عێراق بڕیاریدا زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک قەرەبوو بکاتەوە
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی ڕاسپارد، بەزوترین كات سەردانی دهۆك بكەن بە مەبەستى زانینی قەبارەی ئەو زیانانەی بەر هاوڵاتیانى شارەکە كەوتووە، بۆ ئەوەی حكومەتى عێراق قەرەبوویان بكاتەوە.
ناوەندی هەوال
شەپۆلێکی باران بارینی چڕ لە بەیانی ١٩ی ئادار ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوەو لە هەولێر و زاخۆو دهۆك و لافاو ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی لە دهۆک گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٥٠ خانوو و ٥٠ ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها ١٢٠ هاوڵاتیش لە مەترسی ڕزگاركران و ١١ كەسی دیكەش برینداربوون.
بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک، بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندراوێكی لە بارەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ زانینی قەبارەی زیانەكانی لافاوەكەی دهۆك بڵاو كردووەو تێیدا هاتووە: پەرلەمانی عێراق سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی قوربانیانی لافاوەكەی پارێزگای دهۆك دەكات و سەرۆكایەتی پەرلەمان لیژنەیەكی ڕاسپاردووە سەردانى ناوچە زیان لێكەوتوەكانی لافاوەكەى ئەو شارە بکەن، بە مەبەستی زانینی قەبارەی ئەو زیانانەی لە هاوڵاتیان و ماڵ و موڵكیان كەوتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە لیژنەكە دەكات، داواكاریی هاوڵاتیان و پێویستیەكانیان دیارى بكەن و بە زووترین كات ڕاپۆرتێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بنێرن، بۆ ئەوەی حکومەتى عێراق قەرەبوویان بكاتەوە.