سەباحەت تونجەل ئازاد کرا
سەباحەت تونجەل، چالاکوانی تەژەئا کە لە کاتی مەراسیمی پیرۆزبایی ٤ی نیسان ساڵڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ دەستبەسەر کرابوو، ئازاد کرا.
ناوەندی هەواڵ
لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان و تورکیا یادی ٧٧ ساڵەی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو، لەو چوارچیوەیەدا پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتیکەکان بە دروشمی "لەسەر سفرەی ڕۆژ لە گەڵ یەک کۆدەبینەوە" لە کەناری ناوچەی کوچوکچەکمەجە بە بەشداری ئازیمە ئیشک، وەیسی ئاکتاش و سەباحەت تونجەل بەرنامەی سەیرانیان سازکرد.
پۆلیس بە بیانووی دانانی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هێرشی کردە سەر خەڵک و سێ گەنجی بە شێوەی ئەشکەنجەدان دەستبەسەر کرد، دواتریش سەباحەت تونجەل، چالاکوانی تەژەئاش دەستبەسەر کرا.
سەباحەت تونجەل دوای پشکنینی تەندروستی لە نەخۆشخانەی حکومی سوڵتان سلێمان ئازاد کرا. بەڵام سێ گەنجەکەی دیکە هێشتا دەستبەسەرن و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیک وتەیان لێ وەربگیرێت.