پیاوێک لە دوای جیابوونەوە، هاوژینەکەی دەکوژێت
ژن و پیاوێک دوای جیابوونەوەیان لە پڕۆسەی هاوسەرگیری، دوێنێ شەو پیاوەکە هاوژینەکەی دەکوژێت و هەڵدێت، دواتر دەستگیر دەکرێت و بە بڕیاری دادگا دەست بە لێکۆڵینەوە دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩:٣٠ لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، پیاوێک هاوژینەکەی دەکوژێت، لە کاتێکدا ئەو دوو هاوژینە لە یەکتر جیابوونەتەوە، بەڵام لەیەک ماڵدا ژیاون و پیاوەکە، ژنەکەی کوشتووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دوای بیستنی تەقە لەو گەڕەکەدا، دەرکەوتووە پیاوەکە هاوژینەکەی کوشتووە و هەڵهاتووە.
لەدەوای گەڕان و لێکۆڵینەوە دوای سێ کاتژمێر تاوانبارەکە دەستگیرکراوە کە ناوی "م. ک. ا" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨، بە بڕیاری دادوەر دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە لەگەڵیدا.
ڕۆژانە گوێبیستی کوشتنی ژنان دەبین بە چەندین پاساوی جۆراوجۆر، ژنان بەردەوام ژیانیان لە مەترسیدایە تەنانەت لەوکاتەی بڕیاردەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی ژیانیان و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی هاوسەرگیری لەلایەن پیاوانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت یاخود دەکوژرێن.
ت.پ