پەیامی کەژەکە بۆ نەورۆزی قەندیل: با بە ڕوحی نەورۆزەوە خۆمان ڕێکبخەین
لە نەورۆزی قەندیل پەیامی کەژەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، وەک کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان، جارێکی تر نەورۆزی ئازادیی و یەکێتیی نەتەوەیی و جەژنی ڕەمەزان لە هەموو بەشداربووان پیرۆز دەکەین، با بە ڕوحی نەورۆزەوە خۆمان ڕێکبخەین.
قەندیل
لە ئاهەنگی پیرۆزبایی نەورۆزی قەندیل، سەروین جەلال بەرپرسیاری خەباتی ژنان لە بناری قەندیل، پەیامی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە"ی خوێندەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە":
بۆ گەلی فیداکاری قەندیل و تەواوی گەلی وڵاتپارێزمان کە بەشداری نەورۆزی قەندیڵ بوون
نەورۆز بە هاتنی بەهار و ڕۆژی نوێ، جوانترین گوزارشتی خۆی لە قەندیل و لەو مەیدانەدا بە نەخش و نیگاری ئێوە خەمڵاندووە. قەندیل بە چیا سەرکەشەکانی و بە لەباوەشگرتنی هەموو ڕەنگەکانی سروشت، پێشوازی لە ئێوە و لە جەژنی نەورۆز دەکات. بەو جوانی و شکۆمەندییەی قەندیلەوە، جەژنی گەلی ئاری، جەژنی نەورۆز و ڕۆژی نوێ، لە کەسایەتی گەلی سەربەرزی قەندیلدا، لە گەلی ئێمە لە باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین. هەروەها جەژن لە گەل و گەنجانی مەخموور پیرۆز دەکەین کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی خۆیان جۆش و خرۆشی مەیدانەکە مەزنتر دەکەن، لە کەسایەتی ئەواندا جەژن لە گەلی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی پیرۆز دەکەین.
هەموو بستێکی خاکی کوردستان گۆڕەپانی بەرخودان و شەڕە گەورەکان بووە، زۆرێک لە کچ و کوڕانی وڵاتەکەمان گیانی خۆیان فیدا کردووە و خوێنیان ڕشتووە و گەیشتوونەتە پلەی شەهادەت. یەکێک لەو شوێنانە قەندیلە کە هەمیشە بووەتە ماڵ و پەناگە بۆ هەموو کوردستان. قەندیل بەو تایبەتمەندییەی خۆی بووەتە قەڵای بەرخودێرانی وەک ڤیانەکان، هەڵمەتەکان، دەستیناکان، ساریناکان، بەرفیناکان و قاسم ئەنگینەکان. قەندیل پەناگە و شوێنی بەرخودان و تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و مەڵبەندی شەهیدانی ڕێگای ئازادییە. بەو بۆنەیەوە لە کەسایەتی شەهیدانی مەزنی نەورۆز؛ مەزڵوم دۆغان، ڕەوشەن و زەکیەکان، هەموو شەهیدان بە ڕێز و منەتەوە یاد دەکەینەوە و پەیمان دەدەین کە خەونەکانیان بەدی بهێنین. هەروەها لە کەسایەتی “ئەحمەد هێمین”دا کە بوو بە سیمبولی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد، بە ڕێز و خۆشەویستییەوە یادی دەکەینەوە و سوێند دەخۆین کە تێکۆشانمان لە هەر بارودۆخێکدا بۆ پەرەپێدانی یەکێتیی گەلی کورد بەردەوام بکەین. لە هەمان کاتدا نەورۆز لە هەموو بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەکەین کە بەردی بناغەی شۆڕشی کوردستانن.
لەو مەیدانە ڕەنگین و شکۆدارەوە، سڵاو و خۆشەویستی و بیری بێپایانی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین و جەژنی نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هەڤاڵانی کۆمینی ڕێبەرایەتی پیرۆز دەکەین. بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، کاریگەرییەکی زۆر جیدی لەسەر تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان، ناوچەکە و جیهاندا دروست کرد. لەسەر ئەو بانگەوازە، ئێمە وەک گەل و بزووتنەوە کەوتینە ناو قۆناغێکی نوێی تێکۆشانەوە. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٧ ساڵە لەناو مەرجەکانی گۆشەگیریدا، خەریکی تێکۆشان و خەباتێکی بێوچانە بۆ ئەوەی زەمینەی تێکۆشانی دیموکراتیک بڕەخسێنێت. بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ڕێگەی دیالۆگ و یاسایی چارەسەر بکات، خاوەن هەوڵ و پێداگرییەکی مەزنە. بە دەسپێشخەریی ڕێبەرایەتی، بزووتنەوەی ئازادیی کوردیش زۆر هەنگاوی مێژوویی نا و بە هەستیارییەکی گەورەوە جوڵایەوە. تا ئێستا ئەوەی کەوتووەتە سەر شانی بزووتنەوەکە و گەلی کورد، ئەنجام دراوە. وەک بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، لە هەموو مەیدانەکاندا پێشەنگایەتی ئەو قۆناغەمان کردووە. بەڵام ئەرکی سەرەکیی ئێمە وەک بزووتنەوە و وەک گەل، مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. کۆمەڵگەی ئێمە تەنها بە ڕێکخستنی خۆی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەتوانێت ئەرکی سەردەمی خۆی جێبەجێ بکات. پەرەپێدانی چالاکییەکان بۆ ئازادیی ڕێبەرایەتی لە هەموو کاتێک گرنگتر و ژیانیترە.
ڕێبەرایەتی هەموو کات و دەرفەتی خۆی بۆ ئازادیی گەل تەرخان کردووە، بەڵام مەرجەکانی ئێستا ڕێگە نادەن ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی وەک سەرەکیترین دانوستانکار لە چارەسەری پرسی کورددا بگێڕێت. تا ڕێبەرایەتی لەو مەرجانەی ئیمرالیدا بێت، پرسی کورد بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر نابێت و ئاشتی و ئازادییش بەردەوام نابن. بۆیە مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم قۆناغە، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەبێت “مافی هیوا” بێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێت و هەنگاوی یاسایی بنرێت. وەک بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، بانگەوازمان بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، تێکۆشانمان دەگەیەنینە بەرزترین ئاست.
وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا وتی: “قەندیل گەلی ئێمەیە، ئێمە هەرگیز گەلی خۆمان بە تەنیا جێناهێڵین”، ئێمەش لەو مەیدانەی نەورۆزەوە دەڵێین: ئەم نەورۆزە، بەهاری ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە. لەم ساڵە نوێیەدا دەڵێین: ئێستا کاتی دیداری مەزنمانە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ. گەلی کورد گەلی نەورۆزە، نەورۆزیش سیمبولی ئازادی، بەرخودان و نوێبوونەوەیە؛ ئێمە ئەمە بە ئازادیی ڕێبەرایەتی تاجدار دەکەین.
گەلی ئێمە لە باشووری کوردستان هەمیشە لە بەرامبەر سیاسەتی پارچەکردن وەستاوەتەوە و لە ژێر هەر بارودۆخێکدا لە تەک گەلی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بووە.
کاتێک پێویست بووە بە چەک لە سەنگەرەکاندا شەڕی کردووە، یان بە گۆرانی و هونەرەکەی ورەی بە تێکۆشان بەخشیوە، یان بە ملیۆنان لە شەقامەکاندا پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە. ژنانی کورد بە هۆنراوەی پرچیان دەنگی خۆیان گەیاندە هەموو جیهان. لە دوایین هێرشەکانی چەتەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە منداڵەوە تا پیر بە دروشمی “کوردستان یەکە، گەلی کورد یەکە” بوونە سیمبولی ڕوحی یەکێتیی نەتەوەیی. دیمەنی نەورۆزی قەندیل گوزارشتە لەو دروشمە. لەم سەردەمە مێژووییەی تێیدا دەژین، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک گرنگییەکی ژیانیی هەیە. یەکێتیی ئێمە پاراستنی بەها و بوون و جوگرافیایمانە. بۆیە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و یەکێتیی نەتەوەیی بە بنەمای سەرکەوتنی ئاشتی دەبینین.
نەورۆزی قەندیل بووەتە نەریتێک و سیمبولی یەکێتیی نەتەوەیی. ساڵانە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ژێر چەتری قەندیلدا یەکێتیی خۆیان نیشان دەدەن. گەورەترین وەڵام بۆ داگیرکەران لە مەیدانی نەورۆزی قەندیلەوە دراوە. قەندیل نیشانەی تێکشکاندنی ئەو سنوورانەیە کە بەسەر خاکی کوردستاندا کێشراون. پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردیش بەپێی هەڵوێستی گەل بجوڵێنەوە و بەرژەوەندیی حیزبی بخەنە لاوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پاراستنی گەلی کورد بکەنە ئەولەویەت. ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی ئازایانەی نا، ئێمەش شوێنکەوتەی ڕێبازی ئەوین.
لە تێکۆشانی ئازادیی کورددا، ژنان هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوە بوون، لە سەنگەرەکاندا شەڕیان کرد، لە زیندانەکان بەرخودانیان کرد و بە ئاگری گیانیان مەشخەڵی نەورۆزیان گەشاوەتر کرد. بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانمان بپارێزین، دەبێت هێزمان یەکبخەین. وەک ژن ئێمە پێشەنگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکین، بۆیە دەبێت زیاتر لە هەموو کات بەرپرسیاریەتی هەڵبگرین.
گەنجانی تێکۆشەری کوردستان کە لەم مەیدانەدا ئامادەن، دەبێت ئەم ساڵە بکەنە ساڵی ئازادی و سەرکەوتنی یەکجاری. گەنجان پێشەنگن و باوەڕمان وایە هەر گەنجێک دەبێتە شوێنکەوتەی ڕێبازی “ئەحمەد هێمین”. نەورۆز لە هەموو گەنجانی تێکۆشەر و وڵاتپارێز پیرۆز دەکەین.
وەک کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان، جارێکی تر نەورۆزی ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی و جەژنی ڕەمەزان لە هەموو بەشداربووان پیرۆز دەکەین، با بە ڕوحی نەورۆزەوە خۆمان ڕێکبخەین. لەم بەهارەدا، تێکۆشانمان دەکەینە بەهاری ئازادیی گەلی کورد و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.
بە هەڵمەتی “ئێستا کاتی ژنە”، دەڵێین: ئێستا کاتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، ئێستا کاتی یەکێتیی نەتەوەییە.
بژی نەورۆز
بژی ڕێبەر ئاپۆ
ژن، ژیان، ئازادی
٢١ی ئازاری ٢٠٢٦
کۆردیناسیۆنی KJK