دەستبەسەرکردنی ژنانی ئەفغانی بە بیانووی "حیجابی خراپ"

چەند ژنێک لە ئەفغانستان بە بیانووی "حیجابی خراپ" لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ  تاڵیبان ڕایگەیاند کە چەند ژنێک لە پایتەختی ئەفغانستان دەستگیرکراون بە هۆی "حیجابی خراپ"ەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپەی تاڵیبان ڕایگەیاند کە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان بە بیانووی حیجابی ناچاری، بەڵام بە فەرمی ئەو جۆرە کارانەیان پەسەند نەکردووە.

 

هەرچەندە ئەندامانی تاڵیبان پێناسەیەکی دیاریکراویان بۆ "حیجابی خراپ" نەخستەڕوو، بەڵام پێشتر جەختیان لەسەر بەکارهێنانی بورقا و حیجابی ڕەش کردبووەوە،  تا ئێستاش هیچ ئامارێک لەسەر ژمارەی ئەو ژنە دەستگیرکراوانە بڵاونەکراوەتەوە.

 

بەر لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لەلایەن تاڵیبانەوە، تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە توندی ئیدانەی دەستگیرکردنی ژنانی لە پایتەختی ئەم وڵاتە کردبوو.

 

بە لەبەرچاوگرتنی کارە نامرۆڤانەی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان و لە پەیوەند بە "قەدەغەکردنی خوێندن، قەدەغەکردنی دامەزراندن، قەدەغەکردنی چوونە ناو شوێنە گشتییەکان و هتد"وە بە کردەوە ژنان لە هەموو شتێک قەدەغە دەکات و لە کۆمەڵگە بە گشتی دووریان دەخاتەوە.

 

هاوکات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی جیهانی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ هیچ هەنگاوێکیان نەگرتووەتەبەر و تەنانەت هەوڵی دانپێدانانی تاڵیبانیشیان داوە.