ساڵێک بەسەر بۆردومانەکەی کونەماسیدا تێدەپەڕی
ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کونەماسی، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی خێزانێکیش برینداربوون، تا ئێستاش بۆردومانەکان بەردەوامن بەڵام دەسەڵاتی کورد لە ئاستی ئەو هێرشانەدا بێدەنگە.
ناوەندی هەواڵ
ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی سەیرانگای کونەماسی لە ناوچەی شارباژێڕ کرا.
لەو بۆردومانەدا کەسێک گیانی لەدەستدا، هەروەها چوار ئەندامی خێزانێکیش بریندار بوو، کە یەکێکیان ژنێک بوو بە ناوی پەیمان بەهۆی بۆردومانەکەوە قاچی چەپی لەدەستدا، هاوسەر و دوو منداڵەکەشی ٢٠ پارچە لە موشەکەکە لە جەستایاندا بووە.
هەرچەندە ساڵێک تێپەڕیووە بەسەر بۆردومانەکەدا بەڵام تا ئێستا هیچ بۆ ئەو خێزانە نەکراوە، تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئەو داگیرکارییە بەردەوامەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەڵام بێدەنگە، ئەگەریش ڕاگەیانداوێک بڵاوبکاتەوە، ئەوە لەبەری بەرپەرچدانەوەی داگیرکاری و هێرشەکان، پاساو بۆ ئەو لەشکرکێشییە دەهێنێتەوە.
داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامە، لە ڕۆژی ١٩ ئەم مانگەشدا فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشییان کردە سەر گوندی گەڵاڵە لە ناوچەی شارباژێڕ.