێرا بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خاوێنی خواردنەوە و دامەزراوە تەندروستییەکان و سیستەمی فڕێدانی پاشماوەی پێویستیان نییە، ئەمە جگە لەوەی بەساڵاچووانی تووشبوو بە نەخۆشی درێژخایەن و منداڵ، بە تایبەتی ئەوانەی بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، کە ژمارەیان نزیکەی ٥٤ هەزار منداڵە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو باران و لافاو زۆرەی لەم دواییانەدا ڕوویداوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخی مرۆیی زیاتر خراپتر دەکات، ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی کۆلێرا لە ڕێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە زیاتر دەکات.