یونسێف داوای ئازادکردنی منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات
یونسێف نیگەرانی قووڵی خۆی دەربارەی دۆخی منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند، داوای ئازادکردنی هەموو ئەو منداڵانە دەکەین کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی سندووقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان "یونسێف" دەربارەی بارودۆخی منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: داوای ئازادکردنی هەموو ئەو منداڵانە دەکەین کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراون، هەرچەندە ژمارەی تەواوی منداڵە دەستبەسەرکراوەکان دیار نییە، بەڵام پێویستە ڕێگە بدرێت چاودێری سەربەخۆ دۆخی تەندرووستی و شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵیان لەناو زیندانەکاندا هەڵبسەنگێنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، زیندانیکردن کاریگەریی نەرێنی درێژخایەنی لەسەر گەشە و داهاتوویان دەبێت، بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین ڕێز لە مافەکانیان بگرێت و ڕێگە بدات بەردەوام پەیوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لەم ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە ٢٣٠ منداڵ کوژراون و ئامارەکان نیشانی دەدەن کە زیاتر لە ٢٧٪ـی دەستبەسەرکراوەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵدایە.