پزیشکانی ناڕازی لە سلێمانی گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن
بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لەپزیشکانی ناڕازیی لە سلێمانی گردبوونەوە، ئاماژەیان بەوەکرد داوای دامەزراندن دەکەن و داوکارییەکانیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتگوێ خراون.

لاڤە کوردە
سلێمانی -ئەمرۆ ٦ی ئایار، پزیشکانی دانەمەزراوی ناڕازیی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی گردبوونەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، سەرەکیترین داواکارییەکانیان دامەزراندنەو سیستمی دامەزراندنیان زۆر هێواشەو وەڵامیكی فەرمییان پێنادرێت.
ئەوەشیانخستەڕوو، لەبارەی داواکارییەکانیانەوە ئەوەیان خستەڕوو، لیژنەیەک لەناو ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان پێکهێنراوە، بەڵام کارەکانی لیژنەکە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نییە.
لارا فاتیح، پزیشكی دانەمەزراو ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە پێنجەم جارە گرد دەبنەوەو داواکاری بۆ دامەزراندن دەخەنەڕوو، بەڵام پرۆسەی دامەزراندنیان زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچێت، وتی: کێشەمان خاوی پرۆسەکەیەو لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا ماوەتەوە.
پەرۆش سەباح، پزیشکی دانەمەزراو وتی: هیوایەکمان نەماوە بۆ دامەزراندن، چونکە وەڵامێکی فەرمییان نەداوینەتەوە، ئەمە چوارەم جارە بەشداری گردبوونەوەدەبم بۆ خستەنرووی داواکاریی دامەزراندن.
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ٧٨٨ پزیشکی دانەمەزراو کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری دامەزراندنیان دراوە و لەو ژمارەیەش ٢٨٨ کەسیان لە سلێمانین، بەڵام تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.