٪٩١ی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەستکەوتنی زانیاریدا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

بەپێی سەرژمێرییەکی ڕێکخراوی تمکین المراة في الاعلام و ڕێکخراوی تازی ئەڵمانی دەرکەوتووە ٪٩١ی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە بەدەستهێنانی زانیاریدا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی تمکین المراة في الاعلام و ڕێکخراوی تازی ئەڵمانی کە لە نێوان ١٠٠ ڕۆژنامەنووسی ژن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لەناو دەزگا نووسراو، بینراو، بیستراو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوە، دەرکەوتووە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە پێدانی زانیاریدا هاوکاری ناکرێن و ڕێژەکەیان ٪٩١، ئەوەش ئاستەنگی بۆ كارەكەیان دروستکردووە و ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ پیشەکە.

 

لە ڕاپرسییەکەدا ناوەندەکانی پێدانی زانیاری دابەشکردووە، لایەنە حکومییەکان بەرزترین ئاستی پێنەدانی زانیاری وەرگرتووە کە ٪٥١ە، سەرچاوە ئەمنییەکان ٪٢٨، لایەنە حزبییەکانیش پلەی سێیەمی وەرگرتووە کە ڕێژەی ٪٩یە، دوای ئەوانیش لایەنە چەكدارە نافەرمییەکان دێت بە ڕێژەی ٪٨.

 

بەپێی ڕاپرسییەکە ٪٧٩ی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە دەزگا ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکان کاردەکەن، ٪١٣ لە لە دەزگا حکومییەکان و ٪٧ لە دەزگا حزبییەکان کاردەکەن، ٪٤٦ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دووچاری هەڕەشە و پارە لێکێشاندنەوە بوونەتەوە و هەڕەشەی کوشتنیش بە پلەی یەکەمی هەڕەشەکانه هاتووە کە ٪٣٦ە، ٪٢٦ی خانەوادەی ڕۆژنامەنووسانی بەشداربووی ڕاپرسییەکەش ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.

 

ڕۆژنامەنووسان پەنا نابەنە بەر یاسا

لە درێژەی ڕاپرسییەکەدا هاتووە ٪٧٩ی ڕۆژنامەنووسانی ژن پەنایان بۆ یاسا نەبردووە بۆ پاراستنیان، کە یەکێک لە هۆکارەکان باوەڕ نەبوونیانە بە یاسا و ترس لە تەشەنەسەندنی کێشەکەیە، لەكاتێكدا ٪١٥یان لەبەر نەبوونی پشتیوانی لە شوێنی کار و خێزانەکانیان پەنایان بۆ یاسا نەبردووە، هەروەها هۆكاری دیكەی وەكو ترس لە لەدەستدانی كار لە كاتی ئاشكراكردنی هەڕەشەكە و مەترسیەکانی سەر ژیانیان هۆکاری بێدەنگ بوون و پەنا نەبردنە بۆ یاسا.

 

لە درێژەی ڕاپرسییەکەدا ئاماژە بە گێچەڵی سێکسی کراوە، ٪ ٥٣یان لە کاتی کارەکانیان لە شەقامدا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، ٪١٩ بەرێوەبەرەكانیان لە كاردا گێچەڵیان پێكردوون، ٪١٥ لەلایەن هاوكارەكانیان و ٪١٦ لەلایەن بەرپرسانی حكومییەوە دووچاری گێچەڵ بوونەتەوە، هاوکات ٪٦٠ی ڕۆژنامەنووسەکان بێدەنگبوون و کەسیان ئاگادار نەکردووەتەوە.

 

هۆکاری بێدەنگییەکانیش ٪٢٧یا دوپاتیان کردووەتە لە ترسی ناوبانگیان بێدەنگبوون، ٪١٤ ترساون کەس پشتیوانیان نەکات، هۆكارەكانی دیكەش هەمەجۆرن وەک ترس لە لەدەستدانی كار و باوەڕنەكردنی كەسانی دیكە و هەندێكی دیكەشیان لە هەڕەشەی گێچەڵكەرەكان ترساون.

 

ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕووبەڕووی جیاکاری جێندەری دەبنەوە

دیارترین ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەبێتەوە لە پلەی یەکەمدا سەختییە لە بەدەستهێنانی زانیاریدا، دووەم نەبەستنی گرێبەستی كار دێت لەلایەن دەزگاکانەوە کە دووچاری دەستبەرداربوونی لەناكاویان دەكاتەوە، هەروەها هەڕەشە و پارەلێكێشانەوە لەسەر بابەتی هەستیار بە پلەی سێیەم دێن.

 

لە درێژەی ڕاپرسییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ٪٦٦ی ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی جیاکاری جێندەری لە مامەڵەكردن و مووچە لەناو ئەو دامەزراوانەدا بوونەتەوە، هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دەزگاکانەوە هەندێک کار تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسانی پیاو قۆرخکراوە وەک داڕشتنەوەی بابەت و وێنەگرتن و هەواڵسازی و سەرنووسەری و هەندێکی دیکە.

 

٪٦٠ی ڕۆژنامەنووسانی ژن دووپاتیان كردووەتەوە كە لەو دامەزراوانەی كاریان تێدادەكەن گرێبەستنی كاریان نییە، ئەنجامەكانی ڕاپرسییەكە ئاشكرایشیان كردووە كە٪٧٥ی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی گرێبەستی كاریان لەگەڵ دامەزراوە میدیاییەكان هەیە گرێبەستەكانیان پاداشتی كۆتایی خزمەتی تێدا نییە لەكاتی بەزۆر لابردنیان لە كارەكەیان یاخود مافی مۆڵەتی دایكایەتی لەكاتی منداڵبووندا.