ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ژنانی ئێزیدی ساڵی بووژانەوە بوو
ژنانی ئێزیدی کە لە مێژوودا چەندین جار کراونەتە ئامانج، لە ساڵی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی دەیان چالاکی و خولی پەروەردەییەوە نیشانیاندا کە ئەمە ساڵێکی بووژانەوە بووە.
شنگال
لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژنانی ئێزدی ڕووبەڕووی جۆرەها هێرشی سەربازی و سیاسەتی ئاڵۆزی حکومەتی عێراق بوونەتەوە، ئەمە جگە لە ڕێبازێکی خێڵەکی کە هەڵاواردنی بەردەوام دەکات، پلانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ''PDK''، کە کولتوور و بیروباوەڕی ئێزدی دەکاتە ئامانج، هەروەها فشاری دوژمنکارانەی داگیرکەری تورکیا و پێکهاتە نەریتییەکانی کۆمەڵگەی خێڵەکی، هەموو ئەمانە سووتەمەنی خەباتی ژنانی ئێزدین بۆ ئازادیی بوون و پاراستنی ئیرادەیان و ڕێپێوان بەرەو شنگالێکی سەربەخۆ و ئازاد بوون.
ژنانی ئێزدی بە ئیلهام وەرگرتن لە ڕۆحی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" دەستیان بە خەباتێک کرد کە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو، ناوەندەکانی بەرخۆدانیان دامەزراند، خۆیان ڕێکخست و بەشدارییان لە چالاکیی و ڕووداوە جیاوازەکاندا کرد، هەروەها بوونیان دەگۆڕی بۆ ئامڕازی ئیرادەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرزڕاگرتنی ناسنامەی خۆیان و بەرگریکردن لە داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر.
"پێشەنگایەتی ژنانی ئێزدی لە خەباتدا"
لە ساڵی ٢٠٢٥دا ژنان لە ڕێگەی پڕۆژەی بونیادنانی چەمکی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" پێشەنگایەتی خەبات و بەرخۆدانیان کرد، ئەوان بوونە ڕێکخراوترین و ڕادیکاڵترین هێزی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری، لە بەرامبەر تاریکی ئەو سیستەمەی کە پیاو نوێنەرایەتی دەکات، ژنان بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان وەک چرایەکی ڕووناکی هەڵگرتبوو، وایان لێکرد ڕووناکییەکی ڕێنمایی بۆ مرۆڤایەتی کە هەوڵی بینینی خۆی لەم ڕووناکیەدا ببینێت و ببێتە بەشێک لێی.
خەباتی ژنان بوو بە مایەی هیوا و باوەڕ و هێز و ئیرادە، دوای جینۆساید، ژنانی ئێزدی درکیان بە تواناکانیان کرد و بوونی خۆیان دووپات کردەوە، بەم ڕۆح و باوەڕە درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانیاندا و ڕێکخستنی خۆیان پاراست و لە بەرامبەر ئاڵەنگاریەکاندا چەقبەستوو وەستان و بوونە ئامڕازی کۆڵنەدان لە پێناو ئازادی و بەرگریکردن لە داهاتوویەکی دادپەروەرتر.
"ڕێنێسانسی ئازادی"
لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەو دیدگایەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشی کۆمەڵگەی ئێزدی کردبوو، بنەمای ڕێبازێکی نوێی پێکهێنا، خەباتی ژنانی ئێزدی لە دژی سیاسەتی جینۆسایدا، بوو بە بناغەی ئازادی بۆ کۆمەڵگە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە پشتیوانی خۆی بۆ پێکهاتە و ژنانی ئێزدی دووپات کردەوە و ستایشی خەباتیان کرد و بوونی ئەوانی بە پایەی بنچینەیی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا زانی.
جەختی لەسەر پێویستی لەبیرنەکردنی جینۆساید و بەردەوامی بەدواداچوونی لێپرسینەوە بۆ بەرپرسان کردەوە، وتی: بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە دوژمنکارانەی کە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری ئێزدییەکان دەکەنە ئامانج، پێویستی بە دیدگایەکی نوێ هەیە، لێرەوە بیرۆکەی "ڕێنێسانسی ئێزدی"ی پێشنیار کرد، کە تێیدا ژنان وەک هێزێکی پێشەنگ و دامەزرێنەر دەرکەوتن و بوون بە ئامڕازی ئیرادە بۆ ئازادی و بونیادنانی داهاتوویەکی دادپەروەرتر.
"شنگال و نموونەی بەرخۆدانی ئێزدی"
لە ساڵی ٢٠٢٥دا شەڕ و قەیران و پشێوی پێکهاتەیی لە ئاستە جیاوازەکاندا بەردەوام بوو، لە کاتێکدا عێراق لە ئاژاوەی سیاسی و ئاسایشی و پاوانخوازانەدا نوقم بوو، کەچی لەناو ئەم قەیرانە چارەسەرنەکراوەدا، کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال بە پێشەنگایەتی ژنان، وەک نموونەیەکی زیندوو لەسەر بنەمای دیدگای نەتەوەیەکی دیموکراتیکی سەریهەڵدا و بوو بە نموونەیەکی یەکگرتوو بۆ شوناس و باوەڕە هەمەچەشنەکانی ناوچەکە.
هەروەها خەباتی ژنانی ئێزدی لە یادی یازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدا، وەرچەرخانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و قۆناغێکی نوێی بووژانەوەی ئێزدی دەستپێکرد، ساڵێک بوو کە پڕ بوو لە خەبات، کار، چالاکی، ڕێکخستن و پەروەردە، لەو ماوەیەدا ژنان خۆیان سەلماند کە هێزێکی بەهێزن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادتر و دادپەروەرتردا، بوونیان پایەیەکی بنەڕەتی بوو لە گەشتی ڕزگاری و گۆڕانکاریدا.
"چالاکییەکانی ژنانی ئێزیدی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥"
لە ٩ی کانوونی دووەم، بۆ یادی ١٢هەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی پاریس کە تێیدا سارا و ڕۆژبین و لەیلا شەهیدکران، سیمینار و ڕێپێوانێکی گەورەی گشتی بەڕێوەچوو، لەم ڕووداوانەدا ژنانی ئێزدی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خەباتی سارا دووپات کردەوە و پابەندبوونی خۆیان بۆ درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی جینۆسایدی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاڵای بەرخۆدانی بەردەوام نوێ کردەوە.
ڕۆژی ١٠ی کانوونی دووەم، ژنانی گەنج بە دروشمی " ژن، ژیان، خاکی خۆمان دەپارێزین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین"، یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی شنگالیان سازکرد، جەختیان لەوە کردەوە، کە بەشداری ژنان بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەیشتن بە ئازادی بنەڕەتییە.
لە ٢٦ی کانوونی دووەم، ژنانی ئێزدی هەڵمەتی "بیرکردنەوەی ڕێبەر ئاپۆ بخوێننەوە و فێری ئەوانی تری بکەین" دەستپێکرد، لە ڕاگەیاندراوەکانی هەڵمەتەکە جەختیان لەسەر پێویستی بڵاوکردنەوە و بەرەوپێشبردنی بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا کردەوە و بە چرایەک بۆ ڕێکخستن و هۆشیاری و ڕزگاری دەزانن.
"٢٧مین ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی"
لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا، لە ڕێگەی لێدوان و سیمینار و خۆپیشاندانی گەلیەوە ئیدانە کرا، لە ٢٧ ساڵەی ئەم پیلانگێڕییەدا ژنان توڕەیی خۆیان دەربڕی و بانگەوازی خۆیان بۆ چڕکردنەوەی خەبات بۆ ئازادی جەستەیی ئەو نوێکردەوە و وتیان: دۆزی ئەو هۆکاری ئازادیی هەموو کۆمەڵگەیە.
ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، خۆپیشاندانێکی گەل بۆ یادکردنەوەی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە ڕێکخرا، لەگەڵ ساڵیادی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە شنگال لە هەمان ڕۆژدا واژۆ کرا، لە میانی چالاکییەکان، بەشداربووان جەختیان لەسەر داواکاری ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە و داوای دەستپێکردنی ڕێگایەکی نوێیان کرد کە لەسەر بنەمای ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بێت، وەک ڕێگای دادپەروەری و یەکسانی.
"چالاکییەکانی ژنانی ئێزدی لە ڕۆژی جیهانی ژنان"
لە ١ تا ٨ی ئاداری ٢٠٢٥، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی"تاژێ"، زنجیرەیەک بۆنەی هەمەچەشنی سازکرد، بە گیانی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" ژنان لە ٨ی ئاداردا بە جۆش و خرۆش و مۆڕاڵێکی بەرزەوە ئاهەنگیان گێڕا.
بە هێز و ئیرادەیەک کە لە پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرگیراوە، ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕێگەی لێدوان و سیمینار و گردبوونەوەی گەلەوە یاد کرایەوە، لەم ڕووداوانەدا ژنانی ئێزدی باوەڕی قووڵی خۆیان بە ڕێگای ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دووپات کردەوە، هەروەها خەباتی ژنانیان وەک پایەیەکی بنەڕەتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتردا بەرز ڕاگرت.
لە ٧ی ئاداردا یەکینەکانی ژنان لە شنگال "یەژەشە" پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی سەرجەم ژنان کرد بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ٨ی ئادار، لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە خەباتی ژنان بۆ بوون و بەرگریکردن لە خۆی هەوێنی ئازادییە، وتی: بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان، ئەم بەهارە و هەموو وەرزەکان دەبێتە بەهاری ژنان و لەگەڵ بەهاری خەباتی ژنانیش جیهان جوانتر دەبێت، هەر لەو ڕۆژەدا ژنانی ئێزدی پێشەنگایەتی ئاهەنگی نەورۆزیان کرد و بە ڕۆحی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" یادی ئەو بۆنەیەیان کردەوە، دووپاتیان کردەوە، کە نەورۆز تەنها جەژنێکی نیشتمانی نییە، بەڵکو ئامڕازی بەرخۆدان و ئازادی و سەرەتایەکی نوێیە بەرەو داهاتوویەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.
"پەیامەکانی ڕێبەر ئۆجالان و ئاهەنگەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی"
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆژی ١٨ی ئاداری ٢٠٢٥ ، پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی ئێزدی کرد و جەختی لە گرنگی قووڵی بەشداری ژنان لە خەباتدا کردەوە، وتی: ئێمە چووینەتە قۆناغێکەوە کە داهاتووی خۆمان لە قاڵب دەدەین، بانگەوازی ''ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک'' وەڵامی ٧٣ جینۆسایدە، ڕێنێسانسێکی ڕاستەقینەیە، دەبێت ڕێنێسانسێک بێت بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی بەتایبەتی.
٤ی نیسانیش بە ڕێوڕەسمی نەمام چاندن، ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو، ژنانی ئێزدی بە دروشمی "ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژی لەدایک بوونی ئێمەیە" بەشداریان کرد.
هەروەها کۆمەڵگەی ئێزدیەکان یادی یەکێک لە کۆنترین جەژنەکانیان کردەوە، کە چوارشەممەی سوورە، هەروەها ئەمساڵ ژنانی ئێزدی لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکان بە ڕەنگی زیندوو و ڕێوڕەسمەکانی مانگی نیسان ئاهەنگیان گێڕا و دووپاتیان کردەوە، کە ئەم جەژنە تەنها بۆنەیەکی ئایینی نییە، بەڵکو ئامڕازی نوێبوونەوە و ژیان و پاراستنی شوناسە.
"ڕووداوەکانی شنگال و پەیامی نوژیان ئێرهان"
ڕۆژی ١٨ی ئاداری ٢٠٢٥، لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی بەرگریی، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال "یەژەشە"، لە ناو شنگال کەوتنە بۆسەی هێزە عێراقییەکان، شەڕ و پێکدادان ڕوویدا و لە ئەنجامدا پێنج کەسیان دەستگیرکران دوای ئەوەی برینداربوون، ئەم دەستگیرکردنە ناڕەزایەتی و بانگەوازی بەرفراوانی کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان و هەروەها پیاوماقووڵەکانی شنگالی لێکەوتەوە و داوای ئازادکردنیان دەکرد.
لە ١٩ی ئاداردا ژنان هەوڵیاندا بچنە ناو شنگالەوە و داوای ئازادکردنی ئەو پێنج چەکدارە بکەن، بەڵام سوپای عێراق بە چەکی قورس و هێزی زیادەڕۆیی ڕووبەڕوویان بووەوە و دایکانیشیان خستە پێشەوە، سەرەڕای ئەم وەڵامە دوژمنکارانەیە، ژنانی ئێزدی هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ و شکۆمەندانەیان لە بەرگریکردن لە کوڕەکانیان گرتەبەر، نزیکەی دوو مانگ ناڕەزایەتی دایکان بەردەوام بوو، ڕۆژی ٢١ی ئادار بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و خۆبەڕێوەبەریی شنگال، ڕێپێوانێکی گەورەی گشتی بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شنگال، مەرگ بۆ خیانەت، بژی دادپەروەری" ڕێکخرا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەو پێنج چەکدارە.
ڕۆژی ٧ی نیسان، دایکانی چەکدارانی ''یەژەشە'' لە شنگال لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و باڵەخانە حکومییەکان دانیشتنێکی شەش ڕۆژەیان ئەنجامدا و داوای ئازادکردنی کوڕەکانیان کرد.
ڕۆژی ٢٢ی ئادار لە سەر مەزاری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ئێزدی ''نوژیان ئێرهان'' لە لایەن هەڤاڵانیەوە ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، بەشداربووان توڕەیی خۆیان لە خیانەتەکە دەربڕی و پابەندبوونیان نوێکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات بۆ ڕاستی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکرد.
"ڕووداوەکانی مانگی ئایار لە شنگال"
لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٥، یەکێتی ژنانی شنگال وۆرکشۆپێکی تایبەت بە سۆسیالیزمی سازکرد، لەو ماوەیەدا بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە کەسایەتی سۆسیالیستی و ڕۆڵی ژنان لەم ڕێبازەدا گفتوگۆ کران، ڕۆژی دواتر یەکەمین کۆنفرانسی هاوپەیمانی "نادا" لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە شاندێک بە نوێنەرایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی"تاژێ" بەشدارییان کرد و سیمینارێکی تایبەتیان پێشکەش کرد کە تیایدا باس لە تەوەری کۆمەڵکوژی و کاریگەرییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کرد.
"چالاکی و لێدوانەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی"
لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦، داعش تاوانێکی ترسناکی دژی ١٩ ژنی ئێزدی لە موسڵ ئەنجامدا و بە زیندووی سووتاندیانن، لە ساڵڕۆژی ئەم کارەساتەدا، لیژنەی دیپلۆماسی ''تاژێ'' نامەیەکی ئاراستەی ڕێکخراوی بێسەروشوێنان و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد و داوای لێکردن بە پەرۆشەوە کاربکەن بۆ بەڵگەنامەکردنی ناسنامەی ئەو ژنانە و دڵنیابوون لەوەی کەیسەکەیان لەبیر نەچێت، لە ٣٠ی حوزەیران، یەکیەتیی ژنانی گەنج ڕێپێوانێکی گەلی بۆ یادی ٢٩ ساڵەی شەهیدبوونی زیلان "زەینەب کیناچی" و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخست.
تەڤگەری ئازادی لە ١١ی تەمووزدا لە وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە شەڕڤانانی، چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسنە لەناوبرد، ژنانی ئێزدی، بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکەیان، بەشداریان لەم مەراسیمەدا کرد و پەیامیان گەیاند کە داوای ئاشتییەکی بەردەوامیان دەکرد و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالانیان کرد.
"پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆنگرەی ڕۆشنگەری لە شنگال"
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥ لە یەکەمین کۆنگرەی ئەکادیمیای ڕۆشنگەری لە شنگال وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، باوەڕی ئێزدی تەنها بیروباوەڕێک یان نەریتێکی دێرین نییە، بەڵکو ژیانێکی ئارام و هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدایە، ڕێزگرتن لە سەرکردەکان لە ناوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئێزدییەکان تا ئەمڕۆش بەهاکانی ئازادی و هاوسەنگییان هەڵگرتووە، ئەمەش هەمیشە وایکردووە لەبەردەم هەڕەشەکانی ڕژێمە ستەمکارەکاندا بێهێز بن، ژنانی ئێزدی پێشەنگی سەرەکی ئەم خەباتەن، ئامانجی توندترین هێرشەکان بوون، بەڵام هەرگیز شکستیان نەهێناوە.
''یادی یازدەهەمین ساڵڕۆژی فەرمانەکە''
لە یادی یازدەهەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدەکەدا، کۆمیتەی دیپلۆماسی فایلێکی تۆکمەی لەسەر کارەساتەکە بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی ئامادەکرد و لەگەڵ نامەیەکدا بۆ ٢١ وڵاتی نارد کە تا ئێستا دانیان بە جینۆسایدەکەدا نەناوە و داوای کرد بە فەرمی بناسرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بۆ یادکردنەوەی هەموو ئەو قوربانیانەی لە کۆمەڵکووژیەکەدا کوژراون و ئەو ژنانەی کە تا ئێستاش لە دیلدان، سەنتەری ''سیتیا نەخشە''بۆ ڕۆشنبیری و هونەر نمایشێکی هونەرییان بەناونیشانی''سەمای ژیان'' ڕێکخست، کە تێیدا یادی شەهیدان بانگەواز کرا، سەنتەرەکە کە هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر کولتووری ڕەسەنی ئێزیدییەکان، بە درێژایی ساڵ بەردەوامە لە ڕێکخستنی چەندین بۆنەی هونەری، جەخت لەسەر ڕۆڵی هونەر دەکاتەوە لە پاراستنی یادەوەری بەکۆمەڵ و پاراستنی شوناس.
لە ساڵڕۆژی ئەو فەرمانەدا، کلیپێک بە ناوی "شەهیدانی وڵاتەکەم" بڵاوکرایەوە بۆ یادکردنەوەی هەموو ئەو قوربانیانەی لەو کارەساتەدا گیانیان لەدەستدا.
لە ٢٨ی ئابدا ژنانی ئێزیدی وۆرک شۆپێکیان بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵڕۆژی حەفتا و چوارەمین جینۆسایدەوە سازکرد، بە دروشمی ''بە ڕێکخستن و خەبات، دەبینە پێشەنگی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی''، کە لە میانەی وۆرکشۆپەکەدا ژنان ڕێزیان لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گرت و باسیان لە ڕۆڵی خۆیان کرد لە بونیاتنانی ڕێنێسانسی کۆمەڵگەی ئێزیدی، هەروەها جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە درێژەدان بە خەبات تا گەیشتن بە ئازادی جەستەیی ئەو کرد.
''هەوڵی دیپلۆماسی و چالاکیی هاوبەش''
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، کۆمیتەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی ''تاژێ''،، شانزە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتییەکانی ژنان لە وڵاتانی جۆراوجۆر ئەنجامدا، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ژنانی ئێزیدی و هاوتاکانیان لە گەلانی دیکە، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە جینۆساید، ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی تاژێ و یەژەشە، تیشک خستنە سەر ئازارەکانی ژنانی دیل، جگە لە ناساندنی خۆبەڕێوەبردن لە شنگال لەسەر ئاستی نەینەوا و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
هەروەها لیژنەکە فایلێکی تایبەتی بۆ ناساندنی تاژێ و یەژەشە ئامادە کرد، لەگەڵیدا نامەیەکی بۆ هاوپەیمانی ''نادا'' نارد، کە ئاڕاستەی ١١٣ کەس و ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کرد.
''پەروەردە و ژنان لە شنگال''
لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزیدی بە هاوکاری ئەکادیمیایی ژنۆلۆژی لە شنگال، کامپێکی پەروەردەیی بە ناوی ''خۆیبون'' کردەوە، کە تیایدا ژنانی گەنج بەشداریان کرد و مەشقی جۆراوجۆریان وەرگرت، کە بریتی بوون لە فیکر و کولتوور و مێژوو و وەرزش، ئەمە جگە لە وانەکانی بەرگریکردن لە خۆ.
لە ماوەی ئەمساڵدا ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شنگال لە گوند و ناوەند و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئێزیدی، هەروەها لە ناوچە عەرەبییەکانی دراوسێدا، بە هاوکاری ئەکادیمیا و ئەنجومەن و دامەزراوەکان، جگە لە هێزەکانی یەبەشە-یەژەشە و هێزە ئەمنییەکانی ئێزیدخان، چەندین بەرنامەی پەروەردەیی سازکرد، ئەم بەرنامانەش تیشکیان خستە سەر بڵاوکردنەوەی زانستی ژنان "ژنۆلۆژی" و بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژنان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.
ژنانی ئێزیدی، لەگەڵ هەموو کۆمەڵگەکەیان، ئارەزووی زۆریان بۆ بەشداریکردن لەم خولانەدا نیشانداوە، بە ئامانجی فێربوون لە زانستی ژنان و دامەزراندنی پێگەیەک وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر و دادپەروەرتر.
''چالاکییەکانی ژنۆلۆژی لە شنگال''
ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەم، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە دەکەوێتە ٢٥ی هەمان مانگ، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی ''تاژێ''، چالاکییەکی تایبەتی سازکرد، کە تیایدا ئەکادیمیای ژنۆلۆژی سیمینارێکی بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی پیاوان پێشکەش کرد کە باسی لە گرنگی ئەم ڕۆژە و هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان کرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شنگال، ئەمساڵ زنجیرەیەک پڕۆژەی توێژینەوەی مەیدانی لە ژمارەیەک ناوچەی شنگال دەستیپێکرد، لەوانەش شوێنە مێژوویی و میراتییەکان، بە ئامانجی بەڵگەنامەکردنی مێژووی ژنانی ئێزیدی کە تووشی دیل بوون.
هەروەها ئەکادیمیاکە خولی پەروەردەیی بۆ منداڵان کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک کە ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی ئێزیدی بوو، کە دەیان منداڵ بەشدارییان لە ڕاهێنان کرد لەناو سەنتەری "سیتیا نەخشە" بۆ ڕۆشنبیری و هونەر، بۆ چەسپاندنی ناسنامەی ئێزیدی لە دڵی نەوە نوێیەکاندا.
''دەستپێشخەرییەکانی ژنانی ئێزیدی لە شنگال''
لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزیدی لە شنگال و بە پاڵپشتی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان، هەڵمەتێکی نوێ بە دروشمی ''خۆت مەکوژە، هەموو خۆکوشتنێک جینۆسایدە'' دەستیپێکرد، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی پەرەسەندنی خۆکوشتن لەناو کۆمەڵگەدا، ئەویش لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و ڕێکخستنی خولی پەروەردە و سیمیناری هۆشیاری، کە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئامانجە خوازراوەکانی بەدەست دەهێنێت.
ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم، خەڵکی شنگال و ژنانی ئێزیدی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان کرد، لەوێش چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ دەنگدان بە کاندیدەکانیان کە نوێنەرایەتی ئیرادەی سیاسی خۆیان دەکەن لەناو پەرلەماندا، هەروەها لە ١٣ی هەمان مانگدا، ''ڕۆژی ڕزگاری شنگال'' لە ڕێگەی زنجیرەیەک بۆنەو چالاکی بەرزڕاگیرا، کە لەو ماوەیەدا ژنانی ئێزیدی دڵسۆزی و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئازادیخوازان دەربڕی و ڕۆڵ و قوربانیدانی خۆیان لە ڕزگارکردنی ناوچەکەیان وەبیرهێنایەوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی "خۆت مەکوژە، هەر خۆکوشتنێک جینۆسایدە"، ژنانی ئێزیدی بۆنە و سیمینار و خولی ڕاهێنانیان ڕێکخست بۆ یادی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شنگال بەرنامەی پەروەردەیی تایبەتی پێشکەش بە پیاوان کرد بەم بۆنەیەوە.
''ڕووداوەکانی مانگی تشرینی دووەم، نۆڤەمبەر''
ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنانی ئێزیدی ڕێپێوانێکی گشتیی گەورەیان ڕێکخست و ڕەتکردنەوەی خۆیان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک و بانگەوازی خۆیان بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر دەربڕی.
لە ٢٦ی هەمان مانگدا، فێستیڤاڵی ''ڕێنێسانس'' بۆ یەکەمجار بەڕێوەچوو، کە لەلایەن یەکێتی گەنجانی ئێزیدخان و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزیدییەوە ڕێکخرابوو، بە دروشمی ''ڕێنێسانس ژیانە، ژیان هاوبەشە''، فێستیڤاڵەکە جیهانێکی بۆ دەربڕینی هونەرو کولتوور پێکهێنا، هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی گەنجان و ژنان لە بوژاندنەوەی شوناسی ئێزیدی و بەهێزکردنی ڕۆحی کۆمەڵگە کردەوە.
''ساڵی ٢٠٢٥: خەباتی ژنانی ئێزیدی''
ساڵی ٢٠٢٥ بڕگەیەکی بەرچاوبوو لە چارەنووسی ژنانی ئێزیدیدا، ساڵی خەبات و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بوو لە بەرامبەر شەڕی تایبەت و عەقڵیەتی پیاوسالاری باڵادەست، هەروەها ژنانی ئێزیدی لە ڕێگەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کار و خەباتیان گرتە ئەستۆ، کە لەسەر بنەمای ئاوەدانکردنەوە و دەستپێکردنی ڕێنێسانسی نوێی ئێزیدی و پێشخستنی شێوازێکی ژیانی بەکۆمەڵ و دیموکراتیک بوو.
لە ناوەڕۆکی ئەم خەباتەدا داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەک ناوەڕۆکی بەرخۆدان و ڕەمزی درێژەدان بە خەبات سەریهەڵدا.
ساڵی ٢٠٢٥ میراسێکی گرنگی بۆ ژنانی تێکۆشەر بەجێهێشتووە، کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی ''ژن، ژین، ئازادی''یە، بۆ ئەوەی ببێتە بناغەیەک بۆ ڕۆڵی خۆیان لە ساڵی ٢٠٢٦، لە کاتێکدا بەردەوامن لە هەڵگرتنی ئاڵای بەرخۆدان و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و ئازادتر.